كاریگەریی روداوەكانی هەینیی رابردو

30/06/2020

مەم بورهان قانع


هێشتا گڤتوگۆكانی هەرێم لەگەڵ بەغداد بە بنبەست نەگەیشتون و هەرێم-یش رازییە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، سەرەڕای رادەستكردنی 50%ی داهاتی ناوخۆ، بەڵام ئەو گرێكوێرەیەی ئێستا لەنێوان هەردولادا نەكراوەتەوە، بڕی ئەو پارەیەیە كە پێویستە بەغداد وەكو شایستەی دارایی بۆ هەرێم-ی بنێرێت.

ئەمڕۆ (30/ 6/ 2020)، "مەسرور بارزانی" لە كۆبونەوەی دا لەگەڵ ئەندامانی شاندەكەی حكومەتی هەرێم بۆ
گڤتوكۆكردن لەگەڵ بەغداد، وتی: "سازش لەسەر مافەكانمان ناكەین و بەردەوامیش دەبین لە دانوستان" (واتا هێشتا رێگا ماوە بۆ رێكەوتن). سەرەڕای ئەوەی "قوباد تاڵەبانی" خەریكی بەدەستهێنانی ناوبژیوانیی هەرێمیی و نێودەوڵەتییە و زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتە زلهێزەكان دا دەكات، بۆ ئەوەی وردەكاریی دانوستانەكانیان بۆ رونبكاتەوە و رای هەردولایەنی دانوستانیان پێبگەیەنێت، چونكە پێكهاتەو هێزە سیاسییەكانی عیراق، بێ‌ دەستوەردانی دەرەكیی، ناتوانن لەسەر بچوكترین خاڵ رێكبكەون و عیراق بەتەواوەتیی بوەتە گۆڕەپانی تەراتێنی هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكان و بەهێزكردنەوەی پێگەی "سونە"یش لە داهاتوی عیراق دا، هەر لەم چوارچێوەیەدا دەبێت.

هیچ كات و هیچ سەرۆكوەزیرێكی عیراقیی، ئەوەندە بە خێرایی توشی كێشە نەبوە لەگەڵ زۆرینەی ماڵی شیعەدا، وەك ئەوەی ئێستا كازمیی تێیكەوتوە، بەتایبەتی لەرۆژی هەینیی رابردوەوە، گۆمەكە شڵەقاوە و قوڵتربوەتەوە و ئەگەر پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە "كازمیی" ببرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و كورد و سونە پشتیوانیی لێنەكەن، بەدوری نازانم "كازمیی" بكەوێت و لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقیی دوربخرێتەوە. بۆیە:

1- پێویستە هاوشانی دانوستانی هەرێم و بەغداد، كورد كارتی پشتیوانیكردنی ستراتیژیی بۆ "مستەفا كازمیی" نیشانبدات و لەم نێوەندەیش دا، "سونە" هاوكاربێت، كە بەمەیش لێكنزیكبونەوە و رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد ئەگەرێكی بەهێزتردەبێت.

2- هاتنەوەی "رافع عیساویی" بۆ عیراق و داخستنی دۆسێیەكەی لە دادگا و دواتریش ئەگەری هاتنەوەی "تاریق هاشمیی" و "ئوسیل نوجەیفیی" و چەند سەركردەیەكی دیكەی سونە بۆ عیراق، ئاماژەیەكی رونن بۆ پشتیوانیكردنی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەم پێكهاتەیەی عیراق و بەهێزكردنەوەی پێگەی سیاسییان لە بەرانبەر شیعەدا لە عیراق، كە ئەمەیش بەلای ئەمریكییەكانەوە بۆ گڤتوگۆكانی لەگەڵ سەركردایەتیی دەسەڵاتداری عیراق، گرنگە، وەكچۆن سێ‌ هەفتەی دیكە لە "كۆشكی سپی"، "ترامپ" و "كازمیی" كۆدەبنەوە و كۆمەڵێك پرسی گرنگ و هەنوكەیی هەن، تاوتوێی دەكەن.

3- روداوەكانی هەینیی رابردو (دەستگیركردنی 14 چەكدارەكەی سەر بە یەكێك لە میلیشیاكانی شیعە لەلایەن هێزەكانی دژە تێرۆری عیراقیی و دواتر ئازادكردنیان)، نیشانیداین: هێشتا "مستەفا كازمیی" كارەكتەرێكی هێندە بەهێز نییە بتوانێت سەركێشیی بكات و ئێستا لەهەر كات زیاتر پێویستی بە نەرمینواندنە بەرانبەر بە كوتلە پەرلەمانییە گەورەكان و هەروەها پێكهاتە جیاجیاكانی عیراق، كە "كورد"یش یەكێك دەبێت لەوانە و سەركێشیكردنی لەسەر بەرزكردنەوەی سەقفی داخوازییەكانیان لەگەڵ كورددا، سەرەڕای ئەوەی قەیرانی دارایی هەرێم قوڵتردەكاتەوە و ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستا هەرێم توانای چارەسەركردنیان زۆر لاوازدەبێت و كێشەكانی هەرێمی كوردستان قوڵتردەبنەوە و خەڵكی كوردستان باجەكەی دەدەن، سەرەنجام "كازمیی" هاوپەیمانێتیی كورد لە دەستدەدات و ئەوكات هەر هێزێكی ناڕازیی میلیشیایی لە عیراق، بەئاسانی دەتوانێت ناوبراو لەسەر كورسیی دەسەڵات دوربخاتەوە و شەرعییەتی پەرلەمانیی-شیان دەبێت و بەدوریشی نازانم ئەوكات "كورد" پشتیوانی لەم دورخستنەوەیە بكات.

4- روداوەكانی هەینیی رابردو، دەرسێكی داوەتە "كازمیی"، كە پێیوابێت هێشتا زوە بتوانێت سەركێشیی گەورە بكات، كە لە ئێستادا سەرەنجامەكەی بە دورخستنەوەی لەسەر كورسیی دەسەڵات كۆتایی دێت و ئەمیش (مستەفا كازمیی) خەونی هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتودا، زۆرترین كورسیی پەرلەمانیی بباتەوە و ببێتەوە بە كارەكتەری هەڵبژێردراوی پلە یەك و ئەوكات ئاسانتر ئەحێنداكانی جێبەجێبكات و لەمبارەیەیشەوە، ئەمریكا و هەندێ‌ هێزی شیعەی میانڕەو (هاوپەیمانێتییەكەی رەوتی حیكمە و خودی "عەممار حەكیم")، پشتیوانی لێدەكەن و دەیشتوانێت پشتیوانیی كورد و سونە مسۆگەر بكات، بەمەرجێك ئەگەر لەم چەند مانگەدا، نەرمیی بەرانبەر بە كورد و سونە بنوێنێت و كێشەكانیان لەگەڵدا یەكلابكاتەوە.

بۆیە، روداوەكانی هەینیی رابردو، بە دیوێك دا، "كازمیی" سودی لێدەبینێت كە رەنگە لە گڤتوگۆكانیان دا لەگەڵ هەرێم، سەقفی داخوازییەكانیان بەرانبەر بە شاندی دانوستانی كورد بەرزترنەكەنەوە و سەرەنجام هەردولایان رێكبكەون.

5- هەوڵەكانی ئەمڕۆی "عەممار حەكیم"ی سەرۆكی رەوتی "حیكمە" و راگەیاندنی هاوپەیمانێتیی "عیراقیون" لە بەرانبەر بە هەردو كوتلەی "سائرون" و "فەتح" و پشتیوانیكردنی سەرسەختانەی لە كابینەكەی "كازمیی"، ئاماژەیەكی رونە بۆ پەرتبونی تەواوەتیی ماڵی شیعە و یەكلاكردنەوەی ئەم تەرازوی هێزەیش بۆ كورد و سونە ئاساندەبێت و بەمەیش "كازمیی" دەتوانێت گرەویان لەسەر بكات و نەرمیی بنوێنێت لە چارەسەركردنیی كێشەكان دا لەگەڵیان.

داهاتوی نزیك، زۆر پرسی ناوخۆیی لەسەر ئاستی عیراق یەكلادەكاتەوە، كە چەند ساڵێكە لە عیراق دا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی