دەربارەی قسەكانی سەرۆكی حكومەت

23/05/2020

هۆشیار عەبدوڵڵا

كۆمەڵگەی ئێمە بە هیچ شتێك شۆك نابێت ئەگەرنا دەسەڵاتدارەكانی خۆیان ملێۆنێر بن و لە ۲٠٠۸ ەوە بەتانكەر و لە ۲٠۱٤ ەوە بە بۆری نەوتی هەرێم ماوەیەك بەشێكی نەوتی كەركویشیان فرۆشتبێ كەچی بڵێن دۆلارێك پاشەكەوتمان نییە بەڵكو ۲۷ ملیار قەرزارین هی ئەوەیە شكستیان رابگەیەنن نەك هیچ شتێكی تر!‬

۲۷ ملیار دۆلار قەرز بۆ هەرێمێكی بچكۆلانە كە لە بەغدادەوە پارەی بۆ هاتبێ جگە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ فەزیحەیەكی سیاسی و ئابووری زەبەلاحە، ئەو پرسیارە سادە بەڵام رەوایەی كە دەڵێ بۆچی ئێمە نەوتمان كریوە یا فرۆشتوە لە وڵاتێكی زیندودا بوایە نەك حكومەت حیزب و خێزانە سیاسیەكانیشی دەخست!‬

سەرۆكی حكومەت راستدەكات كاتێك دەڵێت: راستكردنەوەی چەوتییەكانی رابردوو كاتی دەوێت بەڵام مەگەر حوكمڕانی دوێنێش هەر حیزبەكەی ئەو نەبوو؟ ئەوە بۆچی كاتێك هاتە سەر كورسییەكەی سەرۆك بە كۆبوونەوەیەكی حیزبی پەرلەمانیان داخست بەڵام بە دەیان كۆبوونەوە نەیانتوانیوە حكومەتی پێشو لە چەوتی رابگرن؟!‬

بەشێك لە قسەكانی روی لە نوێنەرانی كوردە لە بەغداد، هەر كاتێك شەفافانە و بە قەناعەتەوە حكومەتەكەی ویستی كێشەكان بەتایبەت مەلەفی نەوت چارە بكا، بێگومان پشتیوانی ئێمەی دەبێ، بەو مەرجەی دەستهەڵگرن لەوەی بەناوی ئابوری سەربەخۆوە خەڵكی هەرێم برسی و حیزب و عائیلە سیاسیەكان دەوڵەمەند بكەن.‬

ئەگەر خاڵی هەرە لاوازی قسەكانی ئەوە بوبێ كە خۆی لە چەوتیەكانی حوكمڕانی پێشو بێبەری دەكا،خاڵی بەهێزی بریتی بو لە ئاماژەدان بە كێشە بونیادییەكانی ئابوری هەرێم كە نەفرەتی بەتەنیا ئیعتیمادكردنە سەر نەوتە جگە لە مەسەلەی نەبونی پلان لە دامەزراندن و نەبونی ژێرخانێكی بەهیزی ئابوری.‬

بەڵام كاك مەسرور دەزانێ،كە مالكی پێی گوتن نەوتەكەتان هەڵگرن بۆ نەوەكانی داهاتو ئەمان هەر سوربون لەسەر دەرهێنانی لەبەر چاوی رەشی هاولاتیانی كوردستان نەبو بەلكو لەبەر ئەوەبو خۆیان لە رێگای نەوتەوە بە خێرایی دەوڵەمەند بكەن و ببنە خاوەنی ملیاران دۆلار و ئیمپراتۆریەتێك لە دەسەلاتی ئەمنی و میدیایی.‬

هیوادارم كاك مەسرور بتوانێ بەشێك لەو قسانەی ئەمشەوی لە پەیوەست بە چاكسازیەكان وەدی بهێنێ،بەلام قسەگەلێك كە پەیوەست بن بە حوكمرانیی تەندروست و ئابوری بەهێزەوە بە كەسێك جێبەجێدەكرێ كە عەقڵیەتی دەوڵەتداری هەبێ نەك حزبایەتی،ئەمشەو قسەكانیمان بیست،بزانین چەندیتر كردارەكانی دەبینین!؟

هۆشیار عەبدوڵڵا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی