سیاسەتكردن لەلای كورد

15/02/2020

رەعد رەفعەت

نزیكەی مانگێكە محمد توفیق عەلاوی راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، لەو چەند رۆژەی كۆتایی وپێش راگەیاندنی كابینەكەی حزب وفراكسیۆنە كوردیەكان بەخۆكەوتونە وبەشێوەیەكی زۆر لاواز لەهەوڵی بەشداریكردنن لە كابینە نوییەكه وتازە بڕیاریانداوە بەم نزیكانە شاندێكی كوردستانی لە پێكهاتەی هەموو حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بچنە بەغدا بۆ دانووستان لەگەڵ حكومەتەكەی عەلاوی. ئەم بابەتە بەو چەند خاڵانەی خوارەوە دەخەمە روو:

یەكەم: كە تۆی كورد دەستت نەبوو لە لادانی عادل عەبدول مەهدی –بەڵكو تا كۆتا قۆناخیش هەر پشتگیری مانەوەیان كرد- لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، نابێت ئێستاش چاوەڕێ بكەیت رۆڵت هەبێت لە دانانی جێگرەوەكەی.

دووەم: حزب وفراكسیۆنە كوردیەكان لەجیاتی دانانی پێشمەرجی دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد بێت لە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، هەر حزبەو‌ خەمی بەدەستهێنانی پۆستە لە كابینە نوێیەكە. حزبێكیان مەرجی ئەوەیە دەبێ وەزیرە كۆنەكانی دابنرێتەوە یان وەزیری حزبی نوێ لەجیاتیان دابنرێت، حزبێكیان داوا دەكات ئەو پۆستانەی كە پشكی كوردن لە بەغدا لە نێوان لایەنە كوردستانیەكاندا دابەشبكرێن و هەرلایەنێكیش بەپێی قەبارەی وسەنگی خۆی پشك وەربگرێت.

سێیەم: هەروەكو پیشەی جارانیان، حزبەكان -كار گەیشتۆتە ئەوەی‌ پەرلەمانتاری كوردیش بە تاكی- بەجودایی وپەنهانی وبەدزەدزە گفتوگۆ دەكەن لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو. بەڵام كاتێك هەردوو حزبی دەسەڵات باریان لار دەبێت داوای یەكڕیزی ویەك هەڵوێستی دەكەن لە حزبەكانی تر. ئەوە جگە لەوەی ناوەڕۆكە راستەقینەكەی مفاوەزات وداوایەكانیان بەنهێنی دەهێڵنەوە وتا بكرێت لە خەڵكی دەشارنەوه، مەگەر لە میدیا عەرەبی وجیهانیەكان شتێكی لێ ئاشكرابێت.

چوارەم: لاوازی ئەو حزب وفراسیۆنانە بە ئاشكرا رەنگی داوەتەوە لە شێوازی دانوستانەكانیان. حزب هەیە عەلاوی تەنها نوێنەری خۆی بۆ سەرۆك ومەرجەعە‌كەی ناردوە، فراكسیۆن هەیە بەنامەی سۆشیال میدیا بەڵێنی ناردنی موچەی فەرمانبەر وپێشمەرگەی لێوەرگرتوە، بەرپرسی باڵای حزب هەیە تەنها بە تەلەفۆنێك پشتیوانی لە حكومەتەكەی عەلاوی دەكات بەمەرجێك مافە دەستووری و داراییەكانی كورد تێیدا پارێراو بێ.

جێگای تێرامان وسەرسوڕمانە لە ووڵاتان بەڵكو لە عێراقیش، متمانە نابەخشرێتە كابینەی حكومەت تا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كارنامەكەی نەخاتەروو كە بەرنامەی ووردی حكومەتەكەی تێدابێت وسەقفی زەمەنی دیاریكراوبێت بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكان. بەڵكو دەبێ حزبەكان جێدەستیان دیاربێت لە نوسینەوە ودارشتنی كارنامەی حكومەتەكە، ئەمەش بە پرۆسەیەكی دانوستانی دورو درێژ و ورد كەچەندین پسپۆر وخاوەن ئەزمون تێیدا بەشدار دەبن نەك بەنامە وتەلەفۆنێك متمانە ببەخشیتە حكومەتێك كەنازانی چی لەهەگبەیدایە.

رەعد رەفعەت


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی