چەندان موچەی فەرمانبەران بەناوی پاشەکەوت گلدرایەوە بەڵام ئەو هەموو قەیرانە ڕووی لەهەرێمی کوردستان کردو خەزێنەی حکومەت هێند پارەی تێدانەبوو حکومەت دەستبداتە پاشەکەوتەکەو بەفەلسەفەی (ڕۆژی ڕەش) بەکاری بهێنێت و قەیرانەکان تێپەڕێنێت، لێرەوە دەردەکەوێت ئەوەی پێیدەگوترا (پاشەکەوت) پاشەکەوت نەکرابوو ئیتر ئەو مەبلەغە لەموچەی فەرمانبەران لەگەرووی قوڵی ئەم حکومەت و کاربەدەستانەدا چووەتە خوارێ و کەس بیر لەگەڕانەوەی نەکاتەوە.
چەندان قەیرانی جیاوازجیاواز ڕووی لەهەرێمی کوردستان کردووە و بەو پێیەیشی حکومەتی هەرێم هیچ توانایەکی دارایی نییە پێناچێت بەئاسانیش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنرێت، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا هەرێم ناڕاستگۆیە! لەگەڵ بەغدادو نایەوێت داواکارییەکانی بەغداد جێبەجێ بکات لەپێناو ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرەڕای ئەوەی سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی نییەت باشی خۆشی بەرامبەر هەرێم پیشانداوە بەڵام هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکی لەبەرامبەر سەرۆک وەزیران نەهاویشتووە.
ئەگەر حکومەتی هەرێم دەست و برد نەکات لەڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد ئەوا لەم قەیرانە خراپتریش بەڕێوەیە، چونکە لەچەند مانگی داهاتوودا خاڵی سنوری (فیشخاپور)ی نێوان عێراق و تورکیا دەکرێتەوە کە لەبری خاڵی سنوری (ئیبراهیم خەلیل)ی نێوان هەرێم و تورکیایە، بەمەش زیانێکی زۆر دەدات لەداهاتی ناوخۆی هەرێم و ڕەنگە ئەوکات حکومەتی عێراقیش ڕازی نەبێت بەمەرجی ڕادەستکردنی داهاتی خاڵە سنوریەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێککەوتن بکات.
ئەگەر فیشخاپور بکرێتەوەو کۆی داهاتی نێوان تورکیاو عێراق دەست حکومەتی عێراق بکەوێت، ئەوکات ئەوە زەربەیەکە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت و دواجار بڕی پارەی بازرگانی چەندان ساڵی ڕابردووی (ئیبراهیم خەلیل)یش ئاشکرا دەبێت کە پێشتر نەزانراوە داهاتەکەی چەند بووەو چۆن سەرف کراوە. بەمەش ئەگەر عێراق لەبەرامبەر هەرێم هەر ڕێگاو سزایەک بگرێتەبەر ئەوا دۆخی هەرێم بەرەو خراپتر دەبات و هەرێمی کوردستان پێدەنێتەناو دۆخێکی خراپتر لەوەی ئێستا هەیە.
قەیرانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەڵەکەبووی مێژوویەکی دوورە کە بۆ دوو هەڵەی زەق دەگەڕێتەوە، لەلایەک عەقڵی حکومەتداری لەهەرێمی کوردستان توانای ئیدارەدانی سیاسەتێکی سەرکەوتووی نەبووە، لەلایەکیتریشەوە کەڵکی لەو بودجە زۆرە نەبینیووە کە لەڕابردووداو ساڵانە دەنێردرایە هەرێم، ئێستاش و دواجاریش بۆئەوەی دۆخێکی لەمە خراپتر نەیەتەپێشێ دوا ڕێگا گەیشتنە بەبەغداد، ئەگەرچی بەغدادیش لەئێستادا یارییەکی زۆر لێزانانەترو باشتر لەحکومەتی هەرێم دەکات و وابەئاسانی پارەیەکی زۆر نانێرێتە هەرێم.
ئەگەرچی مستەفا کازمی دەستپێشخەری کردووە وەک نییەت باشی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا هێزو لایەنە عێراقییەکان دڵگەرم و دڵسۆزنین بەڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم چونکە بەغداد و تەواوی هێزە عێراقییەکانیش لەدۆخی هەرێم تێدەگەن لەناو چ قەیرانێکدایەو ئیش لەسەر ئەم قەیرانانەیش دەکەن.
بەکورتی و بەکوردی، هەرێم بەرەو قەیرانی زیاترو زۆرتریش هەنگاو دەنێت، ئاسۆی هیچ چارەسەرێکی ناوخۆیی نییە بۆ قەیرانەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، ڕێکنەکەوتنیش لەگەڵ بەغداد هەرێم بەرەو تێکچونی ناوخۆیی زیاترو زۆرتر بردووە، بەردەوامیش لەسەر ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغداد چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت کە هەرێم بەرەو قەیرانی زیاتر ببات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی