بەڵێ دەتوانین نەیەڵین پێبکەنن

01/04/2020

عەزیز ڕەئووف

بەڵێ شتمان پێ دەکرێ، بەڵێ نایەڵین بەدڵی خۆتان پێبکەنن، دەتوانین خەوتان لێ بزڕێنین. کارەکە هەروا ئاسان نیە دەزانم، بەڵام دڵنیام ئاسان نیە ئێوەش هەروا بە ئارەزووی خۆتان تەمسیل بکەن و پێکەنینی سەر شاشە بشارنەوە، ئاسان نیە قوت و ژیانی خەڵک ببڕن و بۆتان بچێتە سەر.


بەڵێ هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە نەیەڵین پێ بکەنن، دڵنیام ڕۆژێک دێت دەبێ گریانی خۆتان ببینن، برسیکردنی خەڵک هەروا کارێکی ئاسانە؟ درۆکردن لەگەڵ خەڵک هەروا کردەیەکی سادەیە؟
هەنگاوی باشمان ناوە. زۆرینەمان پارلەمانە درۆ و هەڵبژاردنە ساختەکانمان بایکۆت کرد و لەماڵ نەهاتینە دەر. چونکە دەمانزانی بچینە سەر سندوقی دەنگدان یان نا، هیچ سودی نیە و خۆتان سندوقەکان پڕ دەکەنەوە و ئەنجامەکان دەسکاری دەکەن. زۆرینەمان پەنجەمان مۆر نەکرد تا وەک ئێستا تەریق نەبینەوە کە بوکەڵەی پارلەمان ببینین کە پێمان دەڵێ دەسەڵاتمان نیە و بەدڵنیاییەوە دەسکاری موچەکانتان دەکرێ.


ئەوە کەم نەبوو، ئەوە مەسجێک بوو ئێوە تێنەگەیشتن، شەرمێکی گەورەیە بەو دەنگە کەمەوە بەو هەموو تەزویر و ساختەکاریەوە بێنە سەر کورسی دەسەڵات و قەناعەت بە ئۆپۆزسیۆنی دەمهەراش بکەن کە چاکسازی دەکەن، ئۆپۆزسیۆنێک کە گەڕ و گول بووە ئەوەندەی درۆ کردووە ئەوەندەی پاکێج بەخشیوە و ئەوەندەی وەزیر و پارلەمانتار و مدیر عام و ڕاوێژکارەکانی لەژێرەوە لەگەڵتان ڕێکەوتوون.

بەرچاومان ڕوونە، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە بەیەک چاو تەماشای هەمووتان بکەین کە درۆتان لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا کرد، بەرچاومان ڕوونە، یەک هەنگاوی ترمان ماوە، ئەو هەنگاوەش دەبینن.
بەڵێ دەتوانین نەیەڵین پێبکەنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی