کۆرۆناو پۆست کۆرۆنا

24/03/2020

ئازاد بەرزنجی

لەکۆتایی ساڵی پارداو وەک زەنگی هۆشیارییەکی خەتەرناک، ڤایرۆسێک کە نەک هەر بە چاو نابینرێ، بەڵکو دەبێ چەند هەزار جارێک گەورە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ببینرێ، لەناکاوداو بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک، لەناوجەرگەی تاریکییەکەوە سەریهەڵدا، تاریکییەک کە دەشێ بەرهەمی چاوچنۆکی و بەدکارییەکانی مرۆڤ بێت. لێرەشدا مەبەستمان لەو زلهێزو دەسەڵاتدارانەی دونیایە، کە چیتر "مرۆڤ" چەقی بایەخپێدانیان نییە، نەخێر، بەڵکو ئەوەی چەقی گرنگیپێدانیانە، زیاترو زیاتر برەودانە بەتەکنۆلۆجیاو بەرهەمەکانی، تا ئەو ڕادەیەی ئەو گرنگیپێدانە لەڕادەبەدەرە، هێندەی خودی "ئامێر"و جۆرەکانی جێبایەخێتی، یەک لەسەر سەدی ئەوە "مرۆڤ" و تەندروستیی مرۆڤ جێبایەخی نییە. 

لەئێستاداو لەجەنگەی ئەم کێبڕکێ تەکنۆلۆجییە و گرنگیدانەدا بە ئامێرەکان و بازاڕی ئامێرەکان، مرۆڤ چووەتە پەراوێزەوە و وەکو "شت" یان "شمەک"ێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ. زلهێزەکان و خاوەن ئابوورییە بەهێزەکانی دونیا، نایانەوێ چیتر مرۆڤ بیر لە "مرۆڤبوون"ی خۆی بکاتەوە و لەڕێی بازاڕێکی "نامرۆیی"ی خاڵی لە هەموو پرنسیپێکی مرۆیی و ئەخلاقییەوە و بەبیانووی دروستکردنی بەهەشتێکی تەکنۆلۆجییەوە بۆیان، دەیانەوێ مرۆڤەکان و خەونەکانیان لە بازاڕ و ئامێرە تەکنۆلۆجییەکاندا قەتیس بکەن. ئەوە نییە ئامێرەکان جێی هەستونەستی مرۆڤەکانیشیان گرتووەتەوە؛ بە "ئیمۆجی"یەک گوزارشت لە سۆز و هەست و خۆشەویستیمان بۆ یەکتر دەکەین؟ ئەوە نییە چیتر پێویست ناکات پشت بە توانا ئەقڵی و هزریەکانمان ببەستین و بە "کلیک"ێک یان پەنجەنان بە دوگمەیەکدا، یان لەڕێی ڕیمۆت کۆنترۆڵێکەوە، دەتوانین زۆر کار ئەنجام بدەین؟ ئامێر و خێرایی ئەنجامدانی کارەکان، بووەتە دینی هاوچەرخی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، تا ئەو ڕادەیەی مرۆڤەکان خۆشیان بوون بە ئامێر و خەریکە وەکو ڕۆبۆتیان لێ دێت.

هەروەها ئەمڕۆ ئەوەی لە سەرەوەی بەرنامەی دەوڵەتە بەهێزەکانی جیهاندایە، کۆکردنەوە و بەدەستهێنانی داتایە لەسەر مرۆڤەکان، نەک باخدان بە مرۆڤەکان خۆیان. بۆیە شەڕ و کێبڕکێی داتاش، شەڕێکی گەورەی تری نێوان ئەو دەوڵەتانەیە، کە دواجار باجی هەموو ئەمانەش، مرۆڤەکان دەیدەن، چونکە ئامانج لە کۆکردنەوەی ئەو داتایانەش، زیاتر کۆنترۆڵکردن و جڵەوکردنی مرۆڤەکان و ژیانیانە.

ئەم ڤایرۆسە ئەگەر زادەی ململانێی ئابووریی نێوان زلهێزەکان و کۆمپانیا گەورەکان و سەرمایەدارانی جیهان بووبێت، یان لەهێکڕا پەیدا بووبێت، ئەوا ئەمە هیچ لەو هەقیقەتە کەم ناکاتەوە کە لەسای ئەم سیستمە جیهانییەی سەرەتا ناوی لێ نرا سیستمی نوێی جیهان و دواتریش "جیهانگیری"، ئەگەر سەنتەری بایەخپێدانی "مرۆڤ" بووایە، نەک شەڕی ئابووری و سیاسی و بازرگانی و تەکنۆلۆجی، ئەوا نەک گورزەکانی کۆرۆنا لە مرۆڤ بەم شێوە ترسناکە نەدەبوو، بەڵکو دەیان نەخۆشی و پەتای تریش، کە ڕۆژانە هەزاران قوربانیان هەیە، چارەسەریان بۆ دۆزرابووەوە.

هەروەها قوربانیانی ئەم کێبڕکێ و ململانێیە، دەیان کارەساتی تری لێ کەوتووەتەوە، هەر لەو قەیرانە ئابووریانەی کە بوونەتە مایەی قاتوقڕی و برسێتی و ڕۆژانە ژیانی هەزاران ژن و مناڵ و پیر و لاو هەڵدەلووشێت، تا نەبوونی ڕاژەی تەندروستی و پیسبوونی ژینگە و هتد...

من پێم وایە ئەم دۆخە تراجیکەی کۆرۆنا هێناوێتییە ئاراوە، ڕاستە باجەکەی گران دەکەوێت و قوربانیی زۆر دەبێت ، لێ دواجار مرۆڤ، لەڕێی زانستەوە چارەسەری بۆ دەدۆزێتەوە، بەڵام کۆمەڵێک پرسیار بۆ دوای خۆی دەرووژێنێت، کە پێویستە بخرێنە بەر لێکۆڵینەوە و توێژینەوەوە، لەوانە:

1- ئایا ئەو وانانە چین کە کۆرۆنا فێرمان دەکات؟
2- ئایا کۆرۆنا وا لە مرۆڤ ناکات دونیابینیی بۆ ژیان و بۆ مرۆڤ و بۆ گەردوون بگۆڕێت؟
3- کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر ئەخلاقی مرۆییمان و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێک پرنسیپی ڕۆحی و ئێستاتیکی لای مرۆڤ چی دەبێت؟
4- ئاخۆ دەسەڵاتە جیهانییەکان و دەسەڵاتە خۆجێییەکان(لەنێویشیاندا حکوومەتی هەرێم) وا لێ ناکات چاو بە سیاسەت و بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕاژەیی تەندروستیی خۆیاندا بخشێننەوە؟
5- ئاخۆ وا لە ویژدانی بەرپرسان و سەرمایەداران ناکات چاوێک بەو سەرمایەی خۆیاندا بخشێننەوە و بیخەنە خزمەتی کۆمەڵگاکانیان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە، لەکاتێکدا ڤایرۆسێکی نەبینراوی وەکو کۆرۆنا، هیچ جیاوازییەک لەنێوان مرۆڤەکاندا ناکات و دەشێ ئەوانیش بۆ خۆیان و سەرمایەکانیانەوە ڕاپێچ بکات.

دواجار، دەمەوێ بڵێم کە کۆرۆنا بەتوندی لە غروری مرۆڤی دا و برینێکی قووڵی تیا دروست کرد. هەروەها دەڵێم ڕاستە قوربانیانی کۆرۆنا زۆرن، بەڵام قوربانیانی پیسبوونی ژینگە و ئاووهەوای زەویش، بەدەست کۆمپانیاکان و بەرهەمە تەکنۆلۆجییەکانەوە، گەر زۆرتر نەبن، کەمتر نین. تۆ بڵێی کاتی ئەوە نەهاتبێت زەویش پشوویەک بدات؟ چونکە بە هەمووان ئاوەکەیان لیخن کردووە وەکو سوهراب دەڵێت:

بائاوەکە لیخن نەکەین:
پێئەچێ لەوخوارە کۆترێ ئاو بخواتەوە
یان لە بێشەیەکی‌ دوورا، ڕەنگاڵەیەک پەڕی‌ بشوا
یان لە ئاواییەکا، گۆزەیەک پڕ بکرێ لەئاو

با ئاوەکە لیخن نەکەین
پێئەچێ ئەم ئاوە زوڵاڵە، بچێتە قەد سپیدارێ
تا خەمی‌ دڵێک بڕەوێتەوە
ئەشێ دەستی‌ دەروێشێ نانێکی‌ وشکی‌ پێ تەڕکا

وا ژنێکی‌ شۆخ هاتە ڕۆخی‌ ڕوبارەکە
با ئاوەکە لیخن نەکەین:
جوانیی‌ ڕوخساری‌ دوو هێندە بووە

ئەم ئاوە چەند ڕەوانە!
ئەم ڕوبارە چەند زوڵاڵە!

بەپەلە