كۆتایی ویلایەتی فەقهـ لەعێراق

20/01/2020

رێبین عومەر

لەدوای كوژارنی قاسم سولێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس، ناكۆكی نێوان ئەمریكا و ئێران گەیشتە لوتكە، عێراق وەك چاوەڕوان ئەكرا بووە ئەو شوێنەی كە هەردوولا ململانێی تیدابكەن، بەوهۆیەوە كە جەنگ لە كەناری دەوڵەتی عێراق نزیك بووە خۆپیشاندانەكانی بەغداد و پارێزگاكانی باشور كپبوونەوە، رەوتی شیعە لە عێراق دەیویست سود لە چركەساتی قوڵ بوونەوەی ململانێكانیان لەگەڵ ئەمریكا وەرگرێ و سۆزی خەڵك بەدەستبهێنێت.... بەڵام ئەوە روینەدا بەڵكو خەڵك زۆرتر لەپێشتووتر رەق ئەستورتر بوون بەرامبەر ئەو هێزە سیاسیانەی حەڤدە ساڵە كۆنترۆڵی عێراقیان بەدەستەوەیە.

شەقامی عێراقی چاوی لەوەیە دۆخی باشتربێت ئەوان چیتر نایەوێت عێراق لە دەستی ئەو گروپە میلیشایانەبێت كەسەر بەئێرانن و ناشیانەوێ وڵاتەكەیان ببێتە بەشێك لەجەنگی ئیران و ئەمریكا لە قوڵ بوونەوەی ناكۆكییەكانی ئەو دوولایەنە دەركەوت كە عێراق بەلای ئێراندا دایئەشكێنێتەوە هەر لەبەر ئەوەش لەو چەند هێرشەی كە روویاندا هیچ لایەكیان سەروەری عێراقیان نەپاراست.

گەڕی دووەمی ناڕەزاییەكان
ئێستا بۆ دووەم جار شەقامی توەڕە لە عێراق هێزی بۆگەڕاوەتەوە ئاگری ناكۆكییەناوخۆییەكان زیاتر سەریان كێشاوە، لە زۆرێك لە پارێزگاكانی باشور خەڵك بۆڕێگریكردن لە كردنەوەی فەرمانگەكانی میری دەرگای فەرمانگەكانیان بەلەحیم داخستووە.

خۆپیشاندەران لە بەغداد و نۆ پارێزگای باشور سەرباری روو بەڕووبونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و بەردبارانكردنیان ستراتیژی داخستنی رێگەی نێوان شارەكانیان گرتۆتەبەر ئەوان لە كوشتن ناترسن لەمردنی خۆیان سڵناكەنەوە بەڵكو دەیانەوێ لایەنی كەم ئەم حكومەتە بەخواستی شەقامی توڕەی عێراقی دروستبكرێت و دووركەوێتەوە لەدەستی ئەو حزبە سیاسیانەی كە حەڤدە ساڵە نغرۆی گەندەڵی بوون.

خەڵكی عێراق لەوە گەیشتووە كە ئایندەیان بەدەست مەرجەعیەت و لایەنە شیعییەكان باشتر نابێت بەڵكو لە پێشتر ژیانیان خراپتردەبێت.

كۆتایی حكومڕانی ناوەند
ئەگەر گەڕی دووەمی خۆپیشاندانەكان كۆتایی بە سیستمی سیاسی بهێنێت لە عێراقدا ئەوا دووبارە عێراق بەجۆرێكیتر دروستدەبێتەوە كە هەیمەنەی زۆرینەی شیعە تێیدا باڵانابێت بەڵكو جۆرێك لە دابەش بوون لە پرۆسەی بەرێوبردن لە نێوان كورد و سونە و شیعە لە عێراق بەپراكتیكی دروست دەبێت، چۆن لە 2003 كورد توانی ئەزموونی خۆی بەفیدراڵی بگەیەنێت، رەنگبێت ئەم جارە هێزە كراوەكانی سونە و شیعە بیانەوێت بگەنە پڕۆژەكەی بایدن و هەرێمە سەربەخۆكانی خۆیان دروست بكەن، ئەوان كەسەرتا دابەشبوونیان رەت ئەكردەوە ئێستا گەیشتوونەتە ئەوباوەڕەی ناوەند گەرای لە عێراقدا دادیان نادات و حكومەت لە ناوەندەوە خێرو بێرەكەی بەوان ناگات، شیعە لە بەصرە و سونە لە ئەنباری هەوڵی جدیان هەیە بۆ ئەوەی لایەنی كەم بەو دەسەڵاتانە بگەن كە دەستور بەهەرێمی كوردستانیداوە و هاوشێوەی هەرێم چەند هەژموونێكیتری فیداڵی لە عێراق دروست بكەن، لەودۆخەدا رەنگبێت بەدابەش بوون سنورو دەسەڵات تائەندازەیەك كەف و كوڵی توڕەی خەڵك دامركێتەوە.

ئەگەر ئەوەش روونەدا ئەوا عێراق هاوشێوەی ساڵی 1975ی وڵاتی لوبنان تێكەڵی شەڕێكی قوڵی ناوخۆی دەبێت كە دواجار بەرەو شەڕی هەرێمی و شەڕی بەركەوتنی بەرژەوەندییە گەورەكان سەرئەكێشێت و خۆی و دەوروبەرەكەشی لەناو دەبات.

رێبین عومەر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی