محەمەدیش لە جەعفەر باشتر نابێت!

09/02/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لە دامەزراندنی بەغدادی پایتەختی عێراقەوە، ئەو کێشە مەزهەبی و تائیفییەی کە جەعفەری مەنسوور بەگواستنەوەی شوێنی بەغداد لەنەجەف و دواتر کەربەلاوە بۆ شوێنی ئێستای، نەیتوانی تێپەڕێنێت و کۆتایی پێبهێنێت، چیدی بەئاسانی تێناپەڕێت و کۆتایی نایەت.

لەسەردەمێکی زۆر جیاوازدا لەئێستا، جەعفەری مەنسور ویستی تەنها شارێک ناوبنێت (مەدینە ئەلسەلام) بۆی نەکراو نەیتوانی خەونەکەی بهێنێتەدی. لەئێستادا ئەوە چی یاریکردنێکی دیماگۆچییە ئێمە پێمانوابێت سەرۆکوەزیرانێک هێزێکی سیحری دێنێت لەگەڵ خۆیی و وڵاتێک بەو گەورەیی و بەو هەموو کێشەوە بەرەو ئاشتی ئاراستە دەکات؟

دۆخی عێراق ئەگەرچی زۆر جەنجاڵ و فرە کێشەو تونێلی پیلانگێڕییە، بەڵام لەلایەکیشەوە دۆخێکی ئاسانە بۆ قسە لەسەر کردن. ئاسان بەو مانایەی ڕووداوەکانی عێراق بەدرێژایی مێژوو بەرهەمی یەک مەنبەعی مەزهەبی و مێنتاڵێتی خێڵەکییە و ناکۆکییەکانیش لەم وڵاتەدا لێکەوتەی ئەو دوو پێکدادانە مەزهەبی و نەتەوەییەیە.

ئەگەرچی ئەم پێکدادانە مەزهەبییە مێژوویەکی جوانی نییە، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیش لەعێراقدا و بەتایبەت دەسەڵاتی بەعس بەدیاریکراوی لە ساڵی 1969ەوە بۆ 2003 خزمەتێکی خراپی ئەم ناکۆکییە کردو درزی نێوان هەردوو جەمسەرە دینییەکەی چڕترکردەوە، بۆیە لەدوای ساڵی 2003یشەوە ململانێکە پێینایە قۆناغێک هیچ سەرکردەیەکی ناوخۆیی و هیچ وڵاتێکی دەرەکی ناتوانێت کۆتایی بەو ناکۆکی و ململانێیە بهێنێت.

بە وردبوونەوە لەهەوڵەکەی جەعفەری مەنسوور بۆ بازدان و تێپەڕاندنی ناکۆکی شیعی ــ سوننی و لەبەرامبەردا ئومێدێکی نوێ بۆ دۆخێکی نوێ لەعێراق کە ناوی (محەمەد تۆفیق عەلاوی)یە، بەڕاستی نیشانەی لاوازی زاکیرەی تاکی عێراقییە بەگشتی ئەگەر هیوا لەسەر دەرکەوتنی محەمەد عەلاوی هەڵبچنن.

محەمەد عەلاوی هەرگیز ناتوانێت ببێتە جەعفەری مەنسوورو جوڵەیەکی گەورە بکات لەپێناو لەعێراقێکی نوێدا. محەمەد تۆفیق بەبێ دەستبەکاربوون دەبێت چاوەڕێی ماڵئاوایی خۆی بکات. چونکە محەمەدیش لەجەعفەر باشترنابێت بۆ عێراقییەکان.

عێراقییەکان دەرفەتە باشەکەیان لەدەستدا کە ئومێدی سەردەمێکی جیاوازی ! لێدەکرا کە ئەویش عادل عەبدولمەهدی بوو، عێراقییەکان بە لەدەستدانی ئەم دەرفەتە گەڕایەوە سەرەتایەکی دژوارو ناڕوون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە