کێشەی ئێمە زەمینیە، پەنابردن بۆ ئاسمان چارەی کێشەکانمان ناکا. کێشەی بندیوار و دوو موچە دروستکراوی دەستی ئەو سیستەمەن کە خۆیان دەزانن موسوڵمانی کورد پارەی بندیوار و دوو موچە بە لاستیکەوە لوش دەدەن و سەریش بەرز ناکەنەوە بۆ لای خودا.
ئایین لەسەر پاداشت و سزا دامەزراوە. فتوا چارەسەری سیستەمی سیاسی ئێمە ناکا بەڵکو سزایەک پێویستە.
ئەو موسوڵمانە بندیوار و دوو موچەیەی کورد چەندین ساڵە پارەی حەرام دەخوات و بۆ چرکەیەکیش ویژدانی نەجوڵاوە ئێستا بە فەتوایەکی برادەران مێشیش میوانی نیە.
دوای ڕاپەڕین زۆر شتمان دۆڕاند زۆر شت، نە موسوڵمانی ڕاستەقینە بووین، نە سیاسیەکی خاوەن ویژدان، نە کوردێکی دەست زبر و خاوەن شکۆی نێو چیاکان.
ئێستاش دۆخەکە فەتوانی ناوێ، موچەی ئەم مانگەی بندیویارەکان وەک خۆی دەدرێ، ئەگەر دەوێرن فەتوایەک دژ بە دەسەڵات دەربکەن کە بڕیاری دوو موچە و بندیواری دەرکردووە و بە یاسای کردووە.
برادەرێک دەناسم بندیوارە، یەک حەج و دوو عەمرەی کردووە. ئاسمان و زەمینیش بێدەنگە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی