نرخی فەردەیەك ئارد

29/03/2020

ئیبراهیم عەلی

وەزیری بازرگانی حكومەتی هەرێم ماوەی دوو هەفتەیە باس لەوە دەكات كە خواردنمان بەشی چەند مانگێك هەیە، بەڵام ئەم لێدوانەو لێدوانە هاوشێوەكانی نەیتوانیوە خەڵك لەكرینی كەل و پەلی زیادە بوەستێنێت. خەڵك ناحەقی نییە ئاخر جەنابی وەزیری بازرگانی ئەگەر خۆشت شارەزاییت لەبابەتی راگەیاندن نییە عەیبی تێدا نییە راوێژ لەكەسانی شارەزا وەربگری. سەیری ئەم وێنانە بكەن كە وەزیری بازرگانی بڵاوی كردووەتەوە كە سەردانی گەورەترین كیڵگەی هەڵهێنەری هێلكەی كردووە دڵنیام لەنیەتی خۆیدا كارەكەی بۆ ئەوە كردووە تا مەعنەویاتی خەڵك بەرز بێتەوە، بەڵام كە سەرنج لەوێنەكان دەدەی دەبینی بایی ماركێتێكی گەورە هێلكە لەو كێڵگانە نییە... ئاخر ئەمەیە وا دەكات هاوڵاتی بیر لەوە بكاتەوە بڵێت كۆگاكانمان خواردنیان تێدا نییە.

هەرچەندە بەر لەو وەزعەش كێشەی هێلكە لەبازاڕەكانی هەرێم هەبوو... بەڵام حكومەت بەوازارەتی كشتوكاڵ و بازرگانییەوە نەیتوانیوە كێشەی هێلكە چارەسەر بكات و نرخی هێلكە لە سێ هەزار دینارەوە بووەتە حەوت هەزار...

كێشەی ئارد یەكێكی دیكەیە لەكێشەكان... پاریزگاری هەولێر لەچەند لێدوانێكیدا هەڕەشەی لەو بازرگانانە كرد كە خواستی گرانكردنی كەل و پەلیان هەیە. بەڵام هەڕەشەكانی جەنابی پارێزگار نەیتوانیوە رێ لەگرانبوونی نرخ بگرێت بەتایبەت لەسەرەكیترین بابەتی رۆژانە ئەویش ئاردە.

دوو جۆر ئاردمان هەیە كە خەڵك بەكاری دەهێنێت و بەربڵاوترین جۆریی ئاردن... ئەوانیش ئاردی پەنجا كیلۆیی بەغدایە كە لەناو خەڵك بەئاردی بایەع ناسراوە. جۆری دووەمیان ئاردی بوشلەری توركییە.

بەر لەو قەیرانە فەردەیەك ئاردی پەنجا كیلۆیی بەغدا نرخەكەی ٢٢ هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەكەی بووە بە ٢٨هەزار دینارو بەزەحمەتیش دەست دەكەوێت.

بەر لەبڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا فەردەیەك ئاردی ٢٥كیلۆیی بوشلەری توركی لەلایەن كۆمپانیاكانی دابەشكردنی ئاردەوە بە ١٢ هەزار دەدرا بەماركێت و كۆگاكان ئەوانیش بە ١٣ هەزار دینار دەیانفرۆشت. بەڵام ئێستا كۆمپانیاكانی دابەشكردن بە ١٧ هەزار دینار دابەشی دەكەن و ماركێت و كۆگاكانیش بە ١٨ هەزار دینار دەیفرۆشن. واتە هەر فەردەیە ئاردی توركی نرخی سەدا ٤٥ بەرز بووەتەوە... 

دەوڵەتداری تەنیا زیندانكردنی خەڵك نییە بەڵكو دەبێت رێبگری لەوەی خەڵكی هەل پەرست نرخ بەسەر خەڵكی هەژاردا بەرز بكەنەوە...

ئیبراهیم عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی