پارتی ڕۆژێك دەڕوخێت؟

19/05/2020

ئیبراهیم عەلی

هەموو دەسەڵاتێك كۆتایی هەیەو خاڵی دەستپێكی كۆتایی زۆربەی دەسەڵاتەكانیش گەیشتنیەتی بەلوتكە... مامەڵەی هێزە دەسەڵاتدارەكان ماوەی مانەوەیان لەو لوتكەیە دیاری دەكات.... ئێستا پێمان خۆش بێت یا نا پارتی لەلوتكەی دەسەڵاتدایەو سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری و پەرلەمان و ئاسایش و تەنانەت شارەوانییەكانیشی لەبەر دەستدایە... بەڵام ئەو لەبەر دەستبوونی دەسەڵاتانەش هەر وا ئاسان نەبووەو پارتی پلانی چەند ساڵەی هەبووە بۆ گەیشتن بەو ڕۆژە... پارتی بەپلان گەیشتووە بەم ڕۆژە بەڵام ئایا پلانەكانی چین بۆ بەردەوامیدان بەو دۆخە؟

ئەوەیان داهاتوو وەڵاممان دەداتەوە!.
پێچەوانەی ئەو بیركردنەوەیەی كە پێی وایە لەهەرێم دوو ئیدارەیی هەیە، ئەو دوو ئیدارەییە تەنیا لەروی سەربازی و ئەمنییە ئەگینا لەرووی داراییەوە پارتی كۆنتڕۆڵی دارایی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیشی كردووە. هۆكارەكان بۆ ئەو دۆخە زۆرن، ئێمە باس لەئەنجامەكان دەكەین نەك هۆكار.

بۆ بەردەوامیدان بەو دۆخە پارتی دەبێت پلانی ئاشكرای هەبێت بۆ رووبەرو بونەوەی ئەم دۆخە ناهەمووارە ئەگینا بەهەمان سیاسەتی پێشوو ئەستەمە ئەو دۆخە بەردەوام بێت. پارتی دەستو پەنجەی شل كردووە لەگەڵ ئەو جۆرە دۆخانە! چەندینجاری دیكە پارتی بەم شێوەیە خراوەتە چوارگۆشەیەك گوایە تەنیایەو هیچ هێزێكی لەدەور نەماوە. لەهەموو بارودۆخەكان پارتی بەقازانج لەدۆخەكە دەرچووە. دوو نزیكترین نمونەش هەوڵی هێنانە خوارەوەی مەسعود بارزانی لەڕێی پەرلەمان و چوونە یەك بەرەی تەواوی هێزەكان. نمونەی دووەمیش رووداوەكانی دوای ریفراندۆم و بەدوایدا ١٦ی ئۆكتۆبەر. لەدوای هەموو ئەوانە پارتی لەبری روخان و لەناوچوون ئەسڵەن بوو بەخاوەنی هەموو شتێك. وەك زۆرینەی پەرلەمانیو سەرۆكایەتی پەرلەمانو حكومەت و هەرێم و دادوەری.

ئێستا دووبارە لەم قەیرانی داراییەدا دیسان پارتی تەنیا هێڵدراوەتەوە وەك ئەوەی ئەم قەیرانە چەند ڕۆژێكی تر پارتی دەروخێت. پارتی دەتوانێت بەدووبارەكردنەوەی ئەزموونی رابردووی خۆی لەو گۆشەگیرییە رزگار بكات و جارێكی دیكە هەمووان بخاتەوە ژێر ركێفی خۆی. پارتی هەمووان دەناسێت، دوو پۆست دەدات بەیەكێتی و دوانیش بەگۆڕان ئیدی هەموو شتێك لەبەرژەوەندی خۆی كۆتایی دێنێت. بەڵام ئاستەنگی سەرەكی بەردەم پارتی نارەزایی شەقامە. بەڵام پارتی پێی وایە ئێستا شەقام بێ خاوەنەو هیچ هێزێك جورئەتی نییە خۆی بكات بەخاوەنی شەقام. بەڵام هەر كاتێك شەقام سەركردایەتیەكی بەهێز و خاوەن هەڵوێستی بۆ پەیدا بێت ئەو كات هاوكێشەكان لەدژی پارتی دەگۆڕێن و ئەو كات ئەگەری رووخانی پارتی هەیە ئەگینا ئەوەی روو دەدات هەمووی لەخزمەت پارتیدایە.

ئیبراهیم عەلی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی