زەماوەندێکی دیکە

05/06/2020

عەلی عەبدولسەمەد


ڕەنگە کەسێکمان نەبێت، ئەو بروسکە و ڕستە بەناوبانگەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ی  نەبیستێبێت کە دەڵێت: 
( لە زمناکۆوە بۆ ئازاد ۱۷٦۰ برادەران ئاگادار بکەنەوە ۷ی مانگ زەماوەند بکەن)

ڕەنگە دواهەمین خۆپیشاندانێك کە لە دهۆک کرا، سەرلەئێوارەی مانگەشەوی زەماوەندێکی دیکەبێت،  زەماوەندێك کە دوور نیە لە ناو جەرگەی بادینان و دهۆکدا بکرێت و سەرەتاکەی لەوێوە دەست پێبکات ئەم جارە.

 زەماوەندێك کە ئیدی لەبری تەڵاقدانی دەسەڵاتداریەتیەکی عەرەب، ئەم جارە تەڵاقدانی دەسەڵاتدارێتی کوردێك بێت، کە بەر لە سی ساڵ پێش ئێستا خەڵکی باشوری کوردستان هیواو ئومێدێکی گەورەیان لەسەر هەڵچنی بوو، کە لە زەمینەی واقیعدا و دوای ئەو ساڵانە، هەموو هیواو ئومێدەکانی خەڵک پێچەوانە بووە وە و جگە لە سەرابێك هیچ شتێکی دیکەنەبوو. 

ئەوەی لە دهۆک ڕویدا زەنگێکی گرنگ و  مەترسیدار بوو بۆ دەسەڵات، چونکە سحری ئەو قسەیەی بەتاڵ کردەوە کە دەوترا، ناڕەزای و خۆپیشاندان تەنها لە سنوری سلێمانی و زۆنی سەوزدا هەیە و بارودۆخی بادینان و دهۆک ئارام و بێ کێشەیە، بەپێچەوانەوە ئەم جارە نەک هەولێر، بەڵکو دهۆکی ناو جەرگەی بادینان خرۆشا و دەنگی ناڕەزایی تێدا بەرزکرایەوە. 

گرنگ نیە کێ لەپشت جوڵەکانی دهۆکەوەبووە، گرنگ ئەوەیە کە ئەوەی لە پشت ئەمەوە بووبێت و هەر کەسێك بێت، لەو ڕاستیە تێگەیشتووە کە ژیان و گوزەرانی خەڵك، بە دەستەواژەیەکی سادە و ئاسایی کۆمەڵگا، (لەتام دەرچووە)  
لەتام دەرچونێك کە ئیدی دۆخ و گوزەرانی خەڵکی تا لێواری مەرگ بردووە  و ژیان و گوزەرانیانی تەواو خراپ کردوە.

بۆیە گرنگە پێش زەماوەندێکی دیکەی جەماوەر، دەسەڵاتدارانی بەرپرس لە دۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵک، خەمێکی جدی و هەوڵێکی گرنگ بدەن بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک، ئەگەر نا توڕەی و تەقانەوەی ئازارەکانی خەڵک، هیچ هێزێك ناتوانێت بەربەست بێت لەبەردەمیدا.

 دواجار بارودۆخی هەرێم لەزیاتر لە دوو بژاردەی لەبەردەمدا نیە، بژاردەی یەکەم باشترکردنی  بارودۆخی ژیانی خەڵك لەو هەموو گرفت و قەیرانەی بەهۆی حیزب و سیاسیەکانەوە تێیکەوتووە، یاخود چۆڵکردنی کورسی دەسەڵات و تەقینەوەی تەواوەتی بارودۆخەکە لەهەر چرکەساتێکدا، کە لە ئێستادا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمدا، سەرەتاکانی بەڕوونی دەرکەوتون و خەلك خۆپیشاندان دەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی