بیرمەندی مەزنی عیراقی د.عەلی وەردی خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە لەبارەی عیراق و مێژووی ناوچەکە، هەروەها لە بواری کۆمەڵناسیشدا خاوەنی تێزی خۆیەتی، ئەو تێزی (دووفاقی کەسایەتی عیراقی) دانا، ئەو پێیوایە کەسایەتی عیراقی لە نێوان ( بەداوە، دەشتەکی) و شارستانییدا گیری خواردووە هەربۆیە کەسایەتییەکی دووفاقی هەیە. هەرچەندە من پێموایە کەسایەتی دووفاقی بەتایبەتی لەناو ڕۆشنبیرانی عیراقییدا بە کورد و عەرەبەوە، زیاتر زاڵە. سەعد محەمەد ڕەحیم، یەکێکە لە ڕۆمانووسە باشەکانی عیراق، توانییویەتی لە ڕێگەی ڕۆمانی (کوژرانی کابرای کتێبفرۆش) ئەم نەخۆشییەی ڕۆشنبیرانی عیراق دەربخات.
خۆشبەختانە ئێستا لە هەموو شارەکانی عیراقدا، کۆمەڵێک ڕۆماننووسی زۆرباش دەرکەوتوون، کە هەریەکەیان توانیویانە مێژووی شار و ناوچەکەی خۆیان بە جیهان بناسێنن، بەتایبەتی لەپاش داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە، کەشووهەوایەکی ئازادی زۆرباش فەراهەم بوو، کە ئەمەش زەویەکی زۆرباشبوو بۆ سەوزبوونی ڕۆمانی نوێی عیراقی. بەڕاستی نووسەرانی عیراق لەپاش نەمانی دیکتاتۆری و ئازادبوونی گەل، لە چنگی ڕژێمی دیکتاتۆری، زۆرباش توانیان سوود لەو ئازادییە وەربگرن، هەربۆیە ڕۆمانی نوێی عیراقی لەچاو ڕۆمانی تری عەرەبی، زۆر پێشکەوتووە.
سەعد محەمەد ڕەحیم، یەکێکە لە ڕۆمانووسە باشەکانی عیراق و خەڵکی شاری بەعقوبە(دیالە)یە، نووسەر هەوڵیداوە لە ڕێگەی ڕۆمانی (کوژرانی کابرای کتێبفرۆش)ەوە، وێنەیەکی زۆرباش، لەهەمانکاتدا جوانی شارەکەی ( بەعقوبە) و دەوروبەری بکێشێت، لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە ئێمە ئاشنا دەبین بە شاری بەعقوبە و ئەو کێشانەی کە خەڵکی ئەم شارە بەدەست ڕژێمە یەک لە دوایەکەکانی عیراقەوە هەیانبووە، لە هەمووشی گرنگتر لە ڕێگەی کوژرانی کابرایەکی کتێبفرۆشەوە، ڕەوشی گشتی عیراق و شارەکەی باس دەکات، کە زیاتر تیرۆر و نائارامی بەسەریدا زاڵبووە.
کەسایەتییەکی ئاڵۆز و شاراوە
نووسەر لەم ڕۆمانەیدا پاڵەوانێکی دروستکردووە، کە دەتوانین بڵێین کەسایەتییەی زۆر ئاڵۆز و دژاوری هەیە، لەمەشدا بەتوانایی و بلیمەتی نووسەر دەردەکەوێت. هەر لە سەرەتاوە هەندێک وردە (داو) پیشانی خوێنەر دەدات، بەڵام دواجاریش بەشێوەیەکی کتوپڕ، کەسایەتییەکی تەواو ئاڵۆزمان پیشان دەدات، کە هیچ چاوەڕوانی کەسایەتی وامان نەکردووە.
مەحمود مەرزوق لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی شاری بەعقوبە لەدایک دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەی بنەماڵەیەکەیەوە، هەر لەسەرەتای لاویدا دەبێتە هۆگرێکی بیری مارکسیزم، لە هەمووشی سەیرتر ئەو ناچێتە ڕیزی هیچ حزبێکی سیاسیی چەپەوە بەتایبەتی حزبی شیوعی کە ئەوکاتە لە تەواوی عیراقدا، ئەندام و دۆست و لایەنگری زۆری هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەحمود مەرزوق لە چنگی بەعسییەکان ڕزگاری نابێت لەگەڵ یەکەمین کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1963 ئەویش دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە شەمەندەفەری مەرگەوە، کە ئەوکاتە زۆر بەدناو بووە، بەجارێک سەدان زیندانی حزبی شیوعی دەخرێنە ناو ڤارگۆنەکانی شەمەندەفەرەوە و بەرەو سەحرای سەماوە بۆ نوگرە سەلمان دەیانبەن، لە ڕێگەدا تینوێتی و برسێتی و گەرما و نەخۆشی تەنگیان پێهەڵدەچنێت، بەڵام خۆشبەختانە سایەقی شەمەندەفەرەکە کەسێکی مرۆڤدۆست دەبێت و لە هیچ شوێنێک ناوەستێت و بەوپەڕی خێراییەوە خۆی دەگەیەنێتە شاری سەماوە، لەوێندەر خەڵکی شیوعی بەتەنگییانەوە دەچن و هاوکاریان دەکەن.
نووسەر کارێکی باشی کردووە ئاوڕی لەم ڕووداوە تراژیدییەی ناو مێژووی عیراق داوەتەوە، چونکە کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی 1963 یەکێکە لە خوێناویترین قۆناغی مێژووی عیراق، بەوپەڕی دڕندەییەوە بەعسییەکان پەلاماری شیوعی و نەیارەکانیان دا، نووسەریش لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە، تیشكی خستۆتە سەر ئەو قۆناغە. بەهەرحاڵ پاش ئازادبوونی، مەحمود مەرزوق، عیراق بەجێدەهێڵێت و بەرەو پراگی پایتەختی چیک بەڕێدەکەوێت، ماوەی 18 ساڵ لێرە دەژی، بەڵام لێرەش لەگەڵ پۆلیسی سیاسی ئەم وڵاتە تووشی کێشە دەبێت، ئەمەش بەهۆی کچە هاوڕێیەکەوە کە دژی ڕژێمی سۆشیالیستی بووە، خۆیی و کچەکەی هاوڕێی دەستگیر دەکرێن. نووسەر ئەم دەستگیرکردنەشی کردۆتە گرێیەک و بە ئارەزووی خۆی دەیکاتەوە، لەلایەک ئایا مەحمود مەرزوق زمانی لە کچەکەی هاوڕێیداوە، یان هەر خۆی کەسێکی ترسنۆک بووە و یەکسەر ئیعترافی لەسەرکردووە. پاشان پراگیش بەجێدەهێڵێت و دەچێتە پاریس، ماوەیەکیش لێرە دەژی، مەحمود خۆی وەکو کەسێکی ڕۆشنبیر و یاخیی و چەپ و هونەرمەند و تابلۆکێش پیشان دەدات، بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبووە. دواجار لەپاریسیش ئۆقرە ناگرێت لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا دەگەڕێتەوە بەعقوبە، لێرەش وەکو کەسێکی پووچگەرایی دەردەکەوێت و دوکانێکی کتێبفرۆشی دەکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە هەر لە سەرەتای لاوییەوە، مەحمود کۆمەڵێک کچی دۆستی دەبێت و چەندین سەرکێشی سەیری لەم بوارەدا هەیە، کە هەریەکەیان چیرۆکێکی خۆی هەیە، دواجاریش گومان دەکرێت، کە یەکێک لە هۆکارەکانی کوژرانی، بۆ بوونی پەیوەندی لەگەڵ کچێک دەگەڕێتەوە، کە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی بنەماڵەکەی بیکوژن. بەهەرحاڵ لەپاش داگیرکردنی عیراق و هاتنی ئەمریکییەکان و پاشان بڵاوبوونەوەی میلیشیاکان، ڕۆژێک لە ناوەڕاستی بازاڕدا دەکوژرێت، هەواڵی کوژرانی مەحمود لەناو میدیای عیراقیدا دەنگ دەداتەوە، وا بڵاودەکرێتەوە، کە هونەرمەندێک لەلایەن میلیشیا توندڕەوەکانەوە کوژراوە. دواتر کەسایەتییەکی دەوڵەمەندی شاری بەعقوبە داوا لە ڕۆژنامەنووس (ماجید بەغدادی) دەکات، کە بێتە بەعقوبە و کتێبێک لەبارەی مەحمود مەرزوقەوە بنووسێت، لەبەرامبەردا پارەیەکی باشی دەداتێ، ئەویش ڕازی دەبێت، لەم ڕۆمانەدا ماجید بەغدادی دەبێتە گێڕوەری ڕۆمانەکەوە.
ماجید بەغدادی دێتە بەعقوبە و هەنگاو بەهەنگاو هەوڵی گەڕان بە دوای هۆکاری کوژرانی مەحمود دەگەڕێت، لەهەمانکاتیشدا هەرجارەو لایەکی ئەم کەسایەتییە ئاڵۆزەمان بۆ دەردەخات. لەمەشدا کۆمەڵێک هاوڕێی نزیکی مەحمود یارمەتی دەدەن و کۆمەڵێک سەرە داوی دەدەنێ، دواجاریەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی لە ڕێگەی نامەیەکەوە، دیوێکی ناشیرین و قێزەونی مەحمود باس دەکات، لەکۆتاییشدا عەقید حەسەن میقداد کە عەقیدێکی پۆلیسی بەعقوبەیە و دۆسێی کوژرانی مەحمود لەلای ئەوە، پاش چەندین مانگ بۆیان دەردەکەوێت، کە کوژرانی مەحمود مەرزوق بە هەڵە بووە، میلشیایەکی توندڕەوی ئیسلامی ویستویانە کەسێک بکوژن، ئەو کەسەی کە ناردووشیانە بیکوژێت، بە هەڵە یان هەڵە لێتێنەگەیشتنێک ڕوودەدات، کە وادەکات مەحمود مەرزوق لە جیاتی کەسی داواکار بکوژرێت، ئەمەش کۆتایی ڕۆمانەکەیە.
بەکارهێنانی هەموو تەکنیکی ڕۆمانووسین
یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم ڕۆمانە، شێوازی نووسینیەتی، نووسەر توانیویەتی هەموو تەکنیکەکانی ڕۆماننووسین بەکاربهێنێت لەوانە: (دیالۆگ، ڕووداو دروستکردن، حکایەتی لاوەکی، بەکارهێنانی نامەنووسین) هەروەها تەکنیکی ڕۆمانی پۆلیسیشی بەکارهێناوە، لێرەدا قوربانیی هەیە، کەسێکیش دەگەڕێت بەدوای هۆکاری کوژرانی، هەروەها عەقیدێکی پۆلیسیش هەیە، کە دۆسێییەکەی کوژرانی لایە، ئەمەش دەچێتە قاڵبی ڕۆمانی پۆلیسییەوە. بەکارهێنانی هەموو تەکنیکەکان، وایناکردووە رۆمانەکە بڕازێنێتەوە و خوێنەر بەچەندین جۆر، ڕابکێشێتە ناو ڕۆمانەکەوە، هەرئەمەش بە هۆکاری سەرەکی سەرکەوتوونی ڕۆمانەکە دادەنرێت.
کەسایەتی دووفاقی عیراقی
دەتوانین بڵێین، مەحمود مەرزوق ئەو کەسایەتییە دووفاقییەیە، کە عەلی وەردی باسی دەکات، لەکاتێکدا مەحمود وا خۆی دەردەخات کە کەسێکی چەپ و پێشکەوتنخواز و هونەرمەند و مرۆڤدۆستە، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە، ئەمەش دواجار لە ڕێگەی نامەیەکی هاوڕێیەکی نزیکی مەحمود کە بۆ ماجید بەغدادی دەنێرێت، دیوی ئەسڵی و قێزەونی کەسایەتی مەحمود مەرزوق دەردەخات. ئەوەش زیرەکیی و بەتوانایی نووسەر دەردەخات، کە بتوانێت لە ڕێگەی ڕۆمانێکەوە وەسفێکی وردو درشت بە شێوەیەکی ئەدەبی، کەسایەتی دووفاقی عیراقی دەربخات، بەتایبەتیش لەناو ڕۆشنبیراندا.
بەداخەوە ئەم نەخۆشییە لەناو ڕۆشنبیرانی کوردیشدا زۆرباوە، کەسی واهەیە خۆی بە بیرمەند و نووسەر و شتی تریش! دادەنێت، لە ژیانیدا بە چەندین وێنە دەردەکەوێت. ساتێک بینیوومانە لەبەردەم سەرای سلێمانیدا، وەکو ڕۆشنبیرێکی ئۆپۆزسیۆنی توندڕەو دەرکەوتووە و دژی هەموو ڕۆشنبیرانی حزبی بووە، پاش چەند ساڵێکی تر، دەچێتە بەرەی دەسەڵات و قسەی توند بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڵێت. یان سەردەمێک بەرگری لە حزبە ئیسلامییەکان دەکات، سەردەمێکیش خۆی دەکاتە عیلمانییەکی توندڕەو دژی حزبە ئیسلامییەکان دەوەستێتەوە. بەداخەوە ئەمە نەخۆشییەکی کوشندەیە و وێنەیەکی خراپی ڕۆشنبیر و نووسەری، پێشکەشی کۆمەڵگەی کوردی کردووە.
ئەگەر عەلی وەردی لە ڕێگەی کتێبی فکرییەوە بەشێوەی پشتبەستن بە پڕەنسیبەکانی زانستی کۆمەڵنناسی، باسی ئەم کێشەیەی کەسایەتی عیراقی بکات، ئەوا سەعد محەمەد لەڕێگەی ئەدەبەوە، باسی کەسایەتی دووفاقی عیراقی کردووە بەتایبەتی لەناو ڕۆشنبیراندا.
مێژووی کۆن و نوێی عیراق
گرنگی ڕۆمان لەوەدایە کە هەموو شتێک لەخۆدەگرێت( زانست، مێژوو، فکر، فەلسەفە، ئەدەب، هونەر) مێژووی عیراق بەتایبەتی لەپاش کودەتاکەی بەعسییەکان، مێژووییەکی خوێناوییە، نووسەر هەوڵیداوە لایەک لەم مێژووە خوێناویە بکاتەوە، لەهەمانکاتیشدا لە ڕێگەی مەحمود مەرزوقەوە، لایەکیش لە مێژووی چەپی عیراقی بکاتەوە، هەروەها ژیانی پەنابەرانی عیراق لە تاراوگە باس دەکات، دواجار باسی قۆناغی دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمریکا و نەمانی ڕژێمی بەعس و بڵاوبوونەوەی تیرۆر و میلیشیاکان، هەموو ئەمانەش دەبنە بابەتی سەرەکی ئەم ڕۆمانە، خوێنەر بەتایبەتی نەوەی نوێ، بەو مێژووە ئاشنا دەبێت.
وێنەیەکی جوانی کورد و کوردستان
بەگشتی نووسەرانی مۆدێرنی عیراقی، وێنەی کورد لەناو ئەدەبیاتەکانیاندا، وێنەیەکی خراپ نییە، بە پێچەوانەی نووسەرانی تورکییەوە، کە هەمیشە هەوڵیانداوە وێنەیەکی ناشیرینی کورد پێشکەش بە خوێنەران بکەن، لەمەشدا زاڵبوونی بیری فاشیزم، ڕۆڵی هەیە، تەنانەت بەسەر ئەو نووسەرانەشی کە وا ئیدعا دەکەن کە دۆستی کوردن.
لەم ڕۆمانەدا سەعد محەمەد رەحیم، وێنەیەکی زۆر جوانی کوردی پیشان داوە ئەمەش لە ڕێگەی هەڵبژاردنی چەند کەسایەتییەکی کورد لەناو رۆمانەکەدا، کە هەموویان وێنەیەکی جوانیان هەیە. پاشان بە شێوەیەکی زۆر جوانیش وەسفی شاری سلێمانی کردووە، وەکو نموونەی شارێکی جوان و ئارام و ئازاد پیشانی داوە.
بەداخەوە ئەم نووسەرە بەتوانایەی عیراق، زوو ماڵئاویی لە ژیان کردووە، هەتاوەکو کاری جوانتر بنووسێت، لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە سەباح ئیسماعیل بکەین بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە جوانەی ئەدەبی عیراقی، هیوای لەشساخی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم.
سەرچاوە:
سەعد محەمەد ڕەحیم. کوژرانی کابرای کتێبفرۆش. وەرگێڕانی : سەباح ئیسماعیل. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. سلێمانی . 2024
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی