شاسوار عەبدولواحید پێویستە سور بێت لەسەر قسەكانی نەك پەشیمان بێتەوە

03/04/2020

كەمال چۆمانی

حكومەتی هەرێم و یەكێتیی و پارتیی، قەیرانی كۆرۆناڤایرۆس دەقۆزنەوە بۆ زیاتر كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگا و ناڕەزایەتیی سیاسیی. ئەوە تەنها لە هەرێمی كوردستان رونادات، لە زۆر شوێنی تری دونیاش. هەر بۆیەشە تا ئێستا هێمن مامەندی رۆژنامەنوس ئازادنەكراوە و رۆژنامەنوس هەرێم جاف بەكەفالەت ئازادكراوە و ئەمڕۆش فەرمانی دەستگیركردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرچوە.

دەستگیركردنی هێمن مامەند و بەكەفالەتكردنی هەرێم جاف و بڕیاری دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید بێمانان، پێشێلكردنی ئازادیی رادەربڕینە و هەركەسێكی ئازادیخواز دەبێت دژیان بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، شاسوار عەبدولواحید نابێت لە كۆمێنتێك پەشیمانبێتەوە كە خۆی نوسیویەتی. دەكرێ داوای لێبوردن لە خەڵك و خوێنەران بكات كە هەڵەیەكە بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام پەشیمانبونەوە لە كۆمێنتێك بێ داننان بە هەڵەكەی، كارێكی باش نییە بۆ كەسێكی سیاسەتمەدار كە پێیوایە كەس لەو "راستگۆتر و ئازاتر و ئازادتر" نییە. پێویستە شاسوار عەبدولواحید داكۆكیی لە قسەكانی بكات لە چوارچێوەی ئازادیی قسەكردندا، نەك پەشیمانبێتەوە لە قسەكانی. من بەتەواوی داكۆكیی لەوە دەكەم هەركەس ئازاد بێت بە شێوەیەكی ئازادانە رای خۆی لە مەسەلەكان دەرببڕێ. شاسوار عەبدولواحید بەڕونی ئاماژەی بەوە كردوە كە ئەوە رای خۆیەتی، لە كۆمێنتێكیش بوە نەك وتارێكی دورودرێژی میدیایی یان هەواڵ و راپۆرت، یان تەنانەت پۆستێكی فەیسبوكیش.

حكومەتی هەرێم نە ئەوە جاری یەكەمیەتی پێشێلی ئازادیی قسەكردن دەكات، نە دواجاریشی دەبێت.

ئازادیی رادەربڕین مافێكی دەستورییە، نابێت هیچ كەس دەست بۆ ئەو ئازادییە ببات. ئەوەی شاسوار عەبدولواحیدیش كردویەتی، تەنها رایەكە كە نایەتەوە لەگەڵ پێدراوە و راستییە زانستییەكان دەربارەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا. سەرۆكی ئەمریكا تڕامپ لەوە خراپتری گوتوە كە شاسوار گوتویەتی.

حكومەت و یەكێتیی و پارتیی، سەرەڕای ئەو هەمو میدیا پڕۆپاگەندەیییەی هەیانە، هێشتا لە كۆمێنتێك دەترسن كاریگەریی لەسەر وڵاتییان دروستبكات. ئەوەش ئەگەر هەر مانایەكی هەبێت، ئەوەیە كە بەڕاستی حكومەت و یەكێتیی و پارتییش تێگەییشتون كەس متمانەیان پێ ناكات و تەنانەت كۆمێنتێكیش دەتوانێت متمانەی وڵاتییان بە حكومەت و یەكێتیی و پارتیی زیاتر لەقبكات. پەشیمانبونەوەكەی شاسوار عەبدولواحیدیش، وا دەكات زیاتر وڵاتییان و دەنگدەرانی بەرانبەری متمانەی لەدەستبدەن.

كەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی