ڕێکەوتن یان قۆناغێکی نوێی شەڕ ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان


لە ماوەی زیاتر لە سێ حەوتووی ڕابردووی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێراندا، هەرجارەی سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا ئاماژەیێکی لێڵ لەمەڕ وادەی کۆتایی ئەو شەڕە فڕێدەدات، ئەو بابەتە دەبێتە جێی ڕامان و باس و خواسی گەرمی ناوەندەکانی میدیا و لە نێو لێکۆڵەر و شڕۆڤە کاراندا بەگشتی مانا و هێمای ئەو قسانە زیاتر وەک نزیک بوونەوەی کاتی دومایی ئەو جەنگە لێکدەدرێتەوە .

هەرچەندە ڕەنگە ئاسان نەبێت ئاخاوتنە سەیر و سەمەرەکانی تڕامپ کە هەر جارەو بەبارێکدا دەکەون سەرەدەریان لەگەڵدا بکرێت؛ بەڵام، بە لێ وردبوونەوە لە ڕابردوو زیاتر وەک گەمەیەکی سیاسی بۆ کڕینی کات و هەڵخەڵەتاندنی لایەنی بەرامبەر دەبینرێن، بۆیە بە بڕوای بەندە سەرنج خستنە سەر سروشت و تایبەتمەندی و ئامانجەکانی ئەو شەڕە لەبری گوفتارە لەسەرقەلەفەکانی(لەق) دۆناڵد تڕامپ ڕەنگە بەرچاوڕوونی زیاتر لەبابەت کاتی کۆتایی ئەو شەڕە بەدەستەوە بدات .

دیارە پێوانەکردنی ئەو شەڕە لەسەر بنەمای "بردنەوە و دۆڕان"ی لایەنە شەڕکەرەکان بە تەنها، ڕەنگە پێوەرێکی گونجاو و بەجێ نەبێت و ئەنجامی خوێندنەوەیێکی شیاو و دروست بە دەستەوە نەدات، چونکە پانتایی و مانای ئەو شەڕە فراوانترە لەوەی دەبینرێ و بەشێکە لەو باهۆزی هەڵکردووە و هەرجارەی هەر جارەی ڕوو لەشوێنێک دەکات، کۆی وڵاتانی ناوچەکەی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆی و چاوەڕێ دەکرێت هاوسەنگی هێز بگۆڕێ و گۆڕانکاری گەورەی جوگرافیایی بەدوای خۆیدا بێنێت .

سەرباری کوشتنی ڕێبەر و سەرکردەکانی ئێران، لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئاسمانی وڵات، لەناوبردنی هێزی دەریایی و زۆربەی ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە کە زوو زوو تڕامپ ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵام ڕوونە کە هێشتا ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل لەو شەڕەدا وەدی نەهاتوون، کە خۆی لە "ڕێگریکردن لە چەکی ناوەکی و دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، تێکشاندنی ژێرخانی سەربازیی و لەناوبردنی دامەزراوە موشەکیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لاوازکردنی گروپە بریکارەکاندا دەبینێتەوە .  ئەوە جگە لە ئامانج گەلێکی دیکەی تایبەتی هەریەک لەو دوو وڵاتە، کە لە سەرووشیانەوە کردنەوەی گەرووی هورمز دێت، کە لەئێستادا وەک ڕێڕەوێکی ستراتیژیی ئاویی گرفتێکی گەورەی بۆ بازرگانیی جیهانیی دروست کردووە و پێشبینیی دەکرێت هەندێک لە وڵاتانی دیکەش پەلکێشی ناو ئەو جەنگە بکات. بۆیە بە هەموو پێوەرەکان سەرباری لێدوانە تاکتیکیەکانی تڕامپ پێناچێت ئەو جەنگە لە دۆخی ئێستادا کۆتایی پێبێت، ڕەنگە زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرێت درێژە بکێشێ و لەجیاتی ڕێکەوتن قۆناغێکی نوێی شەڕ بەدوای خۆیدا بێنێت

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی