ئەوکاتەی جیاوازیەکان نامێنن مامەڵە لەگەڵ کێ دەکرێت؟

26/02/2020

ئەحمەد حاجى رەشید


یەکێک لە و جیاوازیانەی کە زەرورە هەبێت لە ناو هێزە سیاسیەکاندا بریتیە لە دیدگای سیاسی جیاواز ، بەواتایەکی دیکە دیدگای سیاسیە هێزەکان لەیەکتر جیادەکاتەوە لە هێزێکی ڕادیکاڵەوە بۆ هێزێکی میانڕەو ، لەهێزێکی کۆنزێرڤاتیف بۆ هێزێکی کراوە ،لەهێزێکی ئایدیولۆجی بۆ هێزێکی کۆمەڵەلایەتی ،لەهێزێکی نەتەوەیی بۆ هێزێکی ئومەمی ،لەهێزێکی پاوانخواز بۆ هێزێکی ئازاد و دیموکراسی و .....هتد.

دیدگای جیاوازی هێزەکان وایانلێدەکات لەئاست بابەتە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی ومەزهەبی و نەتەوەیەکاندا کردار و هەڵوێستی جیاوازو هەندێجاریش پەرچەکرداری جیاوازیان هەبێت، لەهەمان کاتدا دیدگای جیاوازە دەبێتە بەرنامەی جیاوازو سترایژی جیاواز و حکومەتی جیاوازو یاسای جیاوازو خزمەتگوزاری جیاواز و دەرئەنجام کۆمەڵگەش بەم جیاوازیانە دەتوانین چاک لەخراپ جیا بکاتەوە و چاکان پاداشت بکات و خراپەکارانیش سزا بدات، گەشەی فیکری کۆمەڵگەش لەو ساتەوە دەست پێدەکات کەنوخبەی سیاسی بتوانێت ئەو جیاوازیانە شرۆڤەبکات و بە ئاڕاستەیەکی تەندروست ڕێگەی نیشانبدات.

بەڵام کاتێک هێزە سیاسیەکانی ئێمە بە بچوک و گەورەیانەوە ،بەئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیانەوە ،بە ئۆپۆزسیۆنی سلبی و ئیجابیانەوە، بە هیزی ئیسڵامی و سێکۆلاریانەوە ،بە هێزی نەتەوەیی و ئومەمیانەوە، بەهێزی ئایدۆلۆجی و کۆمەڵایەتیانەوە، بەکۆنزێرڤاتیڤ و کراوەیانەوە هەمان هەڵوێستیان هەیە لە مەڕ هەموو ڕوداوەکان ،هەندێجاریش کێبڕکیانە لەسەر بابەتێک کەلە بنچینەدا ئەو هێزە لەبونیەی فیکریدا دژە بەو ستراتیژو بۆچونە.

کاتێک بابەتێکی نەتەوەیی باس دەکرێت هەموان نەتەوە پەرست و نەژاد پەرستێکی زۆر تۆخیان لێبەرهەم دێت، هەموان بەیەک خیتابی سیاسی قسەدەکەن بەیەک وەفد بەشداری دەکەن بەهەمان بەیاننامە ڕای خۆیان دەردەبڕن
خۆ ئەگەر بابەتەکە بۆنەو موناسەبەیەکی ئاینی بێت هەموان دەبنە پۆست ئیسلامی هەندێکیشیان تێی دەپەڕێنن لەئیسلامیەکان زیاتر گرنگی بەبابەتەکەدەدەن ،

کاتێکیش بابەتی هەڵبژاردن دەست پێدەکات تەواوی بەرنامەی حیزبەکان بەشێوەیەک لەیەک دەچێت ئەگەر مانشێت و لۆگۆی پارتەکانی لەسەر نەبێت نازانرێت بەرنامەی کام پارتی سیاسیە، بەمەرجێ هەموو پارتێکی سیاسی سوور دەزانێت کە پێگە جەماوەریەکەی بواری ئەوەی ناداتی حکومەت پێک بهێنێت و بەرنامەی هەڵبژاردنیش واداناڕێژێت کە ئاماژە بدات بەوەی ئەوە بەرنامەی ئەو دەبێت ئەگەر بەشدار بوو لە حکومەت .

کاتێک حکومەت پێک دەهێنرێت ،هەموان بەرنامەو دیدگاو ستراتیژو هەڵوێستەکانیان لەبیر دەچێت ، هەم و غەمیان دەبێت بە پشک لەو حکومەتە ،نەبۆ خاتری ئەوەی ئەو پارتە سیاسیە لەڕێگەی ئەو وەزارەتەوە کادری بەتوانای هەیە و دەتوانێت خزمەت بکات ،بەڵک و ئەو وەزارەتە گەورەترین سەرچاوەی داهاتە بۆ ئەو لایەنە سیاسیە، بەقەولی بەڵێندەرەکان (نان لە فڵان پرۆژەدایە.....).

لەئێستادا پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەئارادایە ، بە پێچەوانەی دونیاوە دەویسترێت حکومەتێک پێک بهێنرێت کە وەزیرەکانی سەر بەپارتە سیاسیەکان نەبن یان دەکرێت سەربەلایەنی سیاسی بن بەڵام ڕاستەو خۆ پارتە سیاسیەکان کاندیدیان ناکەن ، لانی کەم بۆ ئەوەی وەلائی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت لەگەڵ وەزارەتەکەی ، قیامەت هەستاوە و کوردو سوننە بەهیچ شێوەیەک قبوڵیان نییە ، خۆشیەکەی لەوەدایە ئەو پارتە سیاسیانەی کە سوور دەزانن وەزیریان بەرناکەوێت هەر داکۆکی لە پشکی ئەوانە دەکەن کە وەزیریان بەردەکەوێت ،ئەمە ئەگەر بە ڕاستەو خۆش نەبێت بەناڕاستەو خۆ ڕاستە چونکە بەبەڵگەوە دەڵێم چەند کۆبونەوەی هاوبەش کراوە دوهێندە کۆبونەی ژێر بەژێری دولایەنەو تاک لایەنە کراوە بۆ دانانەوەی وەزیرە پێشوەکان و دانانەوەی وەزیری حیزبی لە پارتە دیارەکانی هەرێم.

بۆیە لەبەر نەمانی جیاوازی لە دیدگاو بەرنامە و هەڵوێستەکاندا:

دەوڵەتە بیانیەکان و سەفارەت و ڕێکخراوە بیانیەکان و نێو دەوڵەتیەکانیش تەنها مامەڵە لەگەڵ دوو پارتی سیاسی دەکەن بە تەسەلسول یەکەم و دوەم .

هێزو قەوارە سونییەکان تەنها مامەڵە لەگەڵ دوپارتی سیاسی دەکەن ،بەرژەوەندییان لای ئەوانە.

هێز و قەوارە شیعیەکانیش تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەوە لایەنە دەکەن کە بەئاشراو بە ڕاشکاوی هاوپەیمانیان بێت ،لای گرنگ نییە کێ چی دەڵێت و چی ناڵێت ، کێشەی ئەوەیش نییە کام هەڵوێستە شەرمەزاریە و کام هەڵوێستەش شکۆمەندییە ، گرنگ ئەوەیە کام بڕیاڕ لەبەرژەوەندی خۆی بێت بەبێ سڵمینەوە دەیدات و کێش بەدڵی نییە با تێر ئاوی سارد بخوات.

لەڕاستیشدا ئەوەتان بۆ سەلما کە کاتێک جیاواز بوون چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن .
بۆیە چی تر گلەیی ئەوە مەکەن بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێوە ناکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی