موزایەدە كردن بەسێ ساڵی داهاتوو

21/01/2020

سەرتیپ وەیسی

هێشتا سێ ساڵ ماوە ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان تەواو بێت، كۆمەڵێك هەرزە پەرلەمانتار، هەستاون بە موزایەدەكردن لەسەر وەرنەگرتنی موچەی خانەنشینی داهاتوو، لەكاتێكدا ئەو رەتكردنەوەیە لە ئێستادا لەرووی قانونی ئیعتیباری نییە و لەرووی مەنتقیشەوە دروست نییە، لە ئێستاوە قسە لەسەر بابەتێك، بكەی كە هێشتا كاتی نەهاتووە و ئەگەری هەیە گۆڕانكاری بەسەردابێت.

بۆچی ئەو موازەیەدەكردنە زیادەیە؟
چونكە:
* بەپێی یاسای بەركارەكانی پێشووی هەرێم و بەغداش، پەرلەمانتار دەیتوانی لە كۆتایی تەوابوونی چوار ساڵی كاری پەرلەمانتاری، راستەوخۆ بچێتەوە سەر كارەكەی؛ واتە تۆماتیكی خانەنشین نەدەكرا و دەستبەردار دەبوو، نمونەی فرسەت سۆفی لە خولی رابردوو داوای كرد بچێتەوە سەر كارەكەی پێشووی.

*حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا، " یاسایی خانەنشینی یەكگرتووی هەرێم" رەوانەی پەرلەمان دەكات، بۆیە جارێ نازانرێ خانەنشینی پلە باڵاو پەرلەمانتاران دەمێنێت، یاخود نا؟ كە ئەو یاسایەش دەرچوو ئیتر نە ئەو فۆڕمەی بە نیازی پڕیبكەیتەوە و نە ئەو مادە و برگەیەش تایبەتە بە خانەنشینی پلە باڵا، هیچ ئیعتیبارێكی نابێت و كاری پێناكرێت، یاسایی خانەنشینی شَیوازێكی دیكە وەردەگرێت.

* لەرووی یاسایەوە پەرلەمانتار دەتوانێت دەستبەرداری خانەنشینی بێت، بەڵام هێشتا سێ ساڵ ماوە دەكرێت لەماوەی ئەو سێ ساڵە داوای هەڵوەشانەوەی ئەو فۆڕمەیە بكات، كە پڕیكردۆتەوە، مافی خانەنشینی لەرووی شەرع و یاساشەوە حەقی میراتگریشە، ئەو دەتوانێت داوای خانەنشین بكاتەوە هەركاتێك بیەوێت.

* خاڵێكی دیكە جارێ یاسایی چاكسازی پێویستی بەوەیە لەماوەی 15 ڕۆژدا لەسەرۆكایەتی هەرێم پەسەندبكرێت، دوای ئەوەش لە ڕۆژنامەی وەقائعی كوردستان بڵاوبكرێتەوە، دواتریش 60 ڕۆژ دانراوە بۆ جێبەجێكردنی و دەركرنی پەیڕەو ، تاوەكو ئێستاش سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هیچ فۆڕمێكی ئامادەنەكردوە لەوبارەیەوە، ئەسڵەن زۆربەی راوێژكارە یاساییەكانی ناو پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمان، پێیانوایە زیادكردنی ئەو بڕگەیە، لەرووی یاسایەوە هەڵەیەكی گەورەبوو، هەندێ لە فراكسیۆنەكان دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بە هەڵەدا برد، ئەگەر نا ئەو فۆڕمە پێویستی نەدەكرد، ئەو پەرلەمانتارەی كە باوەڕی بە وەرگرتنی موچەی خانەنشینی نەبوو، دەیتوانی دوای تەوابوونی ئەم خولەی پەرلەمان راستەوخۆ بچێتەوە سەر وەزیفەكەی.

* پەرلەمانتار ئێستا كە مانگانە (8 ملیۆن و 200 هەزار) دەچێتە سەر حساب بانكی، لەماوەی چوار ساڵ دەكاتە بە نزیكەی( 400 ملیۆن) دینار، ئەی بۆچی باسی ئەوەناكات و موزایەدە لەسەر داهاتوو دەكات ؟!!

موزایەدە چییەكان ئەگەر ئەوەندە بەو پارەیە نا مورتاحن، ئەی بۆچی ئێستا مانگانە هەشت ملیۆن وەردەگرن و لە گوندی ئیتاڵی و ناز سیتی دادەنیشن مورتاح نین؟!!!

بۆ قسە لەسەر شتی ئێستا ناكەی؟ بۆچی باسی موزایەدە لەسەر سێ ساڵی داهاتوو دەكەی؟

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی