مەلا ھەڵۆكان.. مۆدێلێكی تازە لە پیاوانی دین

27/02/2020

مەریوان قانع

لە ماوەی ڕابردوودا مەلا ھەڵۆ دوو سوكایەتی گەورەی بەرامبەر ژمارەیەكی ھێجگار گەورە لە مرۆڤ لە كۆمەڵگای ئێمەدا كرد. یەكەمیان ”بە گەواد“ ناونانی ھەموو ئەوانەی ژن و كچ و دایكیان بێحیجاب دەچنە دەرەوەی ماڵەكانیان بۆ ئەنجامدانی كار و دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانە. دوای ئەوەش بە سۆزانی ناونانی یەكێك لە دەزگا رەسمییەكانی سیستمی خوێندن لە ھەرێمدا، پەیمانگەی ھونەرە جوانەكان، و بە سۆزانی ناونانی ئەوانەی لەوێدا دەخوێنن و كاردەكەن. خاڵی سەرەكیی لە ھەردوو باسەكەدا مەسەلەی لەشە، لەشی ژن، لە یەكەمیاندا لەشی ژن لە دۆخی دانەپۆشراویدا، لە دووھەمیاندا لەشی ژن لە دۆخی سۆزانیبووندا.

لە خەیاڵی مەلا ھەڵۆ و ھاوشێوەكاندا، كە لە كۆمەڵگای ئێمەدا لە گەشەكردن و زۆربووندان و تا دێت ڕۆڵێكی ترسناكتر دەبینن، لەش بە گشتیی و لەشی ژن بە تایبەتی لەشێكی سێكسیی و شەھوانییە. مرۆڤ خۆشی بوونەوەرێكی جنسییە و بابەتی سەرەكیی ژمارە یەك لە ژیانیدا، سێكسە. ئەمەش وادەكات چالاكی ژمارە یەكی مرۆڤ لەناو مێژو و جیھاندا چالاكی ئیغراكردن و فریودان بێت. لە خەیڵی ئەم مۆدێلە نوێیە لە ”پیاوی دین“ لە كۆمەڵگای ئێمەدا، لەشی ژن لە لەشی پیاو سێكسیتر و فریودەرترە، و بە زۆر مانا ژن خۆشی لەوەدەخرێت خودێكی عەقڵانیی و بیركەرەوە و بەرھەمھێن بێت، بەڵكو كورتدەبێتەوە بۆ لەشێكی فریودەر و بۆ بنووەوەرێكی ئیغراكەر. لەم دیدەدا شتێك لە ژیانی ژندا بوونی نییە و بوونی نابێت، جگە لە ئیغراكردن و فریودان.

دەرەنجامی ئەم بە سێكسیكردنەی كەسایەتی پیاو و ژن، یان كورتكردنەوەی مرۆڤ بۆ ڕەھەندە جنسییەكەی بەتەنھا، ھاوشانە بە بە یەكسانكردنی لەش وەك ھەڵگری ھەموو گوناھەكان و ھەموو تاوانەكان و ھەموو لادانەكان لە پاكیی، لە دین، لە موقەدەس. ھاوشانە بە پێشنیاركردنی لەشێكی ئەلتەرناتیڤ و جئگرەوەی ئەم لەشە گوناھبارەش: ”لەشی دینیی“. ”لەشی دینیی“ لە فۆرمە سەلەفیەكەیدا ئەو ئەلتەرناتیڤەیە ئەمانە پڕوپاگەندەی بۆدەكەن و بەرگرییلێدەكەن. دیدێكیش بۆ ئەخلاق سەروەردەكەن تیایدا لەسەرێكەوە جنس وەك ھێزێك بۆ بەدڕەوشتیی و حەیاچوون وێنادەكەن و لەسەرێكی دیكەوە دین وەك ڕێگرێك لەبەردەم ئەو بەدڕەوشتیی و حەیاچوونەدا وێنادەكەن.بەمەش ھەم تێگەیشتن لە ئەخلاق و ھەم لە دین بە تەواوی سنووردار و ترسناك دەكەن.

وێناكردنی لەش وەك سەرزمینی ئیغرائات و فریو، كورتكردنەوەی پەیوەندییە ئینسانییەكان بۆ پەیوەندیی سێكسیی بەتەنھا، لەسەروی ئەمانەشەوە وێناكردنی كۆمەڵگا وەك ماڵێكی گەورەی پڕ سۆزانیی، ئەو ژێرخانە سایكۆلۆژییەیە كە ئەم مۆدێلە تازەیە لە مەلای سەلەفیی ئاراستەدەكات. ئەم سایكۆلۆژیا شێواوە لە ھەموو شوێنێكدا ھەڕەشە لە دین و لە خودا و لە پێغەمبەرەكانی دەبیننن و بە ئەركی خۆیان دەزانن بەرگریی لە خودا بكەن. بۆیە ”لەشی دینیی“ وەك تاقە لەشێك نمایشدەكەن كە بتوانێت لەم ”بەحری گوناھ“ و لەم ”سۆزانیبوونە گەردونیی“ە و لەم ”گەوادیی خانە گەورەیە“ ڕزگارمانبكات.

خەلەلە سەرەكییە لای كەسانی وەك مەلا ھەڵۆ بەر لەوەی خەلەل بێت لە فیكر و بیركردنەوە و بەرخوردا، خەلەلە لەم خەیاڵ و سایكۆلۆژیا بیمارەدا. مەلا ھەڵۆ و ھاوشێوەكانی ھەڵگری فۆبیا گەورەن كە لە فۆرمی فۆبیا لە لەش، لە ژن، فۆبیا لە ھەموو شتێك لە خۆیان نەچێت، بەرجەستەیە. ئەمانە ھێندەی كۆمەڵێك بیماریی دەرونین و پێویستیان بە چارەسەری سایكۆلۆژیی ھەیە، ئەوەندە كەسانێك نین لەناو ڕووبەری گشتیدا وەك نوێەری دین یان نوێنەری ھەرشتێكی تر قسەبكەن. لە یەككاتدا ھەم پێویستیان بە سەرلەنوێ پەروەردەكردنەوە ھەیە، ھەم بە چارەسەریی دەرونیی.

مەریوان قانع

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی