سەرکردە لە نێوان تەقدیسکردن و ڕەخنەدا

21/05/2020

بەیار عومەر

لە ساڵیدای کاک نەوشیرواندا، هیوادارم لە قۆناغی تەقدیسکردنی سەرکردەکانەوە بچین بەرەو قۆناغی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانە. چونکە هەر یەک لە سەرکردەکان لە پاڵ کاری باش و خزمەتدا، هەڵە و کەموکوڕیان هەبووە. گرنگە ئەمانە بکرێن بە وانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی؛ ئێمە و نەوەی داهاتوو سودیان لێوەربگرین، بۆ ئەوەی هەڵەکانی ئەوان دوبارە نەکەینەوە و بچین بەرەو قۆناغێکی باڵاتر.
زۆر جار لە ناو میللەتی ئێمەدا لە جیاتی هەڵسەنگاندنی بابەتیانە، لایەنگرانی حزب وەک فریشتە و نەیارەکانیش وەک شەیتان لە سەرکردەکانیان دەڕوانن. لە کاتێکدا سەرکردەکان نە فریشتەن نە شەیتانن. وەک ئێمە مرۆڤن و لە ژیانیاندا کاری ڕاست و چەوتیش دەکەن.


کۆمەڵناسی بەناوبانگی عێراقی (عەلی وەردی) لە کتێبەکانیدا، بەتایبەتی کتێبی (دراسة في طبيعة المجتمع العراقي) واتە (لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی سروشتی کۆمەڵگەی عێراقی) بە وردی باسی کێشە و دووفاقیەکانی بەشێکی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات کە لە جیاتی هەڵسەنگاندنی هاوسەنگ و بابەتیانە، سەرکردەکانیان بە فریشتە یان شەیتان دەبینن. بە ڕای عەلی وەردی ئەمە وادەکات کۆمەڵگەی عێراقی بەردەوام خەلکانێک بەرهەمبهێنێتەوە بۆ سەرکردایەتی کە هەمان هەڵەکانی پێش خۆیان دووبارەدەکەنەوە.


میللەتە پێشکەوتوەکانی دونیا ڕێزی سەرکردەکانیان دەگرن، بەڵام تەقدیسیان ناکەن، بگرە بەردەوام توێژینەوەی ڕەخنەیی لەسەر ژیان و خەباتیان دەکەن بۆ ئەوەی نەوەی داهاتو سود لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیان وەربگرن بە باش و خراپیەوە؛ بۆ ئەوەی سود لە دیوە باشەکەیان وەربگرن و هەڵەکانیان دوبارە نەکەنەوە.


بەڵام بەداخەوە بەشێک لە میللەتی ئێمە سەرگەرمی تەقدیسی سەرکردەکانن و چاوپۆشی لە هەڵە و کەموکوڕیەکانیان دەکەن؛ ئەمە بۆ هەموو حزبەکانی باشور ڕاستە. ئەمەش وایکردوە کە سود لە ژیان و ئەزمونیان وەرنەگرین و هەڵەکانیان دووبارە بکەینەوە. سەرەنجام مێژووی کورد لە جیاتی هەنگاونان بەرەو پێشەوە، لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە.


تێبینی: وێنەکە ساڵی ١٩٨٨ دوای ئەنفالەکان گیراوە. وێنەکە خۆمم لە باوەشی کاک نەوشیرواندا لەگەڵ دایکی ڕەحمەتیم و خاڵ و پورەکانم. ئەوەی بیرم بێت ئەمە تەنها وێنەی منە لەگەڵ کاک نەوشیرواندا.
بە درێژایی ساڵانی زانکۆ لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە و بەرەی ڕیفۆرم لە ناو یەکێتیدا و خۆپیشاندانەکانی زانکۆی ئایندە سەردانی کاک نەوشیروانم کردوە، بەڵام هەرگیز وێنەم لەگەڵ نەگرتوە. لەوانەشە کەسانێک وێنەیان گرتبێتم بەبێ ئاگاداری خۆم یان بیرم نەبێت.


زۆربەی ئەوانەی وێنەیان لەگەڵ دەگرت لە خۆشەویستیانەوە بوو بۆی، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەسیش بۆ مەرامی تایبەت و بەدەستهێنانی سۆزی جەماوەر و پلە و پۆست سودیان لێوەردەگرت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی