زۆرینەیەك‌ بەستەم ڕازی بێ كۆیلایەتی بۆ دز بكات پارەی بۆ چییە؟

26/03/2020

سۆران عومەر

لەم كاتەدا كە من دەڵێم پارە هەیەو بۆ میلەت نیە، كۆیلەی وا هەیە قەرزی كردووە بۆ نانی ئێوارە بەڵام بەرگری لەوە دەكات كە وایلێكردووە و دژی ئەوانەیە كەلانی كەم دزی لێناكەن !

بەڵێ پارە هەیە، لە 2014 بڕی 12 ترلیۆن دیناریان لە بانكەكان دەرهێنا ئێستەشی لەسەر بێ ناڵێن چی لێكرا ! درا بەمووچە؟ حاشا لە 2014 چوار مانگ بەغدا پارەی نارد لە 2015 دیسان چوار مانگ بەغدا پارەی نادر ئەوكات 4 موچەیان نەدا! دواتر 12 ملیار دۆلاریان لەموچە بڕی بەپاساوی ئەوەی بەغدا بەشە بودجەی نەناردووە كەلەوكاتەدا بەهۆی شەڕی داعشەوە دەستیان بەسەر نەوتی كەركوك دا گرت و مانگانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكیان دەفرۆشت!

ئەم حوكمڕانێتیە لە 2014 ەوە پرۆژەی ڕاگرتووە پارەی بەڵێندەران و كۆمپانیاكانی بردووەو نەیداونەتەوە، خەرجی كەم كردۆتەوە، داهاتی ناوخۆی بەنایاسایی زیاد كردووە، بزنسی خۆیان زیادی كردووە، لە شەڕی داعشەوە بۆ كۆرۆنا بزنسی هەردوو حزبی باڵا دەست زیادی كردووە كەمی نەكردووە، كەناڵەكانیان كەبەپارەی میلەت كاردەكات گرێبەست و داهاتی زیادی كردووە كەمی نەكردووە، گەشت و كەیف و سەفایان زیادی كردووە كەمی نەكردووە، مۆدیل و پارەی بانكەكانی دەرەوەیان و سەهمی كاركردنیان زیادی كردووە كەمی نەكردووە، پارە تەنها بۆ خەڵك نیە، خەڵك بەوانەشەوە كە ئەندام و لایەنگری حزبەكانیان و لەدەنگدان تەزویریان بۆ دەكەن!

بەكورتی پێیان دەڵێم پارەكانتان لەكوێیە :
لەبانكەكانی ئەڵمانیاو سویسراو ئەمریكاو بەریتانیا پارەیەكی خەیاڵی ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم هەیە، كوڕو كچ و دارودەستە تایبەتەكانیان پارەیەكی خەیاڵیان لەبزنسی گەورەدا هەیە كە شێخەكانی دوبەی و جدەی تێپەڕاندووە، بانكیان هەیە بۆ سپیكردنەوەی ئەو پارانە كەبردویانەتە دەرەوە.

بۆیە زۆر تێك دەچن كاتێك لەدەرەوە دەڵێی میلەتی كورد برسیەو حكومەت موچەی پێ نادرێ! چونكە ئەوروپی و ئەمریكی و بەریتانیەكان باش دەزانن پارەی ئەم سیاسیە باڵادەستانەی هەردوو حزب و حكومەت لەدەرەوە چەند زۆرە!

میلەت هێشتا بەرگری لەو دزە گەورانە دەكات كە 28 ساڵە قوتی دەبەن و فێڵی لێدەكەن بۆیە ئێمەومانان هیچێكی وامان پێ ناكرێ بەرامبەریان!

ئەوان خۆیان جورئەتی ڕوبەڕووبونەوەیان نیە لەگەڵمان ئەو حەشاماتە لەكۆیلەو بێ پارەی خەسێنراو بە خەتی فری دەخەنە بەرامبەرمان جنێو بدات بەئامانجی ئەوەی كۆمێنتەكەی بباتەوە لەتێ نانی پێ وەرگرێ!

پارە تەنها بۆ ئەوانە نیە كەبێ موقابیل ملكەچن و بەرگری لەدز دەكەن، پاسەوانی لەستەمكار دەكەن.

تا ئەم ساتەی لەسەر بێ نەكوڕی تاڵەبانی نەكوڕی بارزانی لەكۆمێنت دا وشەیەكی نەشیاوو جنێوێكی نەنوسیوە، بەسەر دیواری مەكتەب دا نەچووە بەناسنامەی تەزویر دەنگی زیادە بدات، تەقەی لەخۆپیشاندەر نەكردووە، چالاكوانێكی نەگرتووە، هەر كۆیلەو بێ پارەو چەورە بۆی كردوەن! ئەوانیش باش دەزانن برسیان بكەن و ئەوەشیان پێ بكەن و قبوڵیشیان بێ!

ئیدی ئەمانە پارەیان بۆ چییە؟ ئەوەی ئەمەی قبوڵ نیەو بۆیان ناكات كەمینەیە بووە بەقوربانی ئەو زۆرینە كۆیلەو بەرگریكارە لەستەمكاران.

سۆران عومەر


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی