لە نێوان یەکێتی و یەک دەرزەن سفر

02/06/2020

هونەر جەبار

 لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ ئاگاداربوون و ووردبوونەوە لە کۆی دۆسیەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بەدەستهێنراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک موئەسەسەیەکی ئیداری و بەڕێوەبردن، و سیاددی، ئەوە بەرچاو ئەکەوێت کە لە دوای ساڵی ٢٠١٣ و هاتنە کایەی بۆچوون و پلانی ئابووری سەربەخۆ بابەتی وەرگرتنی قەرز پەیوەست بووە بە لایەنی سەرەکی پێکهێنەری سەرۆکایەتیی و ئۆرگانە ئیدارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتتر لایەنی سیاسی ئیدارەکاری سەرەکیی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان. 

سەرەتا، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە هەرێمی کوردستان ئەندام نییە لە کۆمەڵەی وڵاتانی ئەندام لە " سندووقی دراوی نێودەوڵەتی " و ناتوانێت وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ  هاوشێوەی وڵاتانی خاوەن پێداویستی دارایی سودمەند بێت لە خزمەتگوزارییە داراییەکانی ئەم سنووقە نێودەوڵەتییە لە کاتی پێویست و  بە گوێرەی پێویست بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی عێراق. هەروەها، بە پێی ستاندەردە ناوخۆییەکانی دامەزراوەی سندوقی قەرزی نێودەوڵەتی، هەر  وڵاتێکی خاوەن پیداویستی قەرزی دارایی پێویستە ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر جێبەجێکردنی کۆی پێشنیارە نوسراوە، داتاشراوەکانی پڕۆگرامە ئابوورییەکانی پەیوەست بە بەدەستهێنانی قەرز و سودمەندبوون لە خزمەتگوزارییە داراییەکانی سندووقی قەرزی نێودەوڵەتی، بەمەبەستی ڕزگاربوون لەو قەیرانە کە بووەتە هۆی پەنابردن بۆ بەدەستهێنانی قەرزی نێودەوڵەتی بۆ ڕزگار بوونی وڵاتی داواکار و گەرەنتی کردنی وەرگرتنەوەی قەرزە بەخشراوەکان.  

کەواتە، لێرەوە کەمێک زیاتر لە سەرچاوەی قەرزە بانگەشە بۆکراوەکانی حکومەتی هەرێم نزیک ئەبینەوە، و بە ووردتر ئەپرسین ئەی سەرچاوەی ٢٧ ملیار دۆلار قەرز کە گەڕاندنەوەی لە چوارچێوەی بوودجەی حکومەتی هەرێم و داهات و مووچە و گیرفان و باج و ڕسوومات و خەرجی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە کوێیە و کێ کردی!؟

هەر لایەنێک و وڵاتێکی قەرز دەر بەبێ ڕەچاوکردن و دیراسە کردنی توانای گەڕاندنەوەی قەرز لەلایەنی قەرز وەرگر ناتوانێت ڕیسک بە سەرچاوە داراییەکانی بکات هەرچەندە بار و دۆخی دارایی داواکاری قەرز مەترسیدار بێت، بەڵکو کاتێک سەرچاوەی گەڕاندنەوەی قەرز نادیار و نەبوو بێت، ڕێکخراوە خێرخوازییە تواناسنووردارەکان هەوڵی یارمەتی دان ئەدەن کە زۆر کات لە شێوەی یارمەتی نانقدی و پڕکردنەوەی پێداویستی سەرەکییەکانی وەکو خۆراک، جل و بەرگ، ئاوی پاک، نەخۆشخانەی بچووک و سەرەتایی، و کۆمەڵێک خزمەتگووزاری مرۆیی تر ی سنووردار. بەڵام، دیارە کە بەهۆی زۆریی بڕی قەرزی بانگەشە بۆکراو کە بڕی ٢٧٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دۆلارە و لە توانای ڕێکخراوە خێرخوازییەکان نییە، لایەنی پارەداری بەتوانا بە پشتبەستن بە توانای فرۆشتنی تاکە سەرچاوەی سروشتی حکومەت کە نەوتە ئەم بڕە پارە زۆرە وەرگیراوە. هەر بۆیە، لایەنی سەرەکی سیاسیی کە لە ئێستا و ڕابردوو هەردوو پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەدەست بووە، کە هیچ کامییان متمانەپێدراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نیین و نەبوون، بە لایەنی سەرەکی بەرپرسیار لەقەڵەم ئەدرێن لە 
1.چۆنییەتی وەگرتنی ڕەزامەندی بۆ وەرگرتنی قەرز
2.چۆنییەتی پێدان و خستنە ڕووی گەرەنتییە دارایی و سروشتیە گشتییەکانی دانەوەی قەرز
3. چەندێتی بڕی گەڕاوەی ساڵانەی قەرز لە بوودجەی گشتی
4. ڕەزامەندی لەسەر بڕی سوودی ساڵانەی ڕێککەوتن لەسەر کراو
5. چۆنییەتی خەرجکردنی بڕی وەرگیراوی قەرز
6.  بەکارهێنای قەرز بۆ مەبەستی پێشخستنی باری دارایی و وەبەرهێنان و ڕزگاربوون لە قەیرانی دارایی

ئەمە لەکاتێکدا، کە بەدیاریکراوی، لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە ئەم بڕە پارەیە قەرزکراوە، یاسای بوودجەی گشتی، کە خۆی دەبینێتەوە لە چۆنییەتی خەرجکردنی داهاتە گشتییە نیشتمانییە جۆراوجۆرەکان، نەگەڕاوەتەوە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان  هەتا ئەندام پارلەمانەکانی یەکێتی نیشتمانی بڕیاری دەرچوونی بدەن  ڕەزامەندی لەسەربدەن و پاشان جێبەجێ بکرێت. کۆی پرۆسەی خەرجکردنی داهات و بوودجە ی هەرێم بە بێ بەشداربوونی تیمی پارلەمانیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە چونکە هەر لەسەرەتاوە خودی پارلەمان دامەزراوەیەکی بەشدار و بەرپرسیار نەبووە و ناکرێت بەرپرسیاربێت لە کاتێکدا پرۆژە یاسای بوودجەی گشتی نەگەڕابێتەوە و بە شەفافی داهات و خەرجییەکان نەخرابێتە ڕوو.

هەر بە گوێرەی ووتەکانی زۆرینەی فراکسیۆن و ئەندام پارلەمانەکانی هەرێمی کوردستان و گلەییەکانیان دەربارەی ناشەفافی داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دۆسیەکانی پەیوەست بە داهاتی نەوت و خەرجییەکانی خزمەتگووزارییە نەوتییەکان، ئەوە دەر ئەکەوێت کە زۆرینەی کار و بارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەژێر دەسەڵاتی تەواوەتیی ئاشتی هەورامی بووە و مانەوەشی وەک وەزیر بۆ ماوەی چەندین کابینەی لە دوای یەک و پاشان دیاریکردنی وەک گەورە ڕاوێژکاری سەرەکی لە کابینەی نوێ ڕەوایی زیاتر ئەدات بە ڕەخنەکانی سەبارەت بە ناشەفافی داهات و خەرجی گشتی. هەربۆیە، ناکرێت وەزیری هەڵبژێردراوی لایەنێکی دیاریکراو و پاڵپشتیکارەکانی لێپرسراوی سەرەکی داهاتە سروشتییە ناڕوونەکان بێت، و یەکێتی نیشتمانی کە بەمەبەستی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سڕ نەبوونی خزمەتگووزاریی و ئیش و کاری ئیداری ڕۆژانەی هاوڵاتیانی ژێر نفوسی دیفاکتۆی خۆی، ئەگەر بەڕێژەیەکی سنووردار و کەمیشبێت، ڕەزامەندبووە لە بەشداری کردنی سێ کابینەی پێشو بکرێتە هاوبەشی کۆی دۆسیەی قەرز کە بە دیناری عێراقی یەک دەرزەن سفری پێوەیە. 

کۆی بڕی قەرزە ئاماژە پێدراوەکان، سەرچاوەکانیان ناوخۆی هەرێمی کوردستانە کە بریتین لە کۆمپانیا نەوتی و خزمەتگووزارییەکانی مۆڵەتپێدراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان،  بڕی موچەی نەدراوی کەڵەکەبووی مووچەخۆران کە لەلای حکومەت خۆیەتی، بڕێکی دیاریکراوی قەرزی نقدی فریاگوزاری وەرگیراو لەلایەن کۆمەڵێک لایەن و کۆمپانیای دیاریکراوی ناوخۆیی کە خۆشیان قەرزداری حکومەتن هیچ کام لەم کابینانە نەیان توانیوە وەریان بگرێتەوە. 

بە گشتی، کۆی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئاماژەی پێدەدرێت، لە دوای بیرۆکە و پلانی ئابووری سەربەخۆ سەری هەڵداوە و بەمەبەستی پڕکردنەوەی کەمهێنانی دارایی کە مووچەی فەرمانبەرانبووە نەک خەرجی وەبەرهێنان وخزمەتگووزاریەکان. جێگەی دەستخۆشییە بۆ سەرۆک پارلەمانە یەکێتییە بوێرەکە کە یەکەمین خاوەن دەسەڵاتی سیادیی بووە کە بە کورتی و ڕوونی تیشکی خستە سەر قەرزدار نەبوونی حکوومەتی هەرێم کە ئەمەش بووە هۆی ڕێگریکردن لە گەڕاندنەوەی قەرزە ناوخۆییە ناڕوونە سەربەخۆیە شەخسییەکانی حکومەت لە ڕێگای شەرعیەتدان بە کەمکردنەوەی شایستەی مووچەخۆران و پاشان  پێدانەوەی هەمان پارە بۆ پڕکردنەوەی بوودجەی ناشەفاف و  پارەدار کردنی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. واتە، " ڕۆنی خۆمان بۆ سمێڵی خۆمان" 

ئەوەی کە ئەم تیمە پارلەمانییەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامیدا سەبارەت بە دۆسییەی قەرز، لە ژێر ڕێنماییەکانی سەرکردایەتی و هاوسەرۆکانی نوێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جێگەی ڕێزە چونکە ڕێگریکردن بووە لە بە شەرعی کردنی قەرزێکی زۆر و زەوەندە و ناڕوون و نادیار، و پاشان دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتی هاوڵاتیان و بازاڕ و گیرفانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و قەرزدارکردنی ئەم نەوەیە و نەوەی داهاتووش بە قەرزێکی وەهمی شەخصیی کە سەرلەبەری ناڕوونە و هیچ پێوەرێک هاوبەشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناسەلمێنێت. 

هونەر جەبار
خوێندکاری بزنس و ژمێریاری زانکۆی ئەمریکی لە عێراق/ سلێمانی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی