تورکیا بە خوێن و پارەی خۆیان وڵاتە عەرەبییەکان داگیردەکات

24/06/2020

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لەگەڵ ھاتنە سەرکاری پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتە و بوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکوەزیران، دەستکرا بە گۆڕینی سیاسەتی دەرەکیی تورکیا.

ماوەی زیاتر لە ٨٠ ساڵ بوو، ئەوان پشتیان لە وڵاتە ئیسلامیی و عەرەبییەکان کردبوو، خۆیان بە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپایی دادەنا، بەڵام پاش ئەوەی بۆیان روونبووەوە کە نابنە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ئینجا دەستیانکرد بە گۆڕینی سیاسەتی دەرەکیی خۆیان و دووبارە روویانکردەوە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و خۆرھەڵات و خۆرئاوای عەرەبی و ئیسلامی.

ئەوەی ئەو دەرفەتەشی بۆ ڕەخساند ئەوەبوو زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکان لەو باوەڕەدابوون کە تورکیا لەسایەی ئەردۆغاندا، دەبێتە دۆستێکی نزیکی عەرەب و دژی ئیسرائیل و ئێران دەوەستێتەوە و بۆ ئەوەش چەند رووداوێکی نێوان عەرەب ئیسرائیل لە کۆتایی دەیەی پێشووی ئەم سەدەیە و ئەم دەیەیەدا روویاندا کە تورکیا خۆی لێکردنە خاوەن و بە ڕووکەشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا گەیاندە مریشکە رەشە، چونکە ھەر لەسەرەتاوە تورکیا دەستیکرد بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێک بۆ راکێشانی ھەستی بەشێکی زۆری عەرەبەکان ئەوەش لەرێگای دژایەتیکردنی ئیسرائیلەوە، ھەرچەندە ئەمەش تەنھا لە رووی میدیایی و قسەوە بوو، دەنا لە ژێرەوە ھیچ دژایەتییەکی نەکردووە. دواتریش کتوپڕ ھەموو ماڵێکی عەرەبیی پڕبوو لە درامای تورکی و جوانکردنی سیمای ئەو دەوڵەتەی کە ماوەی چەندین ساڵ وڵاتانی عەرەبیی لە ژێرناوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا داگیرکردبوو.

بەڵام زۆری نەخایاند ماسکەکە کەوت، دووبارە سیمایان دەرکەوتەوە، بەتایبەتی لەپاش ئەوەی کە پێیدەڵێن بەھاری عەرەبی، تورکیا بەئاشکرا و راستەوخۆ، دەستیکرد بە جێبەجێکردنی ئەجێندا شاراوەکانی و ئێستاش بۆتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان، بەشێوەیەک لە ئیسرائیلیش ترسناکترە بۆیان.

لەوانەبێت لە سوریادا لە ھەمووی قێزەونتر بێت، چونکە لێرە رۆڵی تورکیا لەچاو وڵاتەکانی دیکەدا زیاتر بوو، بۆیە کارەسات و قوربانییەکانیش زیاتربوون.

شاری حەلەب یەکێک بوو لەشارە گەورەکانی سوریا و شارێکی پیشەسازیی و دەوڵەمەند بوو، یەکەمین ئامانجی سیاسەتی تورکیا، وێرانکردنی ئەو شارە بوو، چونکە لە ماوەی پێشوودا شمەکی سوری بەتایبەتی رستن و چنین و خۆراک و شمەکی کارەبایی و کیمیایی، ببووە رکابەرێکی گەورەی شمەکی تورکی. ئەم شارە پیشەسازییە وێرانکرا و ھەموو کارگەکانیشیان وێرانکران، یان کەرەستە و کاڵاکانیان دزران. ئەوە جگە لە پڕچەککردنی ھەزاران گەنجی بێکار و دروستکردنی دەیان گروپی ئیسلامیی جیھادی لێیان، سەرباری ئەو چەکدارە بیانییانەی پێیان دەوترێت مورتەزەقەی ئیسلامیی روسیا و ئاسیا و ئەوروپا کە ھەموویان ھێنراونەتە تورکیاوە و لەوێشەوە بەرەو سوریا گواستراونەتەوە، بۆ تێکدانی سوریا و سەپاندنی ئەجیندای تورکیا تیایدا.

ئەوەی ئێستا بە بەرچاوی ھەموو لایەکەوە دیارە تورکیا گەل و خاکی سوریا بە خراپترین شێوە بۆ مەرامی خۆی بەکاردەھێنێت، لەلایەکەوە خەڵکەکەی ئاوارە کرد و ھەژاری کرد، بەشێوەیەک بەشێکی زۆریان ئامادەن لەبەر بژێویی ژیان ببنە چەکدار و ئەجێندای تورکیا لە سوریا و وڵاتەکانی تر جێبەجێبکەن، بۆ نموونە ئێستا نزیکەی ١٠ ھەزار کەسیان لێ نێردراوە بۆ لیبیا. ھەروەھا ھەژاریی و ئاوارەیی خەڵکی سوریاش وەکو کارتێکی گوشار لە دژی ئەوروپا بەکاردەھێنێت. جگەلەوەش بازرگانیی بە جەستەی” ئۆرگان” سوریە ئاوارەکان دەکات. ئەوە جگە لە داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی سوریا، کە ئەویش ھەمان چارەنووسی ویلایەتی ئەسکەندەروونەی ھەیە کە پێشتر داگیریکردووە.

بەداخەوە لە سەرەتای کێشەی سوریادا بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو پشتگیریی مادیی تورکیایان دەکرد و گروپە تیرۆریستەکانیان بۆ پڕچەک دەکرد، بەڵام دوایی بەشێکی زۆریان وازیان لەم سیاسەتە ھێنا، تەنھا قەتەر نەبێت کە لە رووی مادییەوە پشتگیریی سوپای تورکیا و میلیشاکانی دەکات لە سوریادا.

ھاوکات و ھەر ئێستاش تورکیا پەلاماری لیبیا دەدات کە لەمەشدا کۆمەڵێک ئەجیندای خۆی ھەیە لە پێش ھەموویانەوە دەستگرتن بەسەر سامانی نەوت و گازی لیبیا.

ھەروەھا بۆئەوەی ھێندەی تر گوشار بخاتە سەر ئەوروپا و لێرەشەوە کارتی پەنابەران لە دژیان بەکاربھێنێت، ھەربۆیە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا دژی سیاسەتی فراوانخوازی تورکیا وەستاونەتەوە لە پێش ھەمووشیانەوە فەرەنسا و یۆنان و ئیتالیا.

بەڵام دووبارە بەداخەوە لێرەش لە لیبیادا تورکیا بە خوێن و پارەی عەرەبی، ئەم وڵاتە مەزنەی جیھانی عەرەبی داگیر دەکات. بە ھەزاران مورتەزەقەی خەڵکی سوریایان ھێناوەتە لیبیا و شەڕیان پێدەکەن، لەولاشەوە بە پارەی عەرەبیش ئەم جەنگە دەکەن، جگە لەوەی قەتەر ھەموو خەرجییەکانی ئەم جەنگە دەگرێتە ئەستۆ، ھەر دوێنێ ئاژانسەکانی ھەواڵ بەبەڵگەوە ئەوەیان ئاشکراکرد کە سەڕاج-ی سەرۆکی حکومەتی ویفاق-ی لیبیا دەیان ملیار دیناری لیبیی لەڕێی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەوە بۆ تورکیا حەواڵە کردووە، جگە لە دەیان گرێبەستی وەبەرھێنان و بازرگانی کە بەھاکەیان زیاتر لە ١٨ ملیار دۆلارە. واتە تورکیا لەم جەنگەدا ھیچ زەرەر ناکات، چونکە نە سەربازی خۆی دەکوژرێت و نە یەک فلیسش لە کیسەی دەردەچێت، بگرە لەڕووی داراییەوە قازانجیش دەکات، چونکە چ سەرباز و چ پارەکەش، ھەردووکیان ھی خودی عەرەبن.

لە لایەکی دیکەشەوە گروپی ئیخوان موسلمین کە گەورەترین ئاڕاستە و رەوتی ئیسلامین و لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکاندا لقیان ھەیە بەتایبەتی لە لیبیادا، پشتگیریی تەواوی ئەجینداکانی تورکیا دەکەن بە ئومێدی زیندووکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی کە ئامانجی سەرەتای ئیخوان لە ١٩٢٨-ەوە ھەر ئەوە بووە. بەڵام ھاوشانی ئەو ئاراستە عەرەبییە، ئێستا لەناو وڵاتە عەربییەکاندا گیانێکی بەرەنگاریی گەورە لە دژی تورکیا سەریھەڵداوە کە رووی راستەقینەی تورکیای بۆ گەلانی عەرەب دەرخستووە و پشتگیرییەکانی ئەو وڵاتەی لە مەسەلەی فەلەستین و بەھاری عەرەبی پوچەڵکردۆتەوە، ھەربۆیە دەبینین ھەریەکە لە شانشینی سعودیە و میسر، کە دوو دەوڵەتی گەورەی عەرەبین، لە سەنگەری پێشەوەی روبەڕوبونەوەی ئەم سیاسەتە فراوانخوازییەی تورکیا دەوەستنەوە، ئەمەش ھیوایەکی گەورەی بە ناوچەکە داوە، چونکە ئەم دوو دەوڵەتە چ لە رووی ئابووریی و سیاسیی و جیۆپۆلتیکی جیھانەوە، رۆڵی گەورەیان لەسەر نەخشەی سیاسی جیھان ھەیە و خاوەنی ئیمکاناتێکی گەورەی ئابووریی و سەربازیی و دیپلۆماسیی مەزنن.

ھەروەھا لە ئەوروپاشدا زۆربەی وڵاتەکانی ئەوروپا دژی سیاسەتی تورکیان، ھەر ئەمەش دەبێتە ھیوایەکی باش، بۆ رێگرتن لەم سیاسەتە شەڕەنگێزییەی تورکیا بەرامبەر بە ناوچەکە و جیھان کە ئێستا جیا لە جارەکانی پێشوو ھەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە و زیاتر لە جارەکانی پێشوو پێی لێ راکێشاوە.