ئەوەی ئەم دەسەڵاتدارێتییەی بزووتنەوەی
کوردایەتیی لەماوەی ٣٥ ساڵی تەمەنییدا لە هەرێمی کوردستان بە گەل و نیشتمانی
کوردستانی کردووە، بەدرێژایی مێژوو هیچ داگیرکەر و دوژمنێک نەیتوانیوە بیکات.
کورتکردنەوە و چڕکردنەوەی بەرئەنجامەکانی
چەوساندنەوەیەکی گەورە و ستەمێکی بێ وێنە لە مێژوودا، لەم چوار خاڵەی خوارەوەدا:
یەکەم: نابوودکردنی سایکۆلۆژیای تاک و ڕۆحی
کۆیی ئینسانی کورد
ئەو زەلیلکردنەی تاکی کورد و سووک و
بێبەهاکردنی هێزی یەکگرتوویی و وزەی کۆیی کۆمەڵگای کوردستان، بە درێژایی مێژوو هیچ
دوژمن و داگیرکەرێک پێی نەکراوە، بەڵام دووحزبخێڵەکە کردیان. لێرەوە، خودنەفرەتیی
تاک و ئینسانی کورد بەرهەمی دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی و
بەرئەنجامی گوتاری سیاسیی و مێدیایی و کار و کردەوەکانییەتی، نەوەکو دەزگا
هەواڵگریی و سیخوڕییەکانی داگیرکەران و کاریگەریی ئەجێنداکانی دوژمنان و سۆفت
پاوەری میللەتانی سەردەست بەسەر تاک و گروپەکانی کۆمەڵگای ئێمەوە.
دووەم: دابەشکارییەکی چینایەتیی قووڵ بەشێوەیەکی
خێرا لە کۆمەڵگای کوردستاندا
ئەو دابەشکارییە قووڵە چینایەتییەی کۆمەڵگای
کوردستان و ئەو تاڵانچێتییە بێسنوورەی سامان و داهاتی گشتیی کۆمەڵگای کورستان، جگە
لە دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی، هیچ دوژمن و داگیرکەرێک نەیتوانی
بیکات. ئەوانەی کە دەیبەستنەوە بە سەرمایەدارییەوە، لە ئاگاییەوە بێت یان لە
بێئاگاییەوە، جگەلەوەی کە ئەستۆپاکیی بۆ دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی
ئەنجامدەدەن و شانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە ئۆلیگارشییە خێڵەکییە خاڵیدەکەنەوە لە
بەرپرسێارێتیی هیچیدیکە ناکەن، ئەمەش لەبەر هۆکارێکی سادە و ڕوون، کە ئەویش ئەوەیە
کۆمەڵگای ئێمە لە بەرئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە بەشیوەیەکی سروشتیی و
وەکو بەرئەنجامی گەشەکردنی پشەسازیی و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان نەگەیشتووە بە
کۆمەڵگایەکی پیشەسازیی پێشکەوتوو و پەرەسەندوو کە ئەم دابەشکارییە قووڵە
چینایەتییەی لێبکەوێتەوە، بەڵکو ئەم دابەشکارییە چینایەتییە بەرهەمی فەوقانییەت و
ئەرستۆکراتییەتی سیاسیی و جیاکارییەکی توندی ئابووریی و تاڵانکردنێکی بێپەردە و
بێشەرمانەی سامان و داهاتی گشتی کۆمەڵگایە و سەپاندنی فەقر و فەلاکەت بەسەر
زۆرینەی کۆمەڵگادا.
ئاشکرایە ئەوانەی لە گیتۆ و سیتییە بە شورا
دەوردراوەکاندا دەژین لە گوندەکانی ئیتاڵیی و ئینگلیزیی و ... هتد نە سەرمایەدار و
خاوەن کارخانە و فابریکەی گەورە بوون و نە مێژوویەکی خانەوادەییان هەبووە لە
دەوڵەمەندیی و پارەداریی، بەڵکو وەزیر و پەرلەمانتار و ئەندامانی مەکتەب
سیاسییەکان و ڕاوێژکارەکان و ... هتد ئەمە جگە لە بنەماڵە داگیرکارەکانی لوتکە و
گرد و بەرزاییەکانی ناوشار و دەرەوەی شار و شارۆچکەکان کە هەر کەسێکیان و تەنانەت
منداڵێکی نێو خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان بوونەتە کۆمپرادۆر و خاوەن سەرمایەی
خەیاڵیی.
سێیەم: شێواندنی پێکهاتەی شارەکان و تێکدانی
پڕۆسەی گەشەکردنی سروشتیی کۆمەڵگا
ئەم شێواندن و تێکدانەی دیزاین و عیمرانیی
مەدەنیی شارەکان و نەهێشتنی زەوییە گشتییەکان و تێکدانی هەموو ئادگارە کولتوریی و
مێژووییەکانی ناو شارەکان و پارچەپارچەکردنی زەوییەکانی قەراغ شارەکان و کردنیان
بە پڕۆژەی بێکەڵک و بێمانای ناپێویست کە لە پشتیانەوە پڕۆسەیەکی زەبەلاحی پارەسپیکردنەوە
وەستاوە، تەنانەت سوتاندنی دارستانەکانی دەرەوەی شارەکان "بۆ نموونە ئەو دارانەی
سەر ڕێگای سلێمانی تاسڵوجە لە پێناوی پڕۆژە نایاساییە بازرگانییەکانیان" یان
داڕوخاندنی شاخ و تێکدانی تۆپۆگرافیای شارەکان "بۆ نموونە زنجیرە شاخی
گۆیژە"، ئەمە کە جگە لە وێرانکردنی سروشتی شار و پێکهاتەی شار و شارۆچکەکانی
کوردستان نەبێت چیدیکەیە؟! ئەم وێرانکارییە هەمەجییە، جگە لە دەسەڵاتدارێتییە
خێڵەکییە چەتەگەرییەکەی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە، کام دوژمن و کام داگیرکەر
توانیویەتی ئەنجامی بدات؟
چوارەم: وێرانکردنی ژێرخانی کشتوکاڵیی و
تێکدانی نەسیجی کۆمەڵایەتیی شارەکان و بە گوندیی کردنیان
وێرانکردنی ژێرخانی کشتوکاڵیی کۆمەڵگا و
تێکدانی نەسیجی کۆمەڵایەتیی شارەکان لە ڕێگەی بەتۆپەڵ چەکدارکردنی گەنجانی گوند و
دێهاتەکانی کوردستانەوە و بە پاسەوانکردنیان بۆ خۆیان و ژن و منداڵەکانیان و بەباخەوانکردن
و بە خزمەتکارکردنیان بۆ باخ و ڤێللاکانیان و لێرەوە چۆڵبوونی گوندەکان و
چڕبوونەوەیەکی خێرا و لەپڕی دانیشتوان لە نێو شارە گەورەکاندا و بە گوندییبوونی
شارەکان. ئایا ئەمە بە درێژایی یادەوەریی چەندین نەوە و تەنانەت لە مێژوودا، هیچ
دوژمن و داگیرکەرێک توانیویەتی بیکات جگە لە دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی
کوردایەتیی.
ئەرک و هەڵوێستی ئینسانی بەرپرسیار
ئەرکی هەر ئینسانێک کە بەڕاستی لە خەمی
ئینسانی کورد و کۆمەڵگاکەیدایەتی، ئایا وەستانەوەیە بەڕووی دەسەڵاتدارێتییە
ئۆلیگارشییە خێڵەکییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتییدا یان پارێزگاریی لێکردن و
پاساوبۆهێنانەوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ژێر ناونیشانی کوردایەتیی و
نەتەوەگەرایی و لەژێر ناونیشانی دژایەتییکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی؟!
ئەوەی لێرە لە هەرێمی کوردستان بە کردەیی و
بەبێ پسانەوە لە ٣٥ ساڵی ڕابردووەوە، ستەمی گەورە و چەوساندنەوەی هەمەلایەنەی
بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا سەپاندووە و مرۆڤی کوردی بەشێوەیەکی هەمەلایەنە زەلیل و
نابوود کردووە، بەڕاست و ڕاشکاو کێیە؟ عەرەب و دەسەڵاتی ناوەندیی بەغدایە یان
دووحزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کوردایەتیی؟
بۆ ئەو بەڕێزانەی لە خەمی شوناسی کولتوریی و
فەرهەنگیی کۆمەڵگای کوردستانن، بەڕاست جگە لە دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتیی، کێ
هەڕەشەیە بەسەر شوناسی کولتوریی و فەرهەنگیی کۆمەڵگای ئێمەوە؟
بۆ ئەو بەڕێزانەی خەمی زمانی کوردییانە وەکو
بنەمایەکی سەرەکیی بۆ شوناس و بوونی ئینسانی کورد، بەڕاست جگە لە ئەم
دەسەڵاتدارێتییە، کە شار و شارۆچکەکانی پڕ کردووە لە خوێندنگەی فەڕەنسیی و
ئینگلیزیی، و ... هتد تا پەیمانگا و زانکۆکان کە پێکڕا ئەهلیین و بە پارەی زۆر
منداڵانی چینە ئەرستۆکراتییە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان تێیاندا دەخوێنن، ئەمەش
لە گرنگیی و بەهای زمانەکەی کەم کردووەتەوە هەڵبەت لەلای خودی ئەو چینە
دەسەڵاتدارە ئەرستۆکراتییە سیاسییە و منداڵەکانیان، کێی تر بەرپرسیارە؟
بەڕێزان، ئەو وێرانکارییە فرە ڕەهەندەی ئەم دەسەڵاتدارێتییە
بەسەر خەڵکی کوردستان و نیشتمانەکەیدا هێناوە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا، نەوەکو دوژمن
و داگیرکەر پێی نەکراوە و نەیتوانیوە، بەڵکو لە مێژووی کۆمەڵگاکانی سەر ئەم گۆی
زەمینە لە وێنەی نادۆزینەوە.
ئەو بەڕێزانەی باز بەسەر ئەم چەوساندنەوە و
ستەمە گەورەیەدا دەدەن و بەبۆنە و بێ بۆنە، حکومەتی ناوەندیی یان بەغدا تاوانبار
دەکەن و نەشتەری ڕەخنەیان هەردەم تیژ و لەسەر پێیە دژ بە عەرەب، بەڵام ڕستەیەک و
وتارێکیان نییە لەسەر ئەو هەرەسە گەورە ناوەکییەی کۆمەڵگای کوردستان هەڵبەت لەسەر
دەستی ڕابەرانی! کوردایەتیی و شۆڕشگێڕەکانی! نەتەوەگەرایی. وتار و شرۆڤەی درێژ
پێشکەشدەکەن لەبارەی خەتەری ئەوانی دیکە لەسەر خودی ئینسانی کورد، بەڵام قسەیەکیان
نییە لەسەر هەڕەشە ڕاستەقینە ناوخۆییەکەی بوونی کوردیی، کە جگە لە
دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتیی کەسی دیکە نییە.
بەڕێزان، ئێوە کەی واز لەو تۆمەتە ئامادە و
حوکمە ئایدیۆلۆژییانە دەهێنن کە هەمان تۆمەتە ئامادە و حوکمە ئایدیۆلۆژییەکانی،
ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیین، کاتێک بە ڕەخنەگرانی ئەم دەسەڵاتدارێتییە دەڵێن: (جاش و
بەکرێگیراوی بێگانە و دوژمن، خودنەفرەتیی لە سایکۆلۆژیای ئینسانی کورددا
بەرئەنجامی کاریگەریی ئەجێندا هەوڵگرییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانە،
وەلائی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق خیانەتە و کۆیلەبوون ... هتد)
بەڕاست، ئێوە بەو ئاستە بێئاگان لە دۆخی
ئابووریی کۆمەڵگای کوردستان؟! بەڕاست، ئێوە بەو ئاستە بێئاگان لەوەی لە نێو
بیرکردنەوەی تاکی کورد و لە ئاگایی گشتی کۆمەڵگای کوردستاندا دەگوزەرێ؟
بەڕێزان، ناپرسن؟!
ئەرێ لە خۆتان نەپرسیوە، بۆ کۆمەڵگای
کوردستان گەیشتە ئەو قەناعەتەی بەغدا بە فریادڕەس بزانێت؟
ئەرێ ئێوە لە خۆتان نەپرسی، کاتێک دادگای
فیدراڵیی بڕیاریدا بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆچی خەڵک
هێندە دڵخۆش بوو؟! هەمان قسەی بیرلێنەکراوە و تۆمەتی حازربەدەستی نووسەر و
میدیاکارە حزبییە ماکیاژکارەکان دووبارە مەکەنەوە کە گوایا: (تەنها خەڵکی سلێمانی
دڵخۆش بوون ئەویش بە هۆکاری ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنێکی نامەسئول و پۆپۆلیست لەگەڵ
ئەجێنداکانی سیاسەتی ئێران و شیعەگەرایی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان هەژموونی
بەسەر خەڵکەکەیەوە هەیە و خەڵکی هەولێر نەوەکو دڵخۆش نەبوون بەڵکو بە توندیی
نیگەران بوون.)
نا بەڕێزان، خەڵکی هەولێر و دهۆک لە خەڵکی
سلێمانی دڵخۆشتر بوون بەو بڕیارە لە کاتی خۆیدا، بەڵام نەیانتوانی بە ئاشکرا و
ڕاشکاوانە گوزارشی لێبکەن، هەروەکو چۆن بۆ زۆرینەی پرس و ڕووداوەکانی دیکەش
ناتوانن بە ئازادیی گوزراش لە بیروڕای خۆیان بکەن، ئەوەش ئاشکرایە کە لە ژێر
جەبرێکی هێندە توندیی ئەمنیی و سیاسیی و هەواڵگرییدان لەلایەن دسەڵاتدارێتیی ئەو
زۆنەوە کە ئیدی ئەو هێندەش کە هەنسەی ڕەخنەی تێدایە زۆر باشە و لە ئازایەتیی و
ئازادیی خەڵکەکەوەیە.
بەڕێزان، ئەوەی سەرەوە، بابەتی بڕیارەکەی
چەند ساڵی پێشتری دادگای فیدراڵیی بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، تەنها
نموونەیەک بوو لە دژیەکیی نێوان بەرژەوەندیی و هەست و بیرکردنەوەی خەڵک لایەک و
دەسەڵاتداران لەلایەکی تر. نوێترین نموونەی ئەو خۆشحاڵییەی خەڵکی هەرێمی کوردستان
دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، ڕووداوی جێهێشتنی عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە
بوو، کاتێک بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکەوتن و
لێدوانیان دا.
بەڕێزان، هەمان ئەو خەڵکەی هەرێمی کوردستان
بوو کە ڕاپەڕینیان کرد لە دژی بەعس، ئێستا بەغدا و حکومەتی عێراقیی بە ڕزگارکەر
دەزانێت و دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتیی بە بەڵا و مۆتەکەیەکی گەورە بەسەر ژیانی
خۆیەوە.
بەڕێزان، بازدان بەسەر هەموو ئەو قەیرانە
خنکێنەرانەی کە بەرۆکی خەڵکی هەرێمیان گرتووە و هەموو ڕۆژ بە ئامانجگرتنی حکومەتی
عێراقیی و عەرەب و دەوڵەتانی چواردەور و داگیرکەر، نە خۆشویستنی نەتەوەی کورد و
خەڵکی کوردستانە، نە بەرپرسیارێتیی بەرانبەر نیشتمان، نە ئازادیخوازیی، نە
چاکەخوازیی و فەزیلەت، بەڵکو تەنها و تەنها لابردنی فۆکەسی خۆت و خوێنەران و
گوێگرانتە لەسەر تاوانباری سەرەکیی ئەم دۆخە کە دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی
کوردستانە.
بەڕێزان، ئەم دەسەڵاتدارێتییە لە تەمەنی
خۆیدا، بە دەیان تریلیۆن دۆلاری لە سامان و داهاتی گشتیی ئەم کۆمەڵگایە تاڵان کرد
و لە ژێر دەستی منداڵ و نەوەکانیاندا کەڵەکە بووە کە بە دەیان پڕۆژەی بازرگانیی و
بزنسی زەبەلاحەوە ڕوخساریان لەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان دەناسرێتەوە و هەمووی
بووە بە کابووس بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە.
بەڕێزان، ئەو دەسەڵاتدارانەی کە ئێوە بەشێوەیەکی
ناڕاستەوخۆی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیانەوە بە دژایەتییکردنی بەغدا و بە شەیتان
کردنی حکومەتی عێراقییەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵک بۆ شوێنێک کە لە هاوکێشەی ژیانی
خەڵکدا تاوانبارە سەرەکییەکە نیین، کار لەسەر ئارایشتکردنیان دەکەن و تەنانەت
پارێزگارییان لێدەکەن بەو مانایەی پارێزگارییکردن لە هەرێمتان گرێداوەتەوە بە
پارێزگارییکردن لەو دەسەڵاتدارانە، هەر ئەو دەسەڵاتدارانەن کە دەستیان لە قوت و
ژیانی خەڵک گیرکردووە، ژیانی ڕووتی بەشێکی زۆری خەڵکیان تا ئاستی خوار هێڵی
هەژاریی داگەڕاندووە.
نازانم ئێوە ئەوانە نازانن و نابینن و
نابیستن؟! ئەگەر بەڵێ، ئەی بۆ قسەیەک و ڕستەیەکی جددیی و ڕاشکاوانەتان نییە لەو
بارەیەوە. ئەگەریش نەخێر، بەڕاست ئێوە پەیوەندییتان بە کۆمەڵگای کوردستانەوە چۆن و
بە چ شێوەیەکە؟! چۆن دەکرێت ئینسان لە واقعیی ژیانی کۆمەڵگاکەی هێندە دابڕاو بێت؟!
خۆ لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بیت، لە ڕێگەی پلاتفۆڕمە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرێت
بڕێکی باش لە تێگەیشتنمان بۆ ژیان و دۆخی ئینسانەکانی کۆمەڵگاکەمان لەلا گەڵاڵە
ببێت.
دوو زانیاریی و دوو ڕستەی سادە وەکو کۆتایی
لەم وەرزەدا کە بەرەو سەرما دەڕۆین خەڵکی
سادە و ئاسایی "دەڵێم خەڵکی سادە و ئاسایی" لە هەرێمی کوردستان، لە سەدا
٩٥ ی نەوتی نەکڕیوە بۆ زستان کە نرخی بەرمیلێک بە نزیکیی ٣٠٠ هەزار دینارە و سەری
دنیای لێ هاتووەتەوە یەک. ئەوە گرانییە بێماناکەی بەنزین لەلایەک و هەر ڕۆژ
بەرزتربوونەوەی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکیی و ڕۆژانەییەکان لەلایەکیتر،
لەولاوە بوەستێ.
نرخ بەرزیی تا ئەوپەڕیی، کارەبای هەرێمی
کوردستان خەڵکی بە گیر هێناوە، نەوەکو خەڵکی سادە و ئاسایی بەڵکو بەرپرسە سیاسیی و
حزبییەکانیش، کە داهاتی هەر یەک لەو بەرپرسە سیاسیی و حزبییانە بەرنبەرە لانیکەم
بە داهاتی ٢٠ بۆ ٣٠ هاونیشتمانی سادە و ئاسایی، هاواریان لێبەرز بووەتەوە کە نرخی
کارەبا و ئەو بڕە پارەیەی بۆیان هاتووەتەوە لە توانای ئەوان سەرووترە.
ئەگەر ئێوەی بەڕێز نایزانن، کە هەموو خەڵکی
کوردستان دەیزانن، با پێتان بڵێم کە ئەم دوو قەیرانە گەورەی پێشتر هێمام بۆ کردن،
واتا نرخی زۆر بەرزیی نەوت و بەنزین لەگەڵ نرخی بێئەندازە بەرزیی کارەبا، گوایا
کارەبای نیشتمانیی!، تەنها لە هەرێمی کوردستانی ژێر دەستی دەسەڵاتدارێتییەکەی دوو
خێڵەکەی کوردایەتیی بەو شێوەیەیە. واتا لەو ناوچانەی دیکەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتیی
عێراقیی بە ئامانجگیراو و بە شەیتان کراوی نێو نووسین و شرۆڤەکانی ئێوە، بە کەرکوک
و خانەقینیشەوە، شتێک لە نرخ بەرزیی نەوت و بەنزین یان کارەبا لە گۆڕێ نییە.
ئەمە دوو نموونەی زۆر سادە و کورت، مشتێکی
زۆر بچووک لە خەرواری گەورەی قەیرانەکان و دەست و دیارییەکانی دەسەڵاتدارانی
هەرێمی کوردستانن بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی