سەرکەوتی جیهازو بەختیار نامیق
بەدرێژایی مێژوو کورد بۆتە کارت و بەکارهێنراوە لەنێوان بەرداشی بەریەککەوتنی دەوڵەتەکاندا، هەم دەوڵەتە ناوچەییەکان هەم دەوڵەتە جیهانییەکان ، دەوڵەتانی ناوچە بەتایبەت زلهێزە ناوچەییەکان (تورکیاو ئێران) لەمێژەوە تائێستاو بەتایبەت سەردەمی سەفەوی و عوسمانی تا ئێران و تورکیای ئێستا هەرکات لاواز بوبێتن مافی کوردیان وەک تاکتیک بەکارهێناوە و بگرە نیمچە سەربەخۆییەکیان پێداون تا ئاستی میرنشین و خودموختاری و کارگێڕی ، هەرکات لە تەنگژەکان دەرچوبێتن پشتیان کردوەتە کورد و بگرە جەنگی خوێناویان دژکردون ، هەر لە میرنشینەکانی بابان و ئەردەڵان و تا نەهری و شۆڕشی بەدرخانیەکان و تا قازی و شێخ مەحمود و بارزانی ، عەرەبیش هەر هەمان تاکتیکیان بەکار دەهێنا بە تایبەت لە عێراق و سوریا کە نەک هەر دژی خۆبەڕێوەبەری کورد بون تەنها دژی شۆڕش و سەرکردەکان بن بگرە بونە خاوەنی قێزەوینترین دۆسەی کۆمەڵکوژی وەک ئەنفال و کیمیاباران ، دەوڵەتە زلهێزەکانیش لەکاتی لاوازبون و گۆڕانی دەوڵەتە ناوچەییەکان مافی کوردیان وەک خاڵی پەیماننامەکان نوسیوە ، بەڵام دوای خۆگرتنی دەوڵەتە ناوچەییەکان ئەوان بە پێی بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی پشتیان لە مافی کورد کردوە و کوردیان کردوەتە دەرخواردی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ، ئەڵبەت هەموی بە هۆی جەنگ و ململانێوە بۆشایی دروست بوە ئەوکات کورد توانیویەتی هەم شۆڕش و هەم هەندێ کات خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری بەدەست بهێنێ ، ئەم مێژووە بەدرێژایی سەدان ساڵ خۆی دوبارە دەکاتەوە.
لە ئێستادا عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا لەبەردەم نەخشەیەکی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان وکەوتونەتە بەردەم پێکدادانی زلهێزەکان و بەتایبەت بەهێزبونی ئیسرائیل ، بۆیە دەبینین دوبارە کارتی کورد بەکاردێننەوە و باسی ماف و پرۆسەی ئاشتی دەکەن ، بۆنەکان پڕ دەبێت لە شایستەیی کورد بۆ مافەکانی و زمانی کوردی و ئاڵای کوردستان لەهەر چوارپاچەکە دەبینرێت ، ئەڵبەت ئەگەرچی سەردەمەکە تەواو جیاوازە بەڵام هەر بەدەر نیە لە دوباربونەوەی مێژوو ، چونکە نە زلهێزەکانی وەک ڕوس و چین و ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا هەمان پێوەریان هەیە و بەرژەوەندییان گەورەترە لە دۆستایەتیان و مافی نەتەوەکان نە دەوڵەتی زلهێزی ناوچەیش بەهێزن تا ڕوبەڕوی کورد ببنەوە ، ئەمەشمان لە ڕیفراندۆم و عەفرین و جۆلانی و خاوبونەوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا بینی ، لە ئەمڕۆی سیستەمی سەرمایەداری و پاشەکشەی دروشمەکانی وەک مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکان ئەگەری دوبارەبونەوەی هەمان مێژوو لە ئارادایە.
کورد لە ئێستادا لە نەبونی دەوڵەتی بەهێزی دیکتاتۆری تورکی و عەرەبی و فارسیدایە ، دەوڵەتە زلهێزەکانیش لە جەنگی شاراوە و ململانێیەکی بەهێزدان ئەمە وایکردوە بۆشایی ناوچەیی و جیهانی بۆ کورد دروست ببێت ، کورد توانیویەتی لە باشور و ڕۆژئاوا خۆسەری و خۆبەڕێوەبەری هەبێت ، کە ئەگەر سود لەهەڵە مێژوییەکان ببینێت دەتوانێ تا ئاستێک لەم سەردەمەدا وەک باشور لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵات بگاتە نیمچە مافێکی خۆسەری.
ئەوەی گرنگە یەکێتی ناوەکی ناو ماڵی کوردە، لە مێژودا کورد بۆتە خۆراکی خیانەتی ناوخۆیی ، دەبێت لە ئێستادا هەمان هەڵەی مێژوو دوبارە نەبێتەوە ، یەکێتی ناوەکی لە هێرشی جۆلانی بۆ سەر ڕۆژئاوا و نەورۆز کورد توانی ئامادەگی هەبێت لەسەر شانۆی جیهانی ، دەبێت کورد بزانێت چۆن یاری دەکات لەناو بازنەی بەرییەککەوتنی بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا بە تایبەت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ وە چۆن یارییەکانی بکات بە یەکدەنگی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی