حوكمڕانانی هەرێم و پیادەكردنی جۆرێكی نوێی ڕەگەزپەرستی

06/06/2020

عومەر عەلی محەمەد

كورد لە مێژودا بەردەوام قوربانی دەستی ڕەگەز پەرستی بوە،ئەگەر سەیری ئەدەبیاتی سیاسی شۆرشە یەك بەدوایەكەكانی كوردیش بكەین هەمویان لە كاردانەوەی ڕەگەزپەرستی ئاینی و نەتەوەیی و ڕەگەزیەوە بوە ،بۆ ئەم مەبەستەش قوربانیەكی زۆریان داوەو بە دەیان هەزار شەهیدو بریندارو كەم ئەندامی بەدوای خۆیدا هێناوە ،هەمو تاكێكی كورد ئەو هەستە ناسیونالیزمەی بۆ دروست بوبوو ،كە نەتەوە باڵا دەستەكان تەنها لەبەر كوردبوون ئێمە دەچەوسێننەوەو زیندانی و جینۆسایدمان دەكەن و هەوڵی بە سوتماك كردنی نیشتیمانەكەمان دەدەن و ڕێگە نادەن كوردوستان پێش بكەوێت و گەشە بكات و هاوڵاتیانی بەختەوەر بن ،ئەگەر بەمێژودا بچینەوە ڕەگەز پەرستی بەهەمو جۆرەكانیەوە كووردی كردۆتە نیشانەو دەیان كارەساتی مرۆیی لە كوشتن و جیینۆسایدو ڕاوەدو نان و بە عەرەبكردنو بە تورك كردن و بە فارس كردنی ئەنجام داوە،كورد لە بەرەنگاری و شۆڕش نەوەستاوە، دوژمن نەیتوانیوە كۆڵی پێ بدات، تا لەئەجامدا لە ڕاپەڕینی ۱۹۹۱دا سەركەوت و توانی هەرێمی كوردوستان لەژێر سایەی دەسەڵاتێكی كوردیدا بنیات بنێت بەو هیوایەی كە ئەمە قۆناغی كۆتایی هاتن بێت بەڕەگەزپەرستی و چەوسانەوەو خیانەت و هەموان وەك هاوڵاتی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و بەمافەكانیان شاد ببن.

بەڵام سەد مەخابن دوای ۲۹ساڵ لە حوكمی دەسەڵاتدارانی كورد ،هاوڵاتیان لە شارو شارۆچكەكان هاوشێوەی ۹۱ دێنە سەر شەقام و هاواریانە لە دەست گەندەڵی و نا عەدالەتی و دزینی سەروەت و سامانی خەڵك و بێ كاری و بێ كارەباو ئاویی و قۆرغكردنی هەمو جومگەكانی دەسەڵات بۆ دو حیزب و دوو بنەماڵەو سەرهەڵدانی جۆرێكیتر لە ڕەگەزپەرستی و چەوسانەوەو بێمافكردن، 

ئەو ڕەگەز پەرستیەی ئێستا لە كوردوستان پیادە دەكرێت زۆر ترسناكترە لەوەی كە بەعسیەكان لە كۆن و فارس و توركەكان لە ئێستادا ئەنجامی دەدەن.

چونكە ئەوەی ئەمڕۆ هاوڵاتیان و گەنجان بێكار دەكات و شەق لە مامۆستا هەڵدەدات و بەفیشەك ڕوبەڕوی خۆپیشاندەر دەبێتەوەو ڕۆژنامەنوس دەكوژێت و فەرمانبەرو مامۆستاو موچەخۆر دەكاتە كۆیلەیەكی ریسواو بێماف، ئە دەسەڵاتە كوردیەیە كە بەرهەمی سەدان هەزار شەهیدو لافاوی خوێنێكە لەمێژودا.ئەوەی حوكمڕانەكانی هەرێم دژ بەگەلەكەی خۆیان دەیكەن جۆرێكی ترە لە ڕەگەز پەرستی ،چونكە ئەوەی ئەمان دەیكەن زۆر زیاترە لەوەی كە دوژمنەكان كردویانە،ئەمانە سەروەت وسامانی دەبەن ،گەنجەكانی بێكار دەكەن پەروەردەو تەندروستیان كردۆتە بازاڕێك بۆ پارەپەیداكردن،ئازادیان سنورداركردوە مانایەكیان بۆ دیموكراسی نەهێشتۆتەوە، ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەییان لای گەنجان خستۆتە ژێر پرسیار ،هەمو ئەمەش كەئەنجامی دەدەن لەژێر سایەی حوكمڕانێكی كوردیدایە،واتە ئەوەی جاران داگیركەران ئەنجامیان دەدا ئەمان بەزیادەوە دەیكەن ،لە ئێستادا ئەوەی حوكمڕانەكان دەیكەن دەرچونە لە پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكانیان و مێژوی خەباتی سیاسی و بانگەشەكانی هەڵبژاردن،هەمو ئەمانەش بە بەر چاوی دوژمنەكانەوە دەكرێت.كەواتە لێرەوە ئەوان ڕاستیەكی ترمان پێ دەڵێن كە پێویست ناكات جارێكیتر بە سوپاو فڕۆكە بێن نیشتمانەكەمان داگیر بكەن،بەڵكو ئەمانە بپارێزن لە ئەوان زیاتر گەلی كورد دەچەوسێننەوەو لەسەر ئاستی جیهان شوناسی كوردبونی دەشێوێنن.

عومەر عەلی محەمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی