کوردی ڕقلێگیراو، کوردی نەفرەتلێکراو، ترس کۆیاندەکاتەوە!

32 خولەک پێش ئێستا

محه‌مه‌د خۆشناو

دوابەدوای ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دەسەڵاتدارێتی شۆڤینیزمی حزبە ئیسلامیە سیاسیەکانی شیعەی عێراق بە هێنانی هێز بۆ هەرێمی کوردستان بە بیانۆی شەڕی قاچاخچێتی نەوت ، کە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران و کوڕە گوێڕایەلەی نوری مالیکی کە وەک مەقاش بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بە هەماهەنگی تۆم باراک-ی بزنسمان بەکاریدەهێنن ، ئەم بڕیارانە بووە مایەی توانەوەی چەقبەستوویی سیاسی کە لەمێژە نوخبە و خەڵک داوایاندەکرد و یەک گوتاری لایەنەکانی هەرێمی کوردوستان بەرانبەر گەڕانەوەی شۆڤینیزمی مەرکەزی ، ئەم ڕەتکردنەوەیە وایکرد کە لە نێوەندەکانی شیعە لە سۆشیالمیدیا و ئامرازەکانی تری ڕاگەیاندن بکەنە هەڵا و دەستیانکرد بەهەڵمەتێکی ڕقلێبوونەوەو نەفرەتکردن لەکوردو کوردوستان.

لێشاوی ئەم ڕقلێبوونەوەیە هیچ ڕابردوو و پێشینەیەکی نەبووە کە وابکات ئەو نەفرەتلێکردنە بەردەوام بێت ، داخۆ لەبەرئەوەیە کە ئەوان جیاوازی قبوڵ ناکەن و دەبێت ئێمە بەوان بچین !! لەبیریان چوو کە هەردوولامان قوربانی ڕژێمی سەدام بووین ، ئەدی هەر ئێمە و ئەوان و ئەمەریکا هاوپەیمان نەبووین بۆ ڕوخانی سەدام !! لەبەرچی ئێستا کورد بۆتە شەیتان و نەفرەتیلێدەکرێت ؟! خۆ ئێمە نەبووین بەر لە 1400ساڵ بەرپڕس بین لە کوشتنی ئیمام حسین !!بەڕاستی ئەم هەڵمەتە کارێکی مەترسیدارە  و تەجاوزکردنی قوڕسە ، کەواتە مافی خۆمانە هەست بە ترس بکەین و ، ئەو هەستە کۆمانبکاتەوە.

بەدرێژایی مێژووش هەستی ترس و ڕقلێبونەوە ، هەستی خۆشەویستی ، هەستی ستەم ، خەڵک لەدەوری یەکتر کۆدەکاتەوە و یەکگرتووییان دەکات ، ئەوە هەستی خۆشەویستی بوو بۆ مەلا مستەفای بارزانی کە خەڵک لە دەوری کۆبوونەوە و لەکاتی هێنانەوی ڕوفاتی خۆی و ئیدریس-ی کوڕیشی هەموو کوردوستان هاتنە سەر شەقام بۆ پێشوازی  ، هەستی ترس بوو لە « ساڤاک »ی دەزگای هەوڵاگری نهێنی و تایبەتی و چاودێری و سیخوڕیکردن و ستەم و زۆرەملێکردن لە خەڵک و ، لێرەوە گەل لەسەر ڕقلێبوونەوە لە شای ئێران یەکیانگرت و ڕوخاندیان ، ئەوە ستەم بوو لە ئەڵمانیا-یانکرد کە دوای جەنگی یەکەمی جیهان و لە تۆڵەی هەڵگیرسانی ئەو جەنگە ، پەیماننامەی « فرسای »یان بەسەردا سەپاند ، کە تێیدا هەندێک خاک-یان لێدابڕاند و دایان بە پۆڵەندا و تشیکۆسلۆڤاکیا و لەگەڵ غرامەکردنی 860 ملیار دۆلار و ، بەسەریدا بێکاری و هەڵاوسان بەهۆی قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵی 1928 هاتە ئاراوە.

هەموو ئەمانە گەلی ئەڵمانیای یەکخست کە لە پشت هیتلر-وە بن ، لەوانەیە خەڵکێکی زۆر لە سیاسەتەکانی حزبەکان و دەسەڵات تووڕە و بێزار و لێی جیابن ، بەڵام هەڵوێستی ئێستا ئەوەی خواست کە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک بۆسەر نیشتیمان نەک ئەم حزب و ئەو حزب یەکگرتوو بن ، نیشتیمان قەزیەی نەتەوەیە هی هیچ لایەنێک نیە و لەگەڵیدا دەسەڵاتیش موڵکیەتی تایبەتی کەس  نیە ، ئەو خۆفرۆشە قۆنتەراچیانەی ئێستاش کە لەبەر ڕقلێبوونەوە لە دەسەڵات یان پارە دژ بە نیشتیمان لەگەڵ شۆڤینیژمن  وەک گەڵای پایژ هەڵدەوەرێن ، ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە نیشتیمان و گەل ڕەگن لەناو خاک-دا ، دەوڵەت و حکومەت بەروبوومن کە دەبێت خزمەتکار و پاسەوان بن.

گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە بە بێباکی بنواڕیە گەل و نیشتیمان کە کەلێن-ی لێدروست دەبێت و  دەستی ناحەزانیشی دێتە ناو کە لێی ئاگادار نەبیت و چارەسەر نەکرێت کەلێنەکە گەورەدەبێت و دەوڵەت و گەل لێکدووردەخاتەوە و پاشان بەرەوە ناکۆکی و دوژمنایەتی و کەوتنی لق و پۆپەکان دەڕوات ، بۆیە ئێستاش ئێمە لە گەرووی ئەو شوشەیەداین کە ناحەزان  ئێمەیان خستەناوی ئەوانەی نایانەوێت یەکگرتوو بین ، پێم وایە ئەوڕۆ لەو کاتە سەختەی کە تێیداین باشترین دەرفەتە لەگەڵ خەڵکی خۆماندا ئاشت ببینەوە و پێکەوە بەروەڕووی هەموو سەختی و مەترسیەکان ببینەوە و  لەهەمان کاتیش دەبێت هێشتنەوەی کەناڵی حیواری کراوە لەگەل هەموو لایەک ئەولەویەتی ستراتیژی بێت.

حەتمەن ئەو نیشتیمانەی کە لەناوەوە یەکگرتوو بێت هەرگیز شکستی پێناهێنرێت ، هەروەک کە دەفر پڕی ئاو بوو ناتوانرێت بە شتی تر پڕبکێتەوە ، لە باشووری ئەفریقا بۆ کۆتاییهێنان بە نیزامی « ئاپارتاید -جیاکاری ڕەگەزی » پڕنسیبی دادپەروەری گواستراوە« العداله‌ الانتقالیه‌ » پەیڕەوە کرا کە دابا لەبری ئەنفال و کیمیاباران سەرانی عێراق ئەوەیان وەکو قەرەبوکردنەوەی چەوسانەوەی ڕەشپێستەکانی باشووری ئەفریقیا بۆ کورد کردباوە ، هەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕنسیبە  نیلسۆن ماندیلا-ی سەرکردەی مەزن لەگەڵ قشەی بەناوبانگ « دیزمۆن تووتو » هاوڵاتی خۆیان لەبەردەم دوو بژادە دانا : خۆبەستنەوە بە ڕابردوو یان سەیرکردن ڕووەو ئایندە ، ئەوەی دووەمیان هەڵبژارد ، ئێستا کاتیەتی با ئەو بوێریەمان هەبێت خۆمان لە میراتی ڕابردوو بکەینەوە و بەرەو ئایندە هانگاو بنێین .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی