لە رێفڕادۆمەوە بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق تا چاوساغی سەربازی تورک

02/07/2020

فەرمان سادق


تا وەڵامی ئەو پرسیارە بە بوێری نەدەینەوە بۆ ئەمەریکا دوای ریفراندۆم پشتی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ناتوانین مەترسییەکانی قۆناغی ئێستا بخۆێنینەوەو مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ بکەین.

دروست ئەوەی روودەدات هێشتا لێکەوتەکانی ریفڕاندۆمە، چونکە هەرێمی کوردستان کارتی دەوڵەتی هەڵبڕی و لەدەستیشی دا، لەگەڵ خۆیدا متمانەشی لە بەغدا لەدەستدا کە ئیتر دەسەڵاتدارانی بەغدا تێدەگەن کاتێ شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا لە باوەڕ بوون نیە بە یەکپارچەیی خاکی عێراق بەڵکو لە ناچاری و شکستی سیاسی و ئابوورییە کە شکستەکە ڕۆچووە بۆ شکستی کۆمەڵایەتی و نەمانی متمانە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، بەڵگەش بۆ ئەمە لە مانگی نیسانی رابردوو تا ئێستا شەش شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، کەچی هێشتا بەغدا وەڵامی داخوازی هەرێمی کوردستانی نەداوەتەوە.

دەوڵەتی سەربەخۆی باشووری کوردستان، رێک هەڕەشەی هەڵوەشانەوەیە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق، تورکیا، ئێران و سوریا.

کەواتە چاوەڕوانکراوە ئەو چوار دەوڵەتە هەموو ململانێکانیان بخەنە لایەک و سەرکوتت بکەن، وەک ئەوەی ئێستا هەیە کە بەغدا جگە لە بەیاننامەی ناڕەزایەتی بەرانبەر تۆپەکانی تورکیا قسەیەکی تری نەکردووە.

پەرلەمانی کوردستانیش مێش میوانی نیە، تەنانەت بوێری بڕیاری دەرکردنی بارەگاکانی سوپای تورکیای نیە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ٤٠٠ هەزار موچەخۆری بەناو پێشمەرگەی هەیە کەچی توانای پاراستنی سنووری نیە، بەڵکو بەشێکیان لەگەڵ سەربازی تورک لەسەر یەک سفرە نان دەخۆن و لە بەرەکانی جەنگ بوونەتە چاوساغ.

ئەگەریش گرەوت لەسەر هەڵوێستی نێودەوڵەتی کردووە کە لە ریفڕاندم دژ بوون، بە دڵنیاییەوە بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵ ئەو چوار وڵاتە بە هەرێمی کوردستان ناگۆڕنەوە. هاوکات گرەوێکی بەتاڵە، چونکە پێش ریفڕاندم هەڵوێستیان روون و ئاشکرا بە لایەنی کوردستانی وتووە.

مەترسی هەرە گەورەی دوای ریفراندۆم، هەر لەدەست دانی خاک نەبوو، بەڵکو شەقبوونێکی گەورە لەنێوان پارتی و یەکێتی لەلایەک، پارتی و پەکەکە و لایەنەکانی تریشی لەگەڵ خۆی هێنا. بۆیە لام سەیرە دەنگێک دەبیستی کە پێیوایە کلیلی چارەسەر لای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییە، مەسعود بارزانی لەو ماوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، زیاد لە جارێک جاڕی چاکسازی لێدا، ئەنجامەکەش روونە کە نەکرا، ئەوەیشی گرەو لەسەر ئەوە دەکات پارتی دیموکراتی کوردستان کە لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتە، چاکسازی بکات، وەک ئەو کەسە وایە دەست بۆ ئەو چڵە دارە ببات تا ئەو نەیبات و نەیخنکێنێ!

بۆیە ئەوەی ئێستاش ڕوودەدات بەشێکە لە لێکەوتی ریفڕاندم، وەک ئەو یاریزانەی مشتەکۆڵ بە لێدانی یەکلاکەرەوە بکەوێتە سەر زەوی، ئەگەری هەڵسانەوەی یەکسانە بە سفڕ تا دیراسەی ئەو لێدانە نەکات و بوێرانە شان نەداتە پاڵی، هێشتا هیچ ئاماژەیەک نیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی