هەروەکو چۆن بیرە
نەوت و داهاتی ناشەفاف پێویستی بە میدیای گەورە هەیە بۆ سپیکردنەوە، هەروەکو چۆن دەزگای
سیخوڕیی و داپڵۆسین و ئەشکەنجەدان و تیرۆر و تۆقاندن پێویستی بە هێزی نا ڕێکخراو و
دەسەڵاتێکی دادوەریی گوێڕایەڵ هەیە بۆ پەردەپۆشکردن و هۆنینەوەی سیناریۆ و ونکردنی
تاوانباران لەبەرچاوی کۆمەڵگا، بەهەمان شێوەیەش کەسانی گەندەڵ و دز و نەخۆش و لادەریش
لە داب و نەریت و بەهای ئینسانی و ئەخلاقیی، پێویستی بە پەیجی ساختە، ماڵپەڕی بێ
دایک و باوک و ڕۆژنامەی بێ ئامانج هەیە بۆ پەردەپۆشکردنی لادانەکانی، بۆ نیگا و
چاوتێبڕینە ناشیرینەکانی، بۆ دەستدرێژیی و فریودانەکانی.
دوای بڵاوکردنەوەی
وتارێکمان بەناونیشانی 'مایکی ژنانی ڕاگەیاندنکار و نیگای بەرپرسە نەخۆشەکان !' کە
کۆمەڵێک موعاناتی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ژنمان خستەڕوو بەدەستی کۆمەڵێک بەرپرسی (نەخۆش و لادەر )ی ئیداریی و حزبیی، هەندێک
دۆسیەی تر هاتەبەرباس، کە ژنانی ڕاگەیاندکار قوربانیی دەستی بەشێک لە بەرپرسانی دەزگا
ڕاگەیاندنەکانیشن، پێش بەرپرسانی حزبیی و حکومیی و گێچەڵی جۆراوجۆریان پێ دەکرێت.
میدیایەک ئامانجی
ئەوە بێت ڕەش بکات بەسپی و سپی بە ڕەش، پەیج و ماڵپەڕێک شەهیدێکی ڕێگای ئازادیی بە
تیرۆریست ناوببات، دەزگایەک ئەو هێزانە لەپشتیەوە بن، کە هەموو بیرکردنەوەیەکیان بۆ
ورد و خاشکردنی شکۆی مرۆڤ بێت، دەیان پلان دابڕێژن بۆ ناشیرینکردنی دەزگا نیشتیمانییەکان،
لەهەوڵی جدییدابن دەسەڵاتی دادوەریی ڕۆڵی خۆی نەبینێت، کار لەسەر پڕکردنی خەزێنەکانی
خۆیان و برسیکردنی زیاتری خەڵک بکەن، هەرچی ئەدەب و ئیتیکی ڕۆژنامەگەرییە بیخەنە ژێر
پێ، تەلەفزیۆنێک کلتور و فەرهەنگی نامۆ بەم کۆمەڵگایە بهێنێتە ماڵەکانمان و بیکاتە
بەرنامە و کاری سەرەکیی خۆی، دەزگایەک لە بودجەی دزراوی خەڵک پارەی بۆ هەڵڕێژرێت بۆ
خزمەتی دووژمنانی کوردستان. بێگومان هەڵسوڕێنەران و سەرپەرشتیارانیان ناتوانن نمونەیەکی
جوانتر و باڵاتر لە خاوەنەکانیان نیشانی دەوروبەرەکەیان بدەن.
دیسانەوە دەیڵێینەوە،
دەستبردن بۆ برینەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی هەتوان و ساڕێژکردنیانە، نەک پاشەکشە و
دوورکەوتنەوە، لەنێو ئەو هەموو بێسەروبەرییەدا، لەم سیستمی چەتەگەرییەدا، لەناو ئەو
هەموو مرۆڤە نەخۆش و لادەرەدا، تەنها کۆڵنەدان و ئیرادە و بەرەنگارییە دەتوانێت بەر
بگرێت بە دەیان دیاردە و حاڵەتی ناشیرین و قێزەونتر، تەنها بەردەوامییە دەتوانێت بەربەست
بێت لەبەردەم مەرامە گڵاوەکانیان.
نابێت ئەوەشمان بیر بچێت لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردییدا ناوبانگی
چەندین ژنمان بیستووە، چەندین ژنمان دیوە و ناسیوە و هەن، کە خۆیان و دەزگاکەیان،
چونکە بەرژەوەندییە نیشتیمانیەکانیان، پرەنسیپە ئینسانی و ئەخلاقیەکانیان، ئەدەب و
ئیتیکی ڕۆژنامەنووسییان، بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگاکەیان، لەسەرووی هەموو شتێک و کەسێکەوە
بووە و هەیە، نمونەیەکی باڵا و جوانن لەناو دنیای ڕۆژنامەگەریی و هێزێکیشن بۆ ژنان
و ئازادیی، بۆیە با بە باوەڕبەخۆبوونەوە بەڵێنیی بەردەوامیی و کۆڵنەدان بدەین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی