ئاخرین شه‌ڕه‌ " شه‌ڕی مانه‌وه‌ "

23/03/2020

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

له‌ ئه‌مه‌ریكا داوا له‌ 75 ملیۆن هاوڵاتی ده‌كرێت له‌ ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌ ،ئه‌و ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی یه‌ك له‌ سه‌ر سێی دانیشتوانی ئه‌مه‌ریكایه‌ ، له‌ ئیتالیا داوا له‌ 16 ملیۆن كه‌س ده‌كرێت خۆیان كه‌ره‌نتینه‌ بكه‌ن " چله‌ كێشی بۆ كورد زۆر له‌ باره‌ " ئیتالیه‌كان شه‌ست ملیۆنن ، ئه‌وه‌ش زیاتر له‌ یه‌ك له‌ سه‌ر چواری دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ ، ئۆهانیش نزیكه‌ی سێ‌ هێنده‌ی  هه‌رێمی كوردستان حه‌شیمه‌تی كه‌ره‌نتینه‌ كرد له‌زۆر وڵاتی تریش ئه‌و ڕێ‌ و شوێنه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر ، لوقمان غه‌فوری هاوڕێمان له‌ نوسینێكدا ده‌ڵێت "له‌ خراپترین حاڵه‌تا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین ئه‌م په‌تایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم 5 ملیۆن بێت ، ئه‌وه‌ 400 كه‌س گیان له‌ ده‌ست ئه‌ده‌ن و ئه‌وانی تر باش ده‌بن" ، هیوام وایه‌ ده‌كه‌سیش گیان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن ، به‌ڵام ئێستا ئیتر په‌تاكه‌ له‌ ده‌رگای هه‌موومانه‌ ، له‌ 29ی 1 له‌ وتارێكا نووسیم ده‌رگاكانیش دابخه‌ین له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ دێت ، هات كه‌واته‌ ده‌بێت گوێ‌ له‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی بگرین و گه‌ر بتوانرێت له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌رنه‌چین یان كه‌مترین ده‌رچونمان هه‌بێت له‌ كاتی پێویستا .


دكتۆره‌كان ، كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ، ئه‌وانه‌ی دێنه‌ سه‌ر تیڤیه‌كان و قسه‌مان بۆ ده‌كه‌ن ، ده‌بێت جگه‌ له‌ رێنمایی و ئاگادار كردنه‌وه‌ ره‌چاوی باری ده‌رونی و دۆخی گشتی و كاردانه‌وه‌ی تاكه‌كان بكه‌ن ، تا ده‌كرێت پێم بڵێ‌ بترسه‌و ئاگادار به‌ ، به‌ڵام مه‌متۆ قێنه‌ ، یانی رێنماییه‌كانت به‌ شێوازی ئه‌و په‌نده‌ بێت ، كه‌ شیرینی لێده‌بارێت ، ئه‌وه‌ی ده‌توانێ‌ ماریش رامبكات ، نه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی تر ، هه‌موو پابه‌ند ده‌بین ، ئێوه‌ش بزه‌و خۆشه‌ویستی ببه‌خشنه‌وه‌ ، تین و تاو به‌و جۆره‌ زیاد ده‌كه‌ن كه‌ پێمبڵێی ده‌ستدان له‌ پشكۆكه‌ ده‌ست ده‌سوتێنێ‌ نه‌ك هه‌موو جه‌سته‌ ، منیش باشتر تێده‌گه‌م.

ره‌نگه‌ دۆخی ده‌رونی خه‌ڵكی كوردستان له‌ دۆخی ده‌رونی هه‌موو خه‌ڵكی دنیا جیاواز تر بێت ، لانی كه‌م له‌وێ‌ حكومه‌تێك ئومێدیان پێده‌به‌خشێت ، ناڵێ‌ موچه‌ نیه‌ ، ناڵێ‌ ناتوانم هیچ بكه‌م به‌و مانایه‌ی ته‌نانه‌ت ئینته‌رنێت و كاره‌باو ئاویش به‌ به‌رده‌وامی و به‌ خۆڕای ناگه‌یه‌نێته‌ هاونیشتمانی ، هه‌ڕه‌شه‌ی توندیش ده‌كات ، هه‌ندێك له‌ داخی هه‌ڕه‌شه‌كه‌ ناجۆری ده‌نوێنن .


ره‌چاوی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ بكه‌ن ، كه‌ له‌م وڵاته‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ ره‌نگه‌ تووشبوون به‌ هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌  دروست بووبێ‌ ئه‌مه‌ نه‌كفره‌ نه‌تاوان ، ده‌كرێت شێوازی وتن و ئامۆژگاریه‌كان به‌ جۆرێك بن كه‌س بریندار نه‌كه‌ن ، ئه‌و زنجیره‌ به‌نده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌ ئاسانی ناپسێ‌ ، ده‌كرێت  بیر له‌ رێگه‌یه‌كی تر بكه‌نه‌وه‌ ، ترسم نیشان ده‌ به‌س به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئاشنا بم به‌ ناسینی ترس نه‌ك بترسم ، كه‌س واز له‌ خۆشه‌یستی  دایك و باوك وهاوسه‌رو مناڵ و  خوشك و براو كه‌س و كار ناهێنێ‌، ده‌كرێت شێوه‌یه‌كی تری ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ بدۆزینه‌وه‌ ، پێویستمان به‌ یه‌كه‌ ، پێویستمان به‌ مانه‌وه‌یه‌ .


ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ له‌ سه‌ر ئاستی دنیا زۆرترین خه‌ڵك له‌ ناودات ، با ئێمه‌ له‌وانه‌ بین كه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ ، نه‌ك له‌وانه‌ی كه‌ له‌ ناو ده‌چین .