"دەنگۆی سیاسی"

01/07/2020

رەحمان غەریب

ئەگەر سەردانەكەی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ لای سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان راست بێت ئەوە لە چوارچێوەی بریاری سەركردایەتی یەكێتی بۆ دیدار لەگەڵ لایەنەكان، تەماشای دەكەم و دەستپێشخەرییەكی گرنگە، هەرچەندە عورفی پەیوەندی بگرە دابونەریتی كۆمەڵایەتیش دەبوو پارتی ئەو هەنگاوەی بنایە.

ئەم هەواڵە رەتبكرێتەوەو هەر چوارچێوەی "دەنگۆ"ی سیاسیش تەماشای بكرێت، ئاماژەی گرنگ ومانای خۆی هەیە.

ئەم دیدارە نەكرابێت، دەبێت بكرێت گرنگە، نەك تەنها لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان و ئەزموونەكەیشی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، ئاسۆیەكی ڕوون نییە بۆ قەیرانی ناوەچەكە كە بەرەو كوێ دەروا، بەڵكو لە ساتەوەختێكدایە كە دۆخی ناوخۆی كوردستان و پەیوەندی لایەنە سیاسییەكانی لە ئاستێكی خراپدایە.

لەپرۆسەی بەهێزكردنی فاكتەری ناوخۆیی یەوە دەبێت لەبەرژەوەندی حزب و گروپەكان بكرێنە قوربانی بۆ ئامانجە باڵا كە پاراستنی ئەزمونی كوردستانە.

ئەگەر نامانەوێت ئەم ئامانجە بەرزە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، ئەوە راستەڕێ دروستكردنی فاكتەرەكانی بەهێزكردنی خاڵە هاوبەشەكانە، زاڵبوونە بەسەر ناكۆكییەكانی ناوخۆ.

دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسە نیشتمانییەكان، بە نۆژەنكردنەوەی ناو ماڵی خۆمان و نۆژەنكردەوەی پەرتەوازەیی و ناكۆكی و برینەكان دەستپێدەكات.

ئێستا كاتی دەستپێشخەری و سنگفراوانی سیاسییە، جا هەواڵی سەردانەكە راست بێت یان نوسینگەی پاڤل تاڵەبانی رەتیبكەنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی