چەکوشی دەستی وەزیری پەروەردە

28/05/2020

هیوا علی

مێژساڵە کۆمەڵێک گلەی و گازندە بونەتە باسوخواسی دایکوباوکان، قوتابییان، سیاسییەکان، پەروەردەناسان و زۆرانی تر کە چۆن و کەی سیستمی خوێندن بەرەو پێش بەرین و چاکسازییەکی بنەڕەتی دەستپێبکات؟

حکومەت دوای حکومەت، وەزیر دوای وەزیر ڕەهەندەکانی بیرکردنەوەیان ڕووەو کەرتی پەروەردە تەنکتر و کورتبینتر دەبن، بە کۆمەڵێ پاساوی بێ بنەما و لابەلا، کە خوێندنیان لەم هەرێمە ئیفلیج و سەقەت کردووە.

گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پەروەردەدا نەبۆتە ئامانج، خولیا، میکانیزمی کار و پلانی درێژخایەنی ناوەندە پەروەردەیی، ئەکادیمییەکان و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەوەی زۆر کێشەیە ئەوەیە کە ئەوانەی بانگەشەی چاکسازی و گۆڕانکاری لە سیستمی پەروەردەدا دەکەن نازانن کە مەبەستیان لە کام جۆری چاکسازییەیە لە سیستەم دا! 
دەمێکە دەوترێت: «کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو» تەنیا پەروەردەناس دەتوانێت کێشە و ئاریشەکانی سیستەمی پەروەردە ببینێت، هەر خۆشی چارەی دەستبەجێی لەلا دەستدەکەوێت. هەروەک ئەوەی تەنیا فیتەرێک دەزانێت کێشەی سەیارەکەی تۆ چییە و هەر ئەویش دەزانێت چارەسەری بکات. 
هەوڵەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەدا لە کوردستان کار لەسەر گشتاندنی یاسا و ڕێسا و میکانیزمی کارکردن دەکەن، بەبێ ئەوەی بیربکەنەوە لە پێویستییەکانی قوتابی و مامۆستا.

ئایا پێویستییەکانی قوتابی چییە و چۆن وابکەن خوێندنی سەقامگیر بێت و بەباشی فێر ببێت؟ ئایا پێویستییەکانی مامۆستایەک چییە بۆ ئەوەی وانەکانی بە باشی بڵێتەوە و لێبڕاوانە کۆشان بکات بۆ قوتابییەکانی؟ 
بەڵام کاتێک تۆ دێیت دەست لە بینی مامۆستا دەنێی و قوتی ژیانی لێدەگرییەوە، هیوای گۆڕانکاریت لە هیچەوە سەردەردێنێت، ئەنجامی پلانەکانت ڕزین و تێكچوون و بەسەرچوونە، تووشی خورانی ڕێکردنی پەروەردەیی دەبیت، سەرەنجام هەوڵ و کۆشانەکان مەبەستی خۆیان لەدەست دەدەن. 

بە پێچەوانەی سیستەمی خوێندنی زۆرێک لە وڵاتان کە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کەرتی پەروەردە دابیندەکرێت و هەموو ڕێکارێک دەگرنە بەر تاوەکو وابکەن نەوەکانی دواڕۆژیان کەسانی بەتوانا و کارساز و لێزان بن، چما لەو هەرێمەی بەهۆی نەبوونی قوتابخانەی پێویست بۆ ژمارەی قوتابییان، کەماسییە لۆجستییەکانی ناوپۆلەکان، نەبوونی یەکەیەکی کارگێڕی تۆکمە بەدەر لە هەموو دەستوەردانێکی حیزبی، دوورەپەرێزی ستافی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکان لە قوتابخانە وایکردووە نەوە دوای نەوە خوێندنی ئەم هەرێمە بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. 

هەر بۆیەش کاتێک کەسانی خاوەن پارە درک بەو هەموو کەماسییانە دەکەن پەنا دەبەنە بەر کردنەوەی قوتابخانەی تایبەت و بینا بەرز دەکەنەوە چونکە دڵنیان لەوەی هەر کەسێک بژێوی ژیانی بەشی ئەوە بکات کە جگەرگۆشەکەی لە قوتابخانەیەکی ناحکومی بخوێنێت، لە دەمی خۆی دەگرێتەوە و دەیخاتە خزمەتی ئەو. بەم کارەش دووبارە حکومەت قازانج دەکات چونکو ڕێژەی قوتابی لە خوێندنگە حکومییەکاندا کەم دەبێتەوە، وە باجێکی زۆریش لە قوتابخانە ئەهلییەکان وەردەگرێت. 

لەم سەدەیەی «کۆڕۆنا»ـشدا کەوتووینە ناو بارودۆخێکەوە کە خوێندن بە گشتی لە هەموو جێیەک وەستاوە بەمەبەستی ڕێکاری خۆپاراستن لەو نەخۆشییە، تا ئێرە قبوڵە و کەس لاری نییە، ئەمما کە دێتە سەر ئەوەی کە قوتابی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم ئەنجام نەدات و وەرزی یەکەم ـی بۆ لێکدانی دوو بکرێت بە هۆی ئەو فشارەی مامۆستایانی ناڕازی درووستیانکردووە بە نەچوونە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بە هۆی نەدانی موچەکەیانەوە کە مافێکی سەرەتایی خۆیانە، بەم بڕیارە وەزیر دەیەوێت بڵێت: دەوام بکەن یان نا لێتان بێمنەتم" ئەم بڕیارە نابەجێیەش چەندان کارەساتی تر دەخوڵقێنێت، چونکە ئەو بڕیارە هەموان دەگرێتەوە بە منداڵی مامۆستایانیشەوە. بەم بڕیارە وەزیر تەواوی هەوڵ و ئارامگری مامۆستایانی وەلانا لەپای پێنەدانی موچەکەیان.

 ناکرێت وەزیر لە نێوان سێ کارتدا کە داهاتووی قوتابیان و خەمی خێزان و پارەی ڕەوای مامۆستایان، کارتی سێیەم هەڵبژێرێت و کە زەبرێکی کوشندەیە بۆ هەموو قوتابییەکی ئەم هەرێمە لەو منداڵەوە بگرە کە یەک لەسەر چواری (ئەلفبێ)ـی نەخوێندووە تا دەگاتە هەموویان. تۆ وەزیری پەروەردەیی ناکرێت منداڵ و خێزان و مامۆستاکەی خۆت بکەی بە قوربانی حکومەت. لە هەمان کاتدا ئەزموونی دەوام نەکردنمان بینیوە و دەزانین شتێک نییە بە ناوی قەرەبووکردنەوەی قوتابییان، چ جای ئەوەی کە لێکەوتەکانی دەوامنەکردنی پێشوو تا هەنووکە بە ڕوون و ڕەوانییەوە دیارن بە سەر ئاست و توانستی قوتابییانەوە. 

سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە شێوەیەکی خاو لە هەوڵی کەمکردنەوەی کەماسییە لۆجستی و تەکنیکییەکاندا بووە، ئێستاشی لەگەڵدابێت نەک نەیتوانیوە ئەو بۆشاییانە پڕ بکاتەوە بەڵکو تا دێت بۆشاییەکان فراوانتر دەبن، چونکە کارکردن لە هەموو کەرتێکدا لەم حکومەتەدا بە شێوەی هەڕەمی حوکمڕانی و سترتیژێکی پەروەردەیی هەمەچەن دەکرێت، نەبوونی هەوڵی جیددی  وایکردووە سیستەمی پەروەردەمان ناکاریگەر، داڕزیو، چەقبەستوو و دواکەوتوو بێت. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی