ترس لە خۆپیشاندان

20/05/2020

عومەر عەلی محەمەد

قەیرانەکان و بێ باکی لە ئاست خراپ بوونی گوزەرانی ھاوڵاتیان و گوێگرتن بۆ کێشەکانیان، وایکردوە کە ڕۆژ بەڕۆژ ناڕەزایەتی چین و توێژە جۆر بەجۆرەکان لەھەرێمی کوردوستان زیاد بکات و حوکمڕانەکان وەک گروپێکی بێ توانا و کەمتەرخەم و دور لە خەمی ھاونیشتیمانیان دەربکەون، چونکە لە ئێستادا ئەوان لە دۆڵێکدان و ھاوڵاتیانیش لە دۆڵێکی تر، حوکمڕانەکانی ھەرێمی کوردستان ھەروەک ئەوەی گروپێک بن ئاو لایدابن، نە ھەست بەنەھامەتیەکانی خەڵک دەکەن نە ئامادەی چاکسازیەکی ڕاستەقینەن نە دەسەڵاتیش بەجێ دەھێڵن، لەبەر ئەوە ئێستا ھەموو جەماوەر ھەستی بە بێ باکی ئەم گروپە حوکمڕانە کردوە و گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە لە ئێستاوە دەبێت کارێک بکات کە دەسەڵات لە خەو بەخەبەر بھێنێ و لە نزیکەوە پەیامێکی گرنگ و مەترسیداری پێ بدات.


ھەرچەند لە کوردستان کۆمەڵێک پارتی سیاسی ھەیە، بەڵام زۆرینەیان نەیانتوانیوە پێشڕەوی خەڵک بکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەسەڵات بەشێوازی خەباتی مەدەنی لەوانەش خۆپیشاندان، نەوەی نوێ یەکەمین بزوتنەوەی سیاسی بوە کە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و چالاکیە جەماوەریەکانیەوە بڕوای وابوە کە دەبێت پارتی سیاسی پێشەنگی جەماوەر بێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و خەباتی مەدەنیش باشترین ھۆکارە کە یەکێکیان خۆپیشاندانە، لێدوانەکانی بەرپرسانی پارتی لە بەرامبەر خۆپیشاندانی مامۆستایان و ئەو شڵەژانە گەورەش کە توشی بوون، مانای ئەوەیە کە ئەمانە ئامادەنین ھیچ بنەمایەکی دیموکراسی جێبەجێ بکەن و بڕوایان بەدەسەڵاتی گەل نیە و نایانەوێت بۆ ساتێکیش گوێ لەخەڵک بگرن، چونکە ھیچ مانای نیە ناوت پارتێکی دیموکراتی بێت و لە پڕۆگرامی حیزبەکەت داوای چەسپاندنی دیموکراسی و بەھێزکردنی پێگەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەیت ،بەڵام تەنھا بۆداواکردنی مافێکی ڕەوای خۆیان شەق لە مامۆستا ھەڵبدەیت و کەلەبچە بکەیتە دەستیان و لە ١٥٠کەس ١٠٠کەسیان زیندانی بکەیت.


ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپیشاندان مافێکی ڕەوای خەڵکە بۆ داواکانی مافەکانی و لە ھەموو دەستوری وڵاتە دیموکراتەکان دانپێدانراوە و پێویستە دەسەڵات گوێیان بۆ بگرێت، بەڵام کەم چیکڵدانەی ‌پارتی لە دھۆک، بوە ھۆی ئەوەی کە بەرپرسەکان و پەڕلەمانتار و تەنانەت پارێزگاریش کۆمەڵێک لێدوانیاندا کەھەموی تەشھیر و ناوزڕاندن و ھەڕەشە و چاوترساندن و تێنەگەیشتن بوو لە بنەما و سەرەتاکانی دیموکراسی، لە کوردستاندا بەشێوەیەکی گشتی ترسێکی زۆر ھەیە لە خۆپیشاندان و بۆھەر خۆپیشاندانێکیش ھەزاران کەس لە ھێزی ئاسایش و پۆلیس بانگ دەکەن، ترسی ئەمانە لە خۆپیشاندان بەھۆی ئەو پەرێزەپیسەوەیە کە لە درێژەی ٢٩ساڵی ڕابردوودا یٔەنجامیان داوە.


ھەمو خەڵکی کوردستان و خۆشیان ئەوە باش دەزانن کە ئەمانە لە جەماوەر دابڕاون و ناتوانن تێکەڵاوی خەڵک ببنەوە و گوێ لە داواکانیان بگرن، لە بەرئەوە دەسەڵات لە جیاتی گەڕانەوە بۆ بنەماکانی دیموکراسی، ڕێگە چارەی ئەمنیان ھەڵبژاردوە کە ئەمەش مانای ئەوەیە دەسەڵات ڕوە و تاکڕەوی و پشتکردن لە دیموکراسی و خەڵک ھەنگاوی ناوە، کە ئەمەش پێشینەیەکی خراپە بۆ ڕۆژانی داھاتو، چونکە ئەم ھەنگاوە خەڵک توڕەتردەکات و وادەکات بەلێشاوێکی زۆرتر بێنە سەرشەقام و ئەو کاتەش پارتە حوکمڕانەکان کاڵەک بە ئەژنۆی خۆیان دەشکێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی