کورد لە کارنامەکەی عەلاوی

25/02/2020

هیوا سەید سەلیم

 لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئاشکراکردنی ناوی کابینە وەزاریەکەی، بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بکات، عەلاوی کارنامەی کابینەحکومیەکەی ئاشکراکرد، کارنامەکە وەک ئەوەی ڕایگەیاندووە بریتیە لە چوارچێوەی گشتی بۆ حکومەتەکەی،موحەمەد تۆفیق عەلاوی، کە لە سەرەتای مانگی شوبات لەلایەن سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح، راسێردراوە بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی کابینەی عادل عەبدولمەهدی، کە دووەمیان لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران ناچارکرا دەست لەکار بکێشێتەوە، کارنامەکەی لەسەر دوو تەوەرەی سەرەکی هەڵوەستەی کردووە:


 یەکەمیان بریتیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاک و ئازاد بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوری دووەمیش بریتی دەبێت لە چاکسازی حکومی.
 ئەو دوو تەورەی کارنامەی عەلاوی، زێدەتر بۆ رازیکردنی داخوازیەکانی شەقام داڕێژراوە، بەوەشیان دەردەکەوێت کە کابینەکەی عەلاوی، کابینەیەکی راگوزەرە و ئەرکە سەرەکیەکەشی بریتی دەبێت لە رەخساندنی زەمینەی هەڵبژاردن بە میکانزمی تازە کە بریتیە لەو کۆمسێۆنەی کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی بە یاسایی هەمورکراوی هەڵبژاردن پێسپێردراوە.
کورد تا نووسینی ئەو وتارەمان دیارنیە کە پشتیوانی لەو کابینەیە دەکات یان دەنگی بۆنادات و بایکۆتی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێەران دەکات، رۆڵی لە کارنامە وەزاریەکە تەواو فەرامۆشکراوە، هەروەها هیچ یەک لە تەوەرەکانی کارنامە وەزاریەکەش تایبەت نەکراون بە کێشەکانی نیوان هەڕێم و ناوەند.


کە باس لە کورد دەکەین، دەبێت ئەوەش بڵێین کە وێڕای ئەوەی هەوڵی زۆر لە ئارادایە کە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانیەکان بە یەکڕیزی مامەڵە لەگەڵ کابینەی عەلاوی بکەن، بەڵام گومانی ئەوە هەیە کە لە کۆتایدا درزبکەوێتە نێوانیان و هەموویان تا سەر یەکهەڵوێست نەمێنن.
تا ئێستا لایەنە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان (پارتی ویەکێتی)  کێشەیان لەگەڵ عەلاوی بریتیە لە میکانیزمی دیاریکردنی وەزیرە کوردەکان، نەک کارنامە وەزاریەکە، کە دووەمیان بۆ کورد گرنگترە، بۆ ئەوەی هەرێم پێداگری لەسەربکات نەک ئەوی کێ و چۆن وەزیر کاندیددەکرێت؟
لە رابردوودا کاتێکدا  کورد باشترین نوێنەری ناردۆتە بەغدا، وە زۆرترین کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی هەبووە، هەمیشە کێشەکانی لەگەڵ ناوەند بریتی بووە  لە پابەندنەبوونی هەردوولا  یان لایەنێکیان بە کارنامەی حکومەت،  یان ریکەوتنامە دوو قۆڵیەکان، چونکە کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند بە روونی وە بە نووسراو لە کارنامە و رێکەوتننامەکان ئاماژەیان پێنەدراوە.
لە تەواوی کابینەکانی رابردووی دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی باشترین کارنامەی هەبووە، بە تایبەت ئەو لێکتێگەیشتنەی کە تایبەت بە نەوت و مووچە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ساڵێ ٢٠١٩ ئەنجامی دابوو.
 بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی تووشی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی کرایەوە، کورد باشترین سەرۆک وەزیرانی لە بەغدا لەدەستدا، کە لێرەدا دەتوانین بڵێین بەشێکی ئۆباڵێ فشارەکانی سەر عەبدولمەهدی دەکەوێتە ئەستۆی هەرێمی کوردستانیشەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێین کابینەکەی عەلاوی بەو کارنامەی کە بڵاویکردۆتەوە، وە بەو شێوازەی کە هەڕێمی کوردستان دانوستانی لەگەڵ دەکات، پێناچێت شتێکی تازەی بۆ کورد پێبێت، جگە لەوەی ناوەند لەسەر حسابی هەرێم بەهێزتردەکاتەوە، ئەگەر کێشەی زیاتریشی بۆ درووست نەکات.







ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی