"وێنای میدیایی" بریتییە لەو پڕۆسەیەی میدیا
تێیدا (ڕووداوە کۆمەڵاییەتییەکان، کلتوورییەکان،پرسە جێندەرییەکان و هتد...) لە ڕێگەی ئامرازەکانی
ڕاگەیاندنەوە وەک تەلەڤزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرجەستە دەکات و شێوەیان پێدەبەخشیت.
بە واتایەکی تر وێنایی میدیایی تەنها گواستنەوە و لەبەرگرتنەوەی واقیع نییە بەڵکوو
دووبارەداڕشتنەوەی واقیعە لە ڕێگەی فیلتەری زمانی میدیایی، وێنە و دەنگ بە هەڵبژاردنێکی
ئاگامەندانە یان نائاگامەندانەی دەزگا میدیاییەکان.
تا ئێرە ئاساییە ئەرکی میدیا دروستکردنی وێنایە. ئەدی
قەیرانەکە لە کوێوە دەستپێدەکات؟ ئەو کاتەی میدیا وێنەی هەندێک کەیس بە شێوازێک
سازدەکات کە بارودۆخە واقیعەکە بشوێنێت و پشێویی کۆمەڵایەتی و دەروونی دروست بکات.
لێرەدا پرسیارێک قوت دەبێتەوە: چۆن؟
بۆ نموونە لە داڕشتنی وێنای زمانیدا ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەک
دادەڕێژێت کە وەک ستانلی کۆهن، بیرمەند و کۆمەڵناسی بەریتانی-ئەفریقایی، دەڵێت ئەرکی
میدیا دروستکردنی "شەیتانی کۆمەڵایەتییە". زۆر جار میدیا ناوخۆییەکانی ئێمە
لە هەندێک کەیسی وەک ''دەستدرێژیی سێکسی''، وێناکە بەجۆرێک زەق دەکەنەوە کە دەبێتە
هۆی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەروونیی کۆمەڵگە لە کاتێکدا ئەمە پرسی میدیا نییە هێندە بە ئاشکرایی و بێ هیچ
سانسۆرێک و بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما ئەخلاقییەکان، ڕەچاوکردنی دەروونی تاک و کۆمەڵگە
بپڕژێتە سەری.
بۆ میناک، ڕیکلامی میدیایی بۆ پرسێکی دەستدرێژی کە بەم
شێوەیە بێت: ''کوردەکان دەستدرێژییان کردە سەرم''. لە کەیسێکی وادا بەبێ زانینی
ڕاستیی دوایی بابەتەکە و گەورەکردنەوەی وێنای '' کوردەکان وەک دەستدرێژ'' بە شێوەیەکی
شاراوە، کردنی کوردە بەو شەیتانە کۆمەڵایەتییەی کۆهن باسی دەکات. با بڵێین تاکێک
دەستدرێژی کردووە. بە گەورەکردنەوەی وێنەی کوردەکان و دەستدرێژی دەبێتە هۆی
ئاڕاستەکردنی ڕای خەڵک و دروستکردنی تۆقینی کۆمەڵایەتی. کەیسەکە لە سەر ئاستی
تاکێکی دەستدرێژیکەرەوە دەچێتە سەر ئاستی گرووپێکی نەتەوەیی کە کوردە.
کە وا بوو دروستکردنی وێنایی دەستدرێژیی بەلێشاو دروستکردنی
قوربانییەک وەک نوێنەری شارستانیەت و تاوانبار وەک نوێنەری تێکدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان
''نەتەوەی کورد'' وەک دەستدرێژیکەر و شەیتانە کۆمەڵایەتییەکە لە قاڵب دەدات.
لە ئەنجامدا میدیا لە شێوەبەخشین بە کەیسێک تووشی
قەیرانی وێنایی بووە. لە گواستنەوەی
پرسەکە لە تاکەوە بۆ کۆمەڵ و دروستکردنی شەیتانێکی کۆمەڵایەتی.
بە دیدگای بیرمەندی ئەڵمانی یۆرگن هابرماس کۆتایی بەم
باسە دەهێنم، ماس پێی وایە بۆ ئەوەی میدیا خۆی لەوە بپارێزێت تووشی قەیران ببێتەوە
لە درووستکرنی ناوەڕۆکێک کە پشێوی بنێتەوە و شەیتانی کۆمەڵایەتی درووست بکات دەبێت
میدیا لەبری ئەوەی کار لەسەر بە بازاڕکردن و بەکاڵا کردن بکات، بگەڕێتەوە سەر مانا
ڕەسەنەکەی خۆی کە درووستکردنی فەزایەکی ئازادە تێیدا جیاوازیەکان لەڕێگەی گفتوگۆی لۆژیکی یەکلا ببنەوە.
لەکۆتایدا دەبێت میدیا کارکردە سەرەکییەکەی خۆی کە
بریتییە لە پەروەردە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی جێبەجێ بکات، لەپێناو گەیاندنی ڕاستی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی