ستراتیژی سەرۆكی حكومەت

23/05/2020

بەهمەن كاك عەبدوڵڵا

لای هەمووان ئاشكرایە كە قەیرانەكانی ئابوری لە هەرێمی كوردستان دا ، چەنبارە بوەوەن هەموو هۆكارەكەشی ئەوەیە ئیمەش وەك بەشێك لە عیراق سەرچاوەی سەرەكیمان بۆ داهات نەوتە لەگەڵ چاوەروانی بەشێك لەو بودجەیەیی لە عیراقەوە دێت ، بۆیە هەركات و هەرسەردەمێك نرخی نەوت داببەزیت یان بغدا بیانویەك بەهەرێم بگرێت ، هەرێم توشی قەیرانی دارایی دەبێتەوە .

سەرۆكی حكومەت بەڕێز مەسرور بارزانی هەر لەوتاری بەرنامەی كاری حكومەت دا لەپەرلەمان خوێندیەوە كە ستراتیجێكی تایبەتی هەیە بۆ بنیات نانی كوردستانێكی بەهێز و كۆتایی هێنان بەدوبارە بونەوەی قەیرانی ئابوری ، ستراتیجی كابینەكەی بریتی بوو لە فرە چەشن كردنی سەرچاوەی داهاتی هەرێم لەجیاتی ئەوەی پشت تەنها بەنەوت ببەسترێت ، هەروەها بەگژدا چونەوەی گەندەڵی و دەستبردنی بۆ چاكسازی بۆ ڕیكخستنەوەی خەرجیەكانی حكومەت و نەهێشتنی بەهەدەر دانی پارە ، و زیادكردنی داهاتی ناوخۆ .

سەرۆكی حكومەت لەسەرەتای دەست بەكار بوونی كابینەكەی دا ، بۆ فرەچەشن كردنی سەرچاوەی داهات گرنگی تایبەتی بەوەزارەتی كشتوكال داوە و هەروەها گرنگیەكی تایبەتیشی بەكەرتی وەبەرهینان داوە ، هەم بۆ دەسكەوتنی داهات و هەمیش بۆ دابینكردنی هەلی كار ، لە بواری چاكسازیش دا سەرەرای ڕێگریەكان بەزوترین كات یاسایی چاكسازی ناردە پەرلەمان و دوای دەرچونی لەپەرلەمان كەماوەی دەستكردن بەجێ بەجێ كردنی ۹٠ رۆژ بوو ، كابینەی بەڕێزیان كەمتر لە ۹٠ رۆژ پەیرەویان بۆ دەركرد و دەستیان كردوە بەجێ بەجێكردنی بەلام وەك لەوتارەكەی بەڕیزیان ئەمشەو دیار بوو ئەو كارە هێشتا ڕێگری لی دەكرێت ، هەرچی سەبارەت بە زیادكردنی داهاتی ناوخۆیە ئەم كابینەیە تا پیش هاتنی كۆرۆنا داهاتی ناوخۆی لەماوەی سێ مانگ دا زۆر زیاد كرد بەلام هاتنی كۆرۆنا ئەو پرۆسەیی خاو كردەوە .

ئەمشەو سەرۆكی حكومەت چی بەلایەنە سیاسیەكان و خەڵكی كوردستان و موچەخۆران گوت ، چەن ئاماژەیەكی ڕوونی دا ، یەكەم ئەو بەهەموو خەلكی گوت دەبیت حكومەت بخەینە سەر سیستەمێكی دروست و ڕێك بۆ ئەمكارەیش پێوستمان بەچاكسازی و ڕێكخستنەوە هەیە ، بەڕیز مەسرور بارزانی بەڕون و ڕاشكاوی پیی گوتین چاكسازی داخوازی خەلكەو گەندەڵكاران دژی چاكسازین و گوتی منیش لەبەرەی خەلكم بۆیە داوای پشتیوانی لەخەلكی كوردستان كرد بۆئەوەی هەرێم بەیەكجاری لەم قەیرانە ڕزگار بكات ، هەروەها بەحزبە سیاسیەكانی گوت پشتیوانم بن و لەجیاتی موزایدەی سیاسی كردن بەمافی موچە خۆران وەرن با كێشەكان بەیەكجاری چارەسەر بكەین و حوكمڕانیش تەنها موچە نیە .

سەبارەت بەپەیوەندیەكانی هەرێم و بەغدا ، سەرۆك وەزیران نیەت پاكی هەرێم و شەفافیەتی پیشانی بەغدا دەدات بۆ ئەوەی بەغداد چیتر هیچ بیانویەكی نەمێنیت بۆ سزا دانی خەلكی كوردستان ، گەر دوای ئەم هەنگاو بەرەو پیش چونەی هەرێم بەغداد بەردەوام بوو لەو ڕیكارانەی خۆی ئەو كات بۆ هەمووخەلكی عیراق و كوردستان ڕوون دەبیتەوە ئەوەی بەغدا دەیكات ناحەقی دوژمنایەتیە دەرحەق بەخەلكی كوردستان .

بەرێز مەسرور بارزانی ئەمشەو بەڕوون و ڕاشكاوی ڕای گەیاند دوو ڕیگەمان لەپیشە یان چاكسازی و بەرەو پیش چوون یان گەرانەوە بۆ دواوە ، راشی گەیاند كیشەی موچەو قەیرانی ئابوری بەموزایدەی سیاسی چارەسەر ناكریت بۆیە دەبیت لایەنە سیاسیەكان و موچە خۆران و خەلكی كوردستان ،پشتیوانی هەنگاوەكانی حكومەت بن ، هەم سەبریان هەبیت چونكە كاریكی ئاسان نیە ، هەم دەبیت دژی گەندەلكاران و دوژمنانی چاكسازی بوەستنەوە .

گەر سەبرمان هەبیت و پشتیوانی ئەم ستراتیجەی سەرۆك وەزیران و كابینەكەی بین ، بەدڵنیاییەوە ، لەداهاتویەكی نزیكدا لەم قەیرانانە ڕزگار دەبین .

بەهمەن كاك عەبدوڵڵا


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی