فەرەنسا رەنگی سەوزی پۆشی

30/06/2020

ئەردەڵان عەبدوڵڵا


دەرئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فەرەنسا زۆر کەسی تووشی  شۆک کرد، من خۆم ماوەیەکی زۆرە چاودێری رەوشی فەرەنسا دەکەم، باوەڕم نەدەکرد بەمشێوەیە بێت. لە تەواوی شارە گەورەو بچووکەکانی فەرەنسادا، پارتی ژینگەپارێزی " سەوز" کەوتنە پێشەوەو کۆتایشیان بە حوکمی دەیان ساڵەی هەندێک پارتی تەقلیدی هێنا. بەشێکی زۆری شارە گەورەکانی وەکو" بۆردۆ، لیۆن، مەرسیلیا، بێزانسۆن" کەوتە دەستی سەوزەکان، ئەمەش ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا و پارتەکەی تووشی شۆکی گەورە کرد.  بەڵام لە  هەمانکاتیشدا کەمترین رێژەی خەڵکی بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کردووە لە خوولی دووەمدا تەنها 34% خەڵکی بەشداریان کردووە، ئەمەش کەمێک لاوازی بەم هەڵبژاردنە بەخشیوە.


شارەوانییەکان  و ناوەندێکی بەهێز
فەرەنسا بەوە ناسراوە کە وڵاتێکی سەنترالیزم" ناوەندی" ی بەهێزە و هەموو دەسەڵاتەکان لە پاریسی پایتەختدا کۆبۆتەوە، هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵدرا کە کەمێک دەسەڵاتی پارێزگار و شارەوانییەکان زیاتر بکرێت. هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان کە نزیکەی 5 هەزار شارەوانی لە خۆ دەگرێت، کاریگەری گەورەیان بەسەر چارەنووسی سیاسەتی ناوەند دەبێت، لە هەمانکاتیشدا  کاریگەری بەسەر ژیانی هاوڵاتیانیەوە دەبێت.


زاڵبوونی رەنگی سەوز
بەپێی دوایین دەرئەنجامی هەڵبژاردبەکانی خوولی دووەم بێت کە لە رۆژی 28 .6 دا ئەنجامدرا، پارتی سەوز زۆرینەی شارەوانییەکانی فەرەنسای بردەوە، بەشێوەیەک فەرەنسا رەنگی سەوزی پۆشی و رەنگەکانی تر بەرەو کشانەوە چوون.


شاری مەرسیلیا کە دووەم شاری گەورەی فەرەنسایە و لە رووی ئابووری و سیاسیی و فەرهەنگیشەوە گرنگی گەورەی هەیە، ماوەی 25 ساڵە لەلایەن ژان کلۆد  گۆدان سەر بە پارتی کۆنەپارێزەکان حوکم دەکرێت.  ئەم شارە وەکو قەڵایەکی بەهێزی کۆنەپارێزەکان بوو، سەوزەکان توانیان  لە 39% دەنگەکان بەدەست بهێنن . لە شاری لیۆن کە سێهەم شاری فەرەنسایە، ماوەی 20 ساڵە لە لایەن  "گیرارد کولومب" حوکم دەکرێت. ئەم پیاوە پێشتر وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بوو،سەر بە پارتی سۆسیالیستە.  لێرە کاندیدی سەوزەکان "گیرگۆری دۆسییە" توانی 53% دەنگەکان بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە حوکمی دەیان ساڵەی سۆسیالیستەکان بهێنێت. لە شاری بۆردۆش ، پارتی سەوز توانی کۆتایی بە حوکمی دەیان ساڵەی کۆنەپارێزەکان بهێنێت و 46% دەنگەکان بەدەستبهێنێت. هەروەها لە شارەکانی " گرونبول، بێزانسۆن ، بواتییە" سەوزکان سەرکەوتنی  گەورەیان بەدەستهێنا.


پاریس
بەڵام لە دوو شاری گەورەدا سۆسیالیستەکان مانەوە، ئەوانیش " پاریس و لیل". هەرچەندە لە پاریس سەوزەکان و سۆسیالیستەکان پێکەوە حوکم دەکەن. من خۆم ماوەیەکی زۆر لە شاری لیل ژیاوم، پڕ بە دڵ حەزم دەکرد سەوزەکان بیبەنەوە، چونکە نە سۆسیالیستەکان و نە کۆنەپارێزەکان  هیچیان بۆ ئەم شارە جوانەی فەرەنسا  نەکردووە، هەرئەمەش وایکردووە کە راسترەوەکان بەهێز بن.


کەمترین رێژەی بەشداربوون
یەکێک لە خاڵە نێگەتیفەکانی ئەم هەڵبژاردنە، رێژەی کەمی بەشداربوونی خەڵکی بوو. لە یەکەمجاردا نزیکەی 40% بەشدار بوون، بەڵام  لە خوولی  دووەمدا رێژەکە بۆ خراپتر گۆڕا و تەنها 34.67%  بەشداربوون. تەنها تەنها 16 ملیۆن هاوڵاتی لە پرۆسەی دەنگدان بەشداربوون .  ئەمەش یەکەمجارە هێندە رێژەکە هێندە کەم بێت، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کە زۆرینەی خەڵکی بەشداری پرۆسەی سیاسی ناکەن، کە ئەمەش ئاماژەیەکی خراپە بۆ پرۆسەی دیموکراسی.


 پارتەکەی ماکرۆن توشی شکست بوو
خاڵێکی گرنگی تری ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بوو، کە پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا لە زۆرینەی شارەوانییەکاندا شكستیان هێنا. ئەمەش بە پێی بۆچوونی زۆربەی چاودێرانی سیاسی بێت، وەڵامێکی توندە لە لایەن خەڵکی فەرەنساوە بۆ سیاستەکانی سەرۆک ماکرۆن، بە تایبەتی سیاسەتەکانی لە هەمبەر تەنگەژەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. هەرچەندە حکومەتی فەرەنسا هاوکاری زۆری خەڵکی فەرەنسای کرد، بەڵام پێدەچێت بە دڵی زۆرینە نەبوو بێت.  ئەمەش وایکرد کە وتەبێژی کۆشکی ئەلیزێ  Sibeth Ndiaye لە پاش دەرئەنجامەکان لە دیدرایكی تایبەت لەگەڵ کەناڵی فرانس 2 وتی: ئێمە بەم دەرئەنجامە تووشی سەرسوڕمان بووین

دەرئەنجام
بەدڵنیاییەوە ئەم هەڵبژاردنە وەڵامێکی توندی فەرەنسییەکان بوو بۆ سەرۆک ماکرۆن، لە هەمانکاتیشدا  گوزارشت لە سەرکەوتنی سیاسەتی سەوزەکان دەکات کە بە دڵی هاوڵاتییانی فەرەسنییە. جگە لەوەش ئەم دەرئەنجامانە ئەوەی دەرخست، کە پرسی ژینگەپارێزی، وەکو پرسی ئابووری و سیاسی لای دەنگدەری فەرەنسی گرنگە. لە کۆتایشدا ئەم دەرئەنجامە دووبارە دینامیکی و زیندوویی گەلی فەرەنسی پیشانی جیهان دا، کە حەزێکی گەورەیان بۆ گۆڕانکاری  لە دەسەڵات و سیاسەتدا هەیە.

سەرچاوەکان:
Kommunalwahlen in Frankreich. "Grüne Welle" setzt Macron unter Druck. www.zdf.de

Kommunalwahl in FrankreichMacron abgestraft..www.ard.de

الانتخابات البلدية الفرنسية 2020: حزب "البيئة" يفوز في عدة مدن كبرى أبرزها مرسيليا وليون. کەناڵی فرانس 24 العربی.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی