خەڵك لە نێوان جەلالی و مەلاییدا

22/03/2020

مەجید ساڵح

جەلالی و مەلایی، وەك دوو نەهجی كاركردن نەك وەك فكر و ئەندێشە، لە ژێر ناوی دیكەدا رەگوریشەیان دەگەڕێتەوە بو سەردەمی ئەمیرنشینەكانی كورد لە سەدەكانی ناوەڕاست بەدواوە، بەڵام لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە بەرگێكی بە روواڵەت ئایدۆلۆژیدا خۆیان بەیان كردەوە، بەبێ ئەوەی نەهجی كاركرنیان كە هەر هەمان نەهجی ئەمیرەكانی كورد كە بریتی بوو لە یەكتر كوشتن و ئیقسا كردن و پەنابردن بۆ بێگانە و ناوناتۆرە لەیەك نان بگۆڕن...

ئەم نەهجە لە كاركردن، بە درێژایی شەست ساڵی رابردوو زیانێكی بەشەری و مادی و سیاسی و ئابوری و لەسەرووی هەمویشیەوە لێكترزانێكی گەوەرە كۆمەڵایەتی نەك هەر ئەم بەشەی كوردستان، بەڵكو بەشەكانی دیكەی كوردستانیش داوە..  خودی مام جەلال زۆر بەرپرسیارانە لە چەندین بۆنەو وتاردا باسی لەو زیانانە كردوە..

هەردوو حزب، ئەگەرچی موشتەرەكاتی سیاسی و ئابوری و تەنانەت فكری و كۆمەڵایەتیشیان هەبووە و هەیە، بەڵام موبادەرە و هەوڵەكانی مام جەلالی لێ دەرچێت، زۆر بەدەگمەن كاریان كردوە بۆ لەبیركردنی رابردووی خوێناویان و هەڵدانەوەی لاپەڕەیكی سپی..

بگرە لە رێگەی ئەدەبیات و میدیا و كۆڕ و كۆبوونەوەكانیانەوە دایم برینەكانیان كولاندوەتەوە و ناهێڵن سارێژ ببێت.. 

ئەوەی جێگەی داخە ئەم كاركردن و بیركرنەوە نەوە بە نەوە دەگوازرێتەوە و  كۆمەڵگای كوردیان بەشێوەیەكی  زەق لە نێوان خۆیاندا دابەش و پارچەپارچە كردوە و هەر نزیك بوونەوەیك لە نێوانیاندا دروست ببێت جەماوەرەكەی خۆیان بە خیانەتی دەزانن و رویان لێ وەر دەگێڕن و ناچار بە لێكترازانیان دەكەنەوە...

ئەوانەی پەروەردەی جەلالیزمن، نزیك بوونەوەی نەك هەر سەركردە و  حزبەكەی خۆیان لە پارتی بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن، بەڵكۆ رێگە بە خۆیان دەدەن مۆری خیانەت بدەن لە هەر حزب و سەركردەیەكی دیكەش لە كە گەڵ پارتیدا دانیشتن و رێكەوتن بكات.

لەولاشەوە مەلاییەكان (پارتی)، پێیان وایە هەر سازش و دانوساندنێك لە گەڵ جەلالییەكان (یەكێتی) و هاوشێوەكانیان، یان هەر نزیك بوونەوەیكی لایەنەكانی دیكە لە یەكتر دەبێتە لاوازبوونی پارتی و خیانەتیشە لە رێبازی بارزانی.

رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بیركرنەوەیە زیاتر دەچەسپێ، بەەتایبەت دوای ئەوەی هەردوولا بوون بە خاوەنی دەیان كەناڵی میدیایی و هەزاران پەیج و ئەكاونت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، لە ئێستاتدا لە جەنگێكی میدیاییدا هەردولا بە هەموو هێزێكیانەوە ئیش لەسەر سڕینەوەی یەكتری و نەهێشتنی خاڵە هاوبەشەكان دەكەن.. لەولاشەوە موخابەراتی وڵاتانی نەیار بە كورد و كوردستان، دەستەوەستان دانەنیشتوون و لە قوڵكرنەوەی ناكۆكییەكاندا رۆڵی ئەسپەكەی تروادە دەبینن..

دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵات لە هەردوو حزبدا بە تەواوی كەوتوەتە دەستی كەسانێك كە كەمتر پێشینەی شەڕی براكوژیان هەیە، ئومید دەكرا كۆتایی بەم ئەقڵیەتی یەكتر سڕینەوەیە بهێنرێت، بەلام  هەواڵە بە پەلەكانی كەناڵەكانیان پێمان دەڵێن لەوە ناچێ ئەوانە دەرسیان لە ناسۆر و نەهامەتیەكانی شەڕی یەكتر كوشتن بینیبێت..

كۆمەڵگایی ئیمە شەكەت و ماندوو بووە لە شەڕ بە هەموو جۆرەكانیەوە، ٢٩ ساڵ تەحەمولی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامان و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی هەردوولای كردوە... 

ئیتر بەسیەتی... ئەم چاو لەیەكتر سوركرنەوە و كۆمەڵگا لە دڵەراوییەدا هێشتنەوەیە، تاكو كەی؟!

كەی رەوایە لەبەر حیمایەیەكی داماوی بێكەسی وەزیرێك كە خیری بو خانەخوێكەی خۆی نەبووە، هەرەشەی هەڵگیرسانی شەڕ لەیەكتری بكەن..

چاوێك لە سەركردە گەنجەكانی وڵاتی (رەوەندا) بكەن لە ئەفریقا، چۆن دوای شەڕێكی خویناوی، رابردویان لە گۆڕ نا و پێكەوە وڵاتەكەیان كردوەتە پێشكەوتوترین وڵاتی ئەفریقایی و لەسەر ئاستی جیهانیش دەیەمین ئابوری گەشە سەندوو..

بەسییەتی تاكەی لەبەكوشتدان‌و برسی كردن و هەژاركردنی خەڵك ماندوو نابن؟

مەجید ساڵح

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی