ئایا قەرزارین؟

27/05/2020

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

لەبری وتار نووسین، بانگھێشت بۆ دانیشتنێکی پەرلەمانی بکەن ...
‏‎لە ڕۆژی ٢٢ی ئایار، لەوتارێکدا بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان لە رێگەی پەیامێکی تایبەتەوە تیشکی خستەسەر چەندین تەوەری گرنگی سیاسی و ئابوری و زۆر راشکاوانە باسی لە واقعی ئێستای ھەرێم کرد، بەتایبەت خاڵێک ھەبوو کەوا پرسیار و ئارگۆمێنتی زۆری بەدوایخۆیدا ھێنا ئەویش بابەتی قەرزەکانی حکومەت بوو .
‏‎۲۷ ملیار دۆلار بووبە تایتل و سەرە دێری نووسینی زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی کە ژمارەیەکیان ھەروەک پیشەی ھەمیشەییان بەدڵی خۆیان راستی بابەتەکەیان بە ئاراستەی جیاوازدا برد و دووبارە کردیانەوە بە ئامرازێک بۆ چەواشەکاری و لارێدابردنی راستییەکان، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ھەمان ئەو کەسانەی کە پێشتر لە ژێر سێبەری ئۆپۆزسیۆنەوە دەیانگوت حکومەتی ھەرێم قەرزارە و نزیکە لە ئیفلاس بوون کەچی ئێستا دوای وتارەکەی سەرۆکی حکومەت ئاراستەی نووسین و قسەکانیان تەواو پێچەوانە کردووەتەوە و دەڵێن حکومەت قەرزار نییە!


‏‎چۆن حکومەت قەرزار بوو؟
‏‎یەکەم/ لەلایەک نەناردنی بودجەی ساڵانی ۲٠۱٤ تاوکو ۲٠۱۷، لەلایەک شەڕی داعش و ھاوکاری کردنی ماددی و مەعنەوی پێشمەرگە لە جەنگی ڕوبەڕونەوەی تیرۆریستان، لەپاڵ ئەمانەشدا ئەو شەپۆلە زۆرەی پەنابەرانی سوریا و ئاوارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کەوا روویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو پێویستی بە بودجە و میزانییەکی گەورە ھەبوو بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کارەبا و ئاو، بۆ ھەموو ئەمانەش ھەرێم پشتی بەستبوو بە تاکە سەرچاوەی داھات کە نەوت بوو، بەداخەوە دەتوانم بڵێم خێرێکی ئەوتۆی بۆ ھەرێم نەبوو.


‏‎پێش ئەوەی ھەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوت ھەناردەی بازارەکانی جیھان بکات نرخی یەک بەرمیل نەوت لەنێوان ١٢٠ بۆ ١٥٠ دۆلار بوو، بەڵام کاتێک عێراق لەپڕ بودجەی ھەرێمی بڕی، حوکمەتی ھەرێم بۆ دابینکردنی موچە بیری لە بژاردەی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ کردەوە، لەو ساڵانەدا بەھۆی ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئۆپێک پڵەس و داگیرکردنی چەندین ناوچەی گرنکی ستراتیژی لەعێراق و سوریا لەلایەن داعشەوە، وایکرد نرخی نەوت بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو دابەزێت تاوەکو ساڵی ٢٠١٨، ئەمە جگە لەوەی نەوتی ھەرێم لە بازارەکانی جیھان بە ھەرزانتر دەفرۆشرێت، ھەموو ئەم پێشھاتانە لە بەرژەوەندی دۆخی ھەرێمدا نەبوون و فاکتەرگەلێک بوون کە حوکمەتی ھەرێم لەماوەی یٔەو چوار ساڵەدا توشی چەندین تەنگژەی یٔابووری بکەنەوە.


‏‎بۆیە حوکمەت بریارێکی ناچاری وەرگرت بەوەی دەست بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران بکات، کە ئەنجامەکەی تاوەکو ئێستا ئیلتیزامێکی ۱۱ ملیار دۆلارییە، لەلایەکی ترەوە ئەو شایستە داراییانەی کە مانگانە دەبوایا بیدات بە کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوت ھەمووی ڕاگرت، دیسانەوە بەمەش قەرزاری ئەو کۆمپانیانە بووەوە، ئینجا دواتر بۆ دەربازبوون لەم دۆخە لە چەند سەرمایەدارێک و دەوڵەتی تورکیا قەرزی وەرگرت، ھەموو ئەم رێکار و بڕیارانە بژاردەگەلێکی سەخت بوون لە دۆخێکی ئاڵۆز بەڵام دەتوانرێت بگوترێت لە ناچاری بوون، ئەگەر بەم رێکارانە چارەسەری دۆخی ئابوری نەکرابا ئەوسا نەک ھەر حکومەت توشی داڕمانی ئابوری دەبووەوە، بەڵکو سەرکەوتن بەسەر جەنگی تیرۆریشدا مەحاڵ دەبوو، چونکە ھەر ئەو قەرزانە بوون بە ھانای ھەرێم ھاتن کە بتوانێت چەکی پێشکەوتوو و پێداویستی سەربازی بۆ پێشمەرگە دابین بکات.


‏‎دووەم/  دوای ۱٦ ی ئۆکتۆبەری ۲٠۱۷ حکومەتی عێراق لە رێگەی حەشدی شەعبی و ھاوکاری و رێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ تاقمێکی نێوخۆیی دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی ھاڤانا و بای حەسەندا گرت کە رۆژانە نزیکەی ۲٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لێیەوە ھەناردەی دەرەوە دەکرا، ئەمەش یەکێکی تر بوو لە فاکتەرەکانی کەمبوونەوەی داھاتی نەوتی ھەرێم.


‏‎ھەروەھا لە ناوەڕاستەکانی ساڵی ٢٠١٨ نرخی نەوت تاڕادەیەکی باش رووی لە  بەرز بوونەوە کرد، داھاتی بەدەستھاتوو لە فرۆشی نەوت گەیشت بە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، لەم داھاتە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بە وەزارتی دارایی دەدرا و بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ تێچووی دەرھێنانی نەوت و گواستنەوەی و ھەروەھا بۆ قەرزی سەرمایەداران و کۆمپانیاکان.


‏‎راستییەکی تاڵ ھەیە کە پێویستە بگوترێت، لە ئێستادا بۆ جارێکی تر ھەرێمی کوردستان لەھەمان دۆخی ساڵانی ٢٠١٤ دایە بەوەی کە نرخی نەوت دابەزیووە و حوکمەتی فیدراڵی بودجەی کردووە بە کارتی فشار و لەکاتی خۆیدا ناینێرێت، ھەروەھا گرتنەبەری رێوشوێنەکانی روبەروبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری راستەوخۆی لە کەمبوونەوەی داھاتی ناوخۆ ھەبوو. بەھۆی ئەمانەوە حکومەت ناچاردەبێت دیسانەوە دەستبکات بە قەرز وەرگرتن بۆ ئەوەی بتوانێت موچەی موچەخۆران دابینبکات تا ئەو کاتەی ھەردوو حوکمەتی ھەرێم و بەغداد دەگەنە کۆتا بریار و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە (ھەربۆیەش بۆ دابینکردنی موچەی ئەم مانگە حکومەت قەرزی لە خاوەن سەرمایەدارەکان وەرگرت).‏


‎لەم دۆخەدا حکومەت چی بکات؟
‏‎دەتوانین بڵێین قەرز وەرگرتن و جێبەجێکردنی برگە و ماددەکانی یاسای چاکسازی وەکو خۆی و پێداچوونەوە بە دۆخی خاڵە سنورییەکان و وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا نەوتییەکان و ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو ڕێنماییانەی کەڕێگربوون لە پێدانی باج و رسومات، حکومەت دەتوانێت داھاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داھاتی ھەرێم. ھەروەھا فرە چەشنەکردنی سەرچاوەکانی داھات کە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا، دەکرێت ببێت بە ستراتیژییەتێکی ئابوری سەرەکی بۆ ئەم کابینەیە و لە چوارچێوەیدا گرنگی تەواو بدرێت بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی نێوخۆیی و گەشتوگوزار و ھەوڵبدرێت بە ھاوسەنگکردنی دابەشکاری لە داھات و رێژەی داھاتی دابینکراو بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابوری زیاد بکرێت کە ئێستا تەنھا لە ٪٥ ی داھاتی بۆ تەرخانکراوە.
‏‎لەم دۆخەدا پەرلەمان چی بکات؟


‏‎لەدوای دانیشتنی حەوتی ئایار کە بە ئامادەبوونی ٥۸ ئەندام پەرلەمان و لە چوارچێوەی ھەموو بنەما پەیرەویی و یاساییەکانەوە بەرێوەچوو، پەرلەمان نەیتوانیووە لە دوو ھەفتەی پێشوو بەگوێرەی پێویست بە ئەرکە یاساییەکانی خۆی ھەڵسێت، ھۆکارەکەشی بەھۆی لەدەستدانی بێ لایەنی و وەرگرتنی ھەلوێستی حزبی بەرێز سەرۆکی پەرلەمان کە بووە مایەی پێشێلکاری پەیرەویی بەوەی ئامادەنەبوو بانگھێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ دانیشتنی ژمارە پێنجی ئاسایی وەرزی بەھارە بۆ دەنگدان لەسەر (پێشنیازە بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی پێشکەشکردنی پێشنیازی بڕیار و یاسا) کەوا لەلایەن ئەندام پەرلەمانە بەرێزەکانەوە ئامادە کرابوو، ھەڵبەت دیارە پاش تەواوبوونی پشووی جەژن ئەم دۆخە نەخوازراوە چیدیکە لە سەرۆکی پەرلەمان قبوڵ ناکرێ و راستەوخۆ لەگەڵ دانیشتنی ھەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی، دانیشتنەکانی پەرلەمانیش دەستپێدەکەنەوە.


لە ئێستاشدا پرسی قەرزەکانی حکومەت پێویستی بە بەدواداچوون ھەیە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە بەتایبەتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکەن، بەڵام وتارەکەی دوێنێی بەرێز سەرۆکی پەرلەمان کەوا لە چوارچێوەی ئەو بۆچوونەدا نووسرابوو کە ھەرێم ھیچ قەرزێکی یاسایی نییە جێگەی سەرسورمان بوو، دەمەوێت پرسیاری ئەوە لە بەرێزیان بکەم ئایا بە پشتبەستن بەکام راپۆرتی لیژنە و بەدواداچوونی کام ئەندام پەرلەمان گەیشتوونەتە ئەو رایەی کە حکومەت جگە لە قەرزی موچەخۆران و شایستە داراییەکانی بەڵێندەران ھیچ قەرزێکی تری نییە؟؟


‏‎کاری پەرلەمان چاودێری و بەدواداچوون و یاسادانانە نەک وتاری ھەفتانە، بەرێزیان ئەگەر ھەر راپۆرت و بەڵگەی تەواوی لەبەر داستدایە بۆ پشتراستکردنەوەی قسەکانی، دەبوایە پێش ئەوەی بابەتێکی ھاوشێوە بنووسێت داوا لە لیژنە پەیوەندیدارەکان بکات کە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکەن و دواتر لەرێگەی سازدانی دانیشتنێکی پەرلەمانی و باگھێشتکردنی حکومەت ئەنجامی راپۆرتەکە بۆ پەرلەمانتاران و بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم تاوتوێ بکەن.


‏‎بۆ ئەمەش وەکو ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری پێشنیار دەکەم بۆ تەواو روونکردنەوەی بابەتی ۲۷ ملیار دۆلار قەرزی حکومەت، لیژنەکەمان کۆبوونەوەی خۆی سازبکات و بریار لەسەر ئامادەکردنی راپۆرتی تایبەت بدات، دواتر بۆ خستنەروو و تاوتوێکردنی دەرئەنجامەکان دانیشتنێکی پەرلەمانی بەپەلە سازبکرێت و ھەریەک لە بەرێزان جێگری سەرۆکی حکومەت و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران کە ھاوکات بەرپرسی فەرمانگەی قەرزەکانە لە ئەنجومەن، ھەروەھا وەزیری دارایی و یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری  وەبەرھێنان و ئەنجومەنی راژە کە پێشتر لەکابینەی ھەشتەم وەزیری دارایی بووە، بانگھێشتی دانیشتنەکە بکرێن، بەتایبەت ئامادەبوونی بەرێزان قوباد تالەبانی و ئامانج رەحیم و رێباز حەملان گرنگی خۆی ھەیە بەوەی کە لەکابینەی ھەشت بەشداربوونە و دەتوانن ھاوکاری زیاتر بن لە پێدانی وردەکاری سەبارەت بە پرۆسە و رێکارەکانی قەرزەکانی پێشووتر.


‏‎چاوەرێی ئەوە دەکەم بەرێز سەرۆکی پەرلەمان بەدەم پێشنیارەکەمەوە بێت و دوور لە ھەموو بڕیارێکی حزبی و سیاسی بە کاری سەرۆکایەتی خۆی ھەڵسێت و رێز لە گەورەترین پۆستی تەشریعی ھەرێم بگرێت پێش ئەوەی بکەوێتە ژێر گوشاری زیاتری ئەندامانی پەرلەمان و فراکسیۆنە جاجیاکان، چونکە ئەم بابەتە رەھەندێکی دارایی و ئابوری ھەیە و ھاوڵاتیانی ھەرێم مافی خۆیانە بەو پەڕی شەفافییەتەوە ئاگاداری واقعی ئەم رەھەندە بن کە پەیوەستە بە چارەنووسی ھەموومانەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە