ئەم جیاوازییانە بۆ؟

25/03/2020

نزار جەزا

ڕێژەی پشكنینەكان لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەولێر جیاوازی زۆری تێدا بەدیدەكرێت، كە بەم جۆرەی خوارەوە بەڕێژە دیاریمكردووە:

لەسەدا 69ی توشبووەكانی هەرێمی كوردستان لەپارێزگای سلێمانین، بەڵام تەنها لەسەدا 26.7ی پشكنینەكان لەپارێزگای سلێمانی ئەنجامدراون.

لەسەدا 29ی توشبووەكان لەپارێزگای هەولێرن، بەڵام لەسەدا  59ی پشكنینەكان لەپارێزگای هەولێرن.

تائێستا لەهەرێمی كوردستان 2 هەزار و 184 پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجامدراوە.

سلێمانی 67 توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە، بەڵام تەنها 584 پشكنینی تێدا ئەنجامدراوە.

هەولێر 28 توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە، بەڵام هەزار و 293 پشكنینی تێدا ئەنجامدراوە.

دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی زیاترە لەپارێزگای هەولێر بەجۆرێك، دانیشتوانی هەرێمی كوردستان زیاترە لە 7 ملیۆن و 283 هەزار ، كە نزیكی دوو ملیۆن و 83 هەزار كەس لەپارێزگای سلێمانییە و زیاتر لەملیۆنك و 986 كەس لەپارێزگای هەولێرن.

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی جیاوازی ڕێژەی پشكنینەكانەوە  لە 15ی ئازاردا، ڕایگەیاند، ئەو پشكنینانە لەسەنتەری شارەكاندا ئەنجامدەدرێت، و ڕۆژانە جیاوازی دەبێت لە ژمارەی پشكنینەكان بەگوێرەی بوونی كەسانی گومانلێكراو و هاوڵاتییانی كەرەنتین كراو.

كەوابێ ئەگەر كەمتەرخەمی لەتەندروستی سلێمانییە و پشكنین كەم ئەنجامدەدەن، هیوادارم چارەسەر بكرێت، ئەگەریش لەهەولێر پشكنینی ناپێویست ئەنجامدەدرێت، هیوادارم وەزارەتی  تەندروستی چارەسەری ئەم گرفتە بكات، ئەگەریش شتێكی دیكە هەیە، هیوادارم پارێزگای سلێمانی یان وەزارەتی تەندروستی ڕوونكردنەەی زیاتر لەسەر ئەم جیاوازییە بدەن.

ئەم سەرنجە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ڕێژەی توشبوون لە هەر شوێنیك زۆربوو، ڕێژەی پشكنینەكانیش زیاترە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان ئەمە نابینرێت، لەكاتێكدا سلێمانی زۆرترین سنووری لەگەڵ ئێران هەیە و زۆرترین توشبووی تێدا تۆماركراوە و بەوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی سلیمانی نۆ هەزار كەس لەڕێگەی سلیمانییەوە لەئێران گەڕاونەتەوە بۆ هەرێم و كەرەنتین نەكراون.

لەكۆتاییدا دەڵێم هەموو شارەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان  خۆشەویستن، هەر كوردێك لەهەر كوێیەكی جیهان توشی ئەم پەتایە ببێت ئازاردەرە بۆمان.

نزار جەزا


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی