هەرێمێک دەردی بێ دەرمانە

03/06/2020

ئارام جوامێری

 

کێشە بنەڕەتیەکە ئەوەیە هەموو لایەک بونەتە ڕەخنەگر بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک، هیچ کەس چارەسەری پێ نیە! کاک نەوشیروان گەندەڵی و کێشەکانی ئەم وڵاتەی وەک نەخۆشی گانگرین دۆزیبۆوە، بەوەشەوە نەوەستا چارەسەریشی وەک بەدیل بۆ هەموو سێکتەرەکان خستە بەردەستیان، بەڵام بەگوێی نەکرا. دۆخی سڕینەوە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر هیچ مەنتیق نیە، خوێندنەوەی ئەکادیمی بۆ بارودۆخەکان ئەوەیە سەدا پەنجا ئیجابی و سەدا پەنجا سلبی بکەیتە پێوەری هەڵسەنگاندن. یانی مادام ڕەش هەیە سپیش هەیە، تاریکی و ڕوناکی بەهەمان شێوە، مادام ئازار هەیە هێورکەرەوەش هەیە. بەڵام دەردی ئەم نیشتیمانە ڕێک دەردی کۆرۆنایە جیهان پێی چارە ناکرێت...

دەبێ وەک قەوان بیست ساڵی تریش هەر بڵێینەوە ئەگەر ساڵی ۹۱ بەقسەی کاک نەوشیروانیان بکردایە ئێستا لە پێش کوەیت و بەحرەین دەبوین، ئێستا ئەوان دەوڵەتن و بچوکترن، بەڵام دەوڵەمەند و سەرمایە و نەختینەی گەورەیان هەیە، ئێمەش لەوان گەورەتر و بێ دەوڵەت و بێ داد و بێ یاسا و بێ پارە و بێ نیشتیمان و بێ مەسکەنین...

25 / 12 / 1991 ی زاینی گه‌لی ئۆکراین له‌ ڕیفاندۆمێکی گشتیدا ده‌نگیان به‌ جیابونه‌وه‌ دا له‌ یه‌کێتی سۆڤێت. هەرێمی کوردستان لە کوێی ئۆکراینە خۆتان هەموو جیاوازیەکان دەزانن، لە کاتێکدا لەیەک ساڵدا لە ژێر هەژمونی مەرکەزیەتی تۆتالیتاری ڕزگارمان بووە، ئەم بەراوردکاریە خۆت بەهەر وڵاتێک ئەتوانی بیکەیت، ئینجا تێ دەگەیت، هەرێمی کوردستان ۲۹ ساڵە جگە لە نەشیروان مستەفا غیابی سەرکردەی نیشتیمانی هەبووە.

تێدەگەیت ئەم هەرێمە لەدەستی ئەواندا نەبوایە و لە ژێر بڕیاری نەوشیروان مستەفادا بوایە چ نیشتیمانێکی هاوڵاتی بوون و دوور لە ئینتیمای حیزبی بونمان دە سازاند، بەڵام هەر دەبێ بڵێین هەزاران حەیف.... 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی