بۆ خەڵك پابەند نابێت بە ڕێنماییەكان؟

31/05/2020

د. سەیران بەرزنجی


لە دیاردەیەكی دەگمەنی بڕواپێنەكراودا، لەكاتێكدا ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرجەم ووڵاتانی دنیادا بڵاوبۆتەوە ڕۆژانە دەیان و سەدان كەس بەم ڤایرۆسە كوشندەیە دەمرێت، كەچی لەم هەرێمەی ئێمەدا زۆرینەی خەڵك نەك برۆایان پێ نیە بەڵکو ئامادەن سوێند بخۆن كە ئەمە درۆیەكی تری حكوومەتە  یاری بە كات دەكات بۆ نەدان و دواخستنی مووچەكانیان .
 
حكوومەتی هەرێـم  و حیزبەكانی بوون  بە شوانە درۆزنەكە هەرچەندە هاوار بكەن كەس بڕوایان پێناكات، چونكە  بەدرێژایی ٢٧ ساڵە درۆ لەگەڵ خەڵكدا دەكەن،  درۆ بووە بە سیما و سیفەتی سیاسەتمدارو مانیفێستی حیزبەكانیان. 

هەرچەندە ئەگەر حكوومەت تەنها ئەم ووتەیان ڕاست بێت، بەڵام  خەڵك لە داخ و دژایەتی حكوومەت پابەند نابن بە ڕێنماییەكان. چونكە بینیان حكوومەتەكەیان لەبری پلانی ستراتیجی  بۆیارمەتی و دەستگرتنیان، بە دروستكردنی قەیرانی نوێ ئەوەندەی تر نەهامەتیەكانیان قورستر دەكات،  دەبێت میللەت باجی قەرز و چەوتیەكانی ئەوان بە بڕی ٢٧ ملیار دۆلار بدات؟ تەنانەت  لە دوا دیاری و دەستكەوتی حكوومەت بە بریاری پەرلەمان بەنیازە بەناوی رێكخستنەوەی مووچەوە لە نیوەی زیاتری دەرماڵەكانی فەرمانبەران ببڕێت؟ ئەمە لەكاتێكدا بۆ ئەندام پەرلەمانەكان كە هەیانە ١٩٩٢ مووچەی ئەندام پەرلەمانیان بۆ حساب دەكرێت سەرپشكی كردوون ئەگەر مووچەیان نەوویست وویژدانیان جووڵا ئەوە بۆیان هەیە فۆڕم پڕی بكەنەوە كە مووچەیان ناوێت؟

چ كارەساتێكە ئەمە بڕواو متمانەی هاووڵاتیان بێت بەو دەسەڵاتەی كەخوێنیان بۆ ڕشت و ڕاپەڕینیان لە پێناودا كرد؟ خەڵك مافی خۆیەتی بزانێت كێ خاوەنیەتی ؟ هەرچی سامان  و داهاتی هەرێمە بۆ حیزب وبەرپرسەكانیەتی، بۆ مووچە وبژێوی ژیانی هاووڵاتی ئاسایی دەبێت لەچاوەڕوانی سواڵ و بەخشندەیی حكوومەتی بەغدادا بین؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە