مەرگ بە کۆرۆنا یا بە برسییەتی؟

02/06/2020

دانا هەڵەبجەیی

دەوڵەتداری بە میزاج و مزگێنی ناکرێت، حکومەتداری بە هاش و هوش ناکرێت، دەسەڵاتداریش بە ترس و تۆقاندن بەڕێوە ناچێت.
کاتێک کە گەڵێکی پێنج ملیۆنی لە ناو قەبارەیەکی بێ دەوڵەتی دانپێنەنراوی سەر پارچەیەک لەم زەوییە، توشی قەیرانێکی جیهانیی تەندروستی وەک کۆرۆنا ئەبێت؛ یا ئەبێت لۆکاڵییانە جڵەو و چارەی بکرێت، یا ئەبێت بە ڕەزم و ڕێتمی جیهانیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.


لەمە زیاتر هەرچییەکی تر، ئیتر خەڵک و خود خەڵاتاندنە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە خەڵک بۆ ماوەی  چل ڕۆژ زۆر دڵسۆزانە و هۆشیارانە پابەند بوون و خۆیان کەرنتینە کرد، پاشان مانگێکی ڕەمەزانیش هاتە سەر، جەژنیشی  پێوە لکێندرا، شەپۆلە گەورەکەی کۆرۆنایان ڕایی کرد و خۆیان لە مەترسییە گەورەکە پاراست.
ئەگەر لەنێوان خەڵک و حکومەت دادوەری بکرێت، خەڵک زۆر پابەند بوون بە ئەرکەکانی خۆیان. نزیکەی سێ مانگ خەڵک خۆی ترازانبوویەوە ماڵەوە، خۆیان و خەڵکیشیان لە ئافاتەکە پاراست.
ئەی حکومەت چی کرد؟، موچەی دا، خزمەتگوزاری پێشکەش کرد، هاوسەنگی ئابووریی خەڵکی ڕاگرت؟، بێ گومان نەخێر.


لەم قەیرانە جیهانییە، کابینەی نۆیەم نەک جیهانییانە مامەڵەی نەکرد، بەڵکو لۆکاڵییانەی پۆلیسیانە و ئاسایشییانە لەگەڵ دۆخەکەدا بەرخوردی کرد.
میللەت لە نێوان مردن بە نەخۆشی کۆرۆنا یا مردن لە برسا؛ کرۆناکەی هەڵبژارد، چونکە؛ حکومەت وەک وڵاتانی دونیا نەک هاوکاریی دارایی بژێوی دابین نەکرد بەڵکو موچەی ئەو چەند مانگەشی بۆ مسەوگەر نەکردن.


ئیتر مەرگێک بە نەخۆشی کۆرۆنا کە قابیلی چارەیە، هەڵبژارد نەک مەرگێک بە برسییەتی و ڕیسوابوونیان لە بەردەم هاوسەر و منداڵ و خاوەن ماڵ و دوکان و قەرزارەکانیاندا.
کەسێک کە هەر بەوە ئەژی کە ئەو ڕۆژە پەیدای ئەکات، لە نێوان ئافات و برسیەتی، ناچارە ئافاتەکە هەڵبژێرێت، چونکە بەلایەنی کەمەوە ئەمە دەردێکی جیهانییە، بەڵام برسییەتی دۆخێکی تاکەکەسی و خێزانییە کە بەرگەگرتنی ئەوەندە سەختە کە بۆی هەیە مرۆڤ بەرەو تاوان و هاری بەرێت. 


کورد ئەڵیت؛ برسییەتی ڕەگی هاری پێوەیە، و کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە، کە برسیت بێت و کاسە پڕ نەبێت بێگومان چاوەڕێی هاری و جەنگ ئەبێت بکرێت.
لە ئەمریکا پۆلیسێک بە کارێکی ناڕەوا، هەموو ئەمریکای ڕژانە سەر شەقام و داوای دادپەروەرییان بەرز کردەوە، سەرەڕای بوونی چڕی کۆرۆناش.
ئەوەتا دوێنێ بە سەدان کەس ڕژانە مەیدانی دامی ئامستردام، لە دژی ڕووداوەکە ی ئەمریکا، کە من دڵنیام بۆ ولاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورپاش تەشەنە ئەکات.


ئیتر میللەتانی دونیا بەرگەی داپڵۆسین و توندووتیژی دەسەڵات و پۆلیس ناگرن، ئیدی دوای کۆرۆنا جیهان و بەروبوومەکەی هەر بۆ دەسەڵاتداران نییە و نابێت، بەڵکو میللەت و خەڵکیش خاوەنییەتی. ئەمە گۆڕانکارییە مەزنەکەیە کە ئەبێت دوای کۆرۆنا ڕووبدات، کە جیهان و خێروبێرەکەی هی هەمووانە نەک تاقمێک و بنەماڵەیەک و حکومەتێک.


کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم، کە سەرۆک حکومەتەکەی و وەزیری ناوخۆکەشی، کەسانی پسپۆر و قاڵبووی پاراستن و ئاسایش و پۆلیسیین، کاتێک کە بۆ خەڵک ئەدوێن، وا ئەزانن بۆ خەڵکانی زیندانی ئەدوین و سزا و یاسا و چاوسوورکردنەوە، تاکە میتۆدی پەیامەکانیانە.
خەڵک بە حکومەتێکی دیموکراسی و ئازادی وەک ئەمریکا ڕازی نییە کە دەسەڵات ئەداتە دەست پۆلیسێک، کە مرۆڤێک بکوژێت، ئەی ئەگەر لە حکومەتێکی نادیموکراسی و نائازادیدا بژیت و دەسەڵاتەکەش خۆی پۆلیسی بێت؛ چاوەڕێی چی لێ ئەکرێت؟.



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی