وەڵامی داواكاری ناڕەزایەتییەكان لە كوێیە‌؟

02/06/2020

ئارام هادی

تادێت ناڕەزایەتیەكان دژی سیستەمی حوكمڕانی هەرێم لە نەبونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و دواخستنی موچە فراوانتردەبن، تەنها 10‌ساڵی ڕابردوو به ‌نمونە وەربگرین زۆرترین چین و توێژەكان دژی كەمكردنەوە و دواخستنی (موچە. دەرماڵە. نەبونی خزمەتگوزاری)، هاتوونەتە شەقام، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوین بە ئەنجامێكی ڕیشەیی دڵخۆشكەر، گەر جار و بار چارەسەرێك هەبووبێت ئەویش كاتی بووە و دوای ماوەیەك دۆخەكە چووەتەوە ئاستی پێشوو، ئەمەش بەشی زۆری بەهۆی شكستی سیستەمی ناوەندی بەهێزەوەیە كە لە كوردستان حوكم دەكات، هەموو دەسەڵاتەكان لە هەولێر چڕكراونەتەوە و پارێزگاكان دەسەڵاتی ئەوتۆیان نیە تا بتوانن وەڵامی دڵخۆشكەری ناڕەزایەتیەكان بدەنەوە و لانیكەم بەشێك لە داوای ڕەوای چین و توێژەكان جێبەجێبكەن. 

سیستەمی حوكمڕانی لە عیراق فیدراڵیە و لە هەرێم ناوەندیه!!‌، لە ڕاستیدا دەبوو بۆ هەرێم لامەركەزی ئیداری(كارگێڕی. دارایی)بوایە، چونكە دەركەوت ئەو سیستەمە ناوەندیە بەهێزە لە هێنانەدی حوكمی تەندروست و خزمەتگوزار شكستی هێنا تەنانەت توانای دابەشكردنی موچەی لەكاتی خۆیدانیە!!، وەك چۆن بەپێی پێویست خزمەتی هەولێر و دهۆكیشی پێناكرێت، ئەمە جگە لەوەی 10ساڵە (سلێمانی. هەڵەبجە. ئیدارەكانی گەرمیان. ڕاپەڕین)، لە لیستی سزاكانی حكومەتەكەی هەولێردایە، ئەمەش وایكردوە بەڕێوەبەرایەتیە خۆجێیەكان لە سەر ئاستی پارێزگا و یەكە ئیداریەكان نەتوانن بە مژدەی خۆش وەڵامی داواكاری ناڕەزایەتیەكان بدەنەوە و لەبری ئەمە قەیران بە قەیران دەسپێردرێت. 

دەستووری عیراق قبوڵی سیستەمی لامەركەزی كردووە و ماوەیەكیشە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەنگاوەكانیان لەم پێناوەدا چڕكردووەتەوە و پارێزگاری هەولێریش لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێ "سیستەمی لامەركەزی لە هەركوێ زیاتر بۆ هەولێر پێویستترە"، سەرباری ئەوەی ئەمە لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتی نێوان (یەكێتی پارتی)(گۆڕان پارتی)دا هاتووە و لەسەر ئەم بنەمایەش بووەتە كارنامەی كابینەكە، بەڵام بەداخەوە دوای 11مانگ لە دەست بە كاربونی كابینەی هەشت، تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی بۆ لامەركەزی نەناوە بەڵكو حزبەكەی سەرۆكی حكومەت لە ڕێگەی سۆسیال میدیاكانی نزیك خۆیەوە هەوڵی ناشیرنكردنی ئەو كەسانەش دەدا كە باس لە لامەركەزی دەكەن و هەوڵەكان بە لاڕێدا دەبات، وا لە خەڵك دەگەیەنێت كە مەبەستەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێم و راستەوخۆ مامەڵەی پارێزگاكانە بە عیراقەوە!!. 

خواستی جەماوەری بۆ لامەركەزی ئیداری(كارگێڕی. دارایی)
لەئێستاشدا خواستی جەماوەری بۆ سیستەمی لامەركەزی ئیداری(كارگێڕی. دارایی) بۆ تەواوی هەرێمی كوردستان لە ناو هەرێمدا بونی هەیە، بەڵام خواستەكە نەبووەتە داواكاری جدی و گردبونەوە و ڕێپێوانی بۆ سازنەدراوە، تا لەم ڕێگەوەیەوە فشارەكە لەسەر حكومەت زیاتر بێت و هەرچی زووە هەنگاوەكانی لامەركەزی خێراتربن، كە پێوست دەكات لە داهاتوودا ئاڕاستەی داواكاریەكانمان لە خواستێكی جەماوەری و گردبونەوەدا بخەینەڕوو. 

گەر ئەم خواستە جەماوەریە هاوشانی ئەنجومەنی پارێزگاكان فشار لە حكومەت نەكەن بۆ سیستەمی لامەركەزی (كارگێڕی. دارایی)، ئەوا وەك ڕابردوو داواكاری خۆپیشاندەران هیچی لێ سەوزنابێت، چونكە (پارە و دەسەڵات) لە پارێزگاكان نیە تا بتوانن بەشێكی داواكریەكەش جێبەجێبكەن نەك هەمووی، لە 10ساڵی ڕابردوودا مامۆستایان لە بەردەم پەیوەردەی سلێمانی و كرێنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەت لە بەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان و خانەنشینان لە دەزگاكەی خۆیان و كوێ و كوێیتر بە خۆپیشاندان و داواكاریەكانی بەردەم دادگای سلێمانی و پارێزگاوە، هیچ لە بابەتەكە نەگۆڕا و بگرە خراپتریش بوو، هەمووشمان گوێمان لە بەڕێوەبەرە خۆجێیەكان ‌بووە كە خۆیان دەڵێن ئێمە هیچمان بەدەست نیە و هەموو شتێك لە بینای حكومەت لە هەولێر و حكومەتیش لە سەرۆكەكەیدا چڕكراوەتەوە.

بۆئەوەی وەك ڕابردوو گردبونەوە و ڕێپێوانەكان بە خوێندنەوەی بەیاننامە و چەند داواكاریەك كۆتایی پێنەیەت كە هیچی جێبەجێنەكراون، هەروەها بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بزانین ناڕەزایەتیەكانمان و داواكاریەكانمان ڕوودەكەینە كێ؟، بۆ ئەوەی ڕووبكەینە ئەو شوێنانەی كە توانای بڕیاردان و جێبەجێكردنیان هەبێت، دوافرسەت و چارەسەر جێبەجێكردنی سیستەمی لامەركەزی ئیداری (كارگێڕی.. دارایی)یە و بەبێ سڵەمینەوە لەوەی كە كام حزبی لەپشتە دەبێت ئێمەش لە پشتی بین، تا سەرخستنی پرۆژەكە گەرنا ڕەوشەكە لە ئێستا خراپتر دەبێت، گەر سیستەمەكەش جێبەجێكرا ئەوا ئەوكات ئێمە دەزانین ڕووبكەینە كوێ و ئیخەی كێ بگرین تا جێبەجێكردنی داواكان لە كۆڵی نەبینەوە.

ئارام هادی 


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی