خیانەت و کوردایەتی

07/07/2020

بەیار عومەر

لە ساڵانی ٩٠ کاندا پارتی گومرگی ئیبراھیم خەلیلی بەدەستەوە بوو، چەندین کادری سیاسی و ئیعلامی حیزبی شیوعی و ھەندێک لەو حیزبانەی چەکداریان کەم بوو و پارتی فشاری لێدەکردن، بون بە پارتی.
لەم چەند ساڵەی دواییدا بەھۆی دەوڵەمەندبونی زیاتری پارتی و بنەماڵە بەرەنجامی دەستگرتن بەسەر داھاتی نەوت و گازدا، پارەیەکی بێشومار کەوتە دەستیان و توانای کڕینیان زیادی کرد. ئەمە وایکرد کە ئەم جارە دەستبدەنە کڕینی کادری باڵای حیزبە سەرەکیەکان کە خۆیان داناوە بۆ فرۆشتن.
سەرەنجام چەند کەسێک لە ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، و وەزیر و پەرلەمانتاری گۆڕان سەنگەریان گواستەوە بۆ ناوپارتی. ھەروەھا چەندین کادری ئیعلامی ھەردوولا سەنگەریان گواستەوە بۆ کەناڵەکانی ڕوداو و K24.


ئەمە چەند خەتای پارتیە کە خەلک وەک کاڵا سەیردەکات و کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکات، ئەوەندەش خەتای یەکێتی و گۆڕانە کە یان نەشارەزابوون لە ھەڵسەنگاندنی خەڵکدا و نەیانتوانیوە بەدواداچون بۆ کەسایەتی و ڕەگوڕیشەی ئەوانە بکەن کە پۆستیان دەدەنێ، یان بەپێچەوانەوە، بەدواداچونیان کردوە و خاڵی لاوازیان زانیون بۆیە پلەی باڵایان داونەتێ بۆ ئەوەی ملکەچ و گوێڕایەڵیان بن؟!


کەسێک کە بڕیای ملکەچبون و گیرفانپڕکردنی دا، دواجار لای ئەو حیزب و بنەماڵەیە دەگیرسێتەوە کە زۆرترین پارە و دەسەڵاتی لایە، کە لە کوردستاندا پارتی و بنەماڵەی بارزانیە. کەواتە ھەڵبژاردنی کادر بۆ پۆست لەسەر بنەمای ملکەچی و گوێڕایەلی ھەر ئەمەی لێدەکەوێتەوە کە دەیبینین.
بەڕای من نابێت تەنھا گلەیی لە ملکەچ و بەرژەوەندی پەرستەکان بکەین، دەبێت گلەیی لەوانە بکەین کە ئەم ملکەچانەیان بەدڵە و خستیاننە پلە و پۆستی باڵاوە و دواتر سەنگەریان گواستەوە بۆ ناو پارتی و ھێندەی تر متمانەی خەلکیان بە سیاسەت لەم دەڤەرە کاڵکردەوە. لە ھەموو وڵات و کۆمەڵگایەکدا خەلکی ملکەچ ھەیە بەڵام ھەرگیز پۆست و پلەی باڵایان پێنادرێت، چونکە گەندەڵی و بێمتمانەیی بڵاودەکەنەوە.


ئەوانەی سەنگەریان گواستۆتەوە، ھەوڵئەدەن لە پارتیە ڕەسەنەکان پارتی تر بن. لە خۆبردنە پێشەوە و ڕیاییدا بۆ بنەماڵەی بارزانی داھێنان دەکەن؛ بەجۆرێک کە ڕێگەی چونەپێشەوەی پارتیە ڕەسەنەکانیان زەحمەت کردوە.


ئەمانە ئێستا لە ھەولێر پاڵیانداوەتەوە و موچە و خانەنشینی خەیاڵی و خانو و زەویان لە شوێنە گرانەکانی ھەولێر وەرگرتوە، ئاگایان لەدۆخی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و پشدەر و بتوێن نیە. بە مەرجێک بە دەنگی خەلکی ئەم سنورە بون بە مەکتەب سیاسی و وەزیر و پەرلەمانتار.
کە کار دێتە سەرئەوەی خەلکی ئەم سنورە داوای مافی خۆیان بکەن و بیانەوێت فیدرالیەتی پارێزگاکان پەیڕەوبکەن و داھات و دەسەڵات وشکۆ بۆ ئەم سنورە بگەڕێننەوە، تازە پارتیەکان دەکەونە باسی کوردایەتی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان.


بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەمانەی نەیاتوانیوە یەک مۆڕال و یەک مەبدەئ و یەک ویژدان بن، ئەی ئێستا بە چ ڕویەکەوە داوای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەکەن. ئەوەی خیانەت لە خەلک و خاکێک بکات، چیتر مافی نیە قسە لەسەر ئایندەی بکات.
ئەوان لە سایەی ئەم دزی و تاڵانیەی ناوی نراوە کوردایەتی و سەربەخۆیی ئابوری، ژیان و گوزەرانێکی شاھانەیان بۆ خۆیان و کەسوکاریان لە ھەولێری پایتەخت فەراھەم کردوە، خراپی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەلکی ئەم سنورە بۆ ئەوان ھیچ نرخ و بەهایەکی نەماوە.


ئێستا لە بازگەکانی پارتی ھەر کەسێک ناسنامەی پارێزگای سلێمانی پێبێت لە دێگەڵە ناھێڵن داخڵی ھەولێر بێت و دەیگێڕنەوە. ئەمەیان پارچەکردنی ئەو کیانە نیە کە گوایە بەلای تازە پارتیەکانەوە پیرۆزە. کەواتە بۆ لە ئاست ئەم زوڵم و پارچەکردنەی ھەرێمدا بەدەستی پارتی بێدەنگن؟!!
ئەگەر دیقەت بدەین لە کاتی ئاڵۆزبونی کێشەی نێوان پارتی و حیزبەکانی تر و دەستپێکردنی شەڕی ئیعلامی، ھەرگیز بارزانیەک یان پارتیەکی ڕەسەنمان نەبینی بێتە سەر تیڤی و شەڕە جوێن بکات و سوکایەتی بە حیزبەکانی تر و خەلکی ئەم دەڤەرە بکات. بەڵکو تەنھا تازە پارتیەکانن ھەڵدەستن بەو کارە.


جێی تێڕامانە کەسانێک ڕویانبێت و ماف بەخۆیان بدەن قسە لەسەر چارەنوسی خەلک و خاکێک بکەن کە پێشتر خیانتیان لێکردوە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ئەوەیە کە خەلکی ئەم سنورە بڕیاریدا، ھیچ ھێز و تەوژمێک ناتوانێت ڕایبوەستێنێت، چجای ئەو کەسانەی لە شەرمەزاریدا ڕویان نایەت ڕوبکەنەوە ئەم سنورە.
پارتی لەسەر ئەرزی واقع خەلکی کوردستانیان لەیەک دابڕاندوە و خاکیان پارچەپارچە کردوە؛ کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و تەنانەت دادگا و ئابوریان کردوە بە دوو پارچەوە. لە هەموو ڕویەکەوە وڵاتەکەیان کردوە بە دوو زۆنەوە. ئەوەی لەم زۆنەدا ئیش بکات ناهێڵن لە زۆنی زەردا ئیشبکات. بەپراکتیک میلەتەکە و حکومەت و دامودەزگاکانیان کردوە بە دوو بەشەوە، بەڵام لە ڕوکەش و ڕواڵەتدا باسی یەکپارچەیی خاکی ھەرێم و یەکڕیزی حیزبەکان دەکەن.


پارتی بە عەمەلی ٥٠ ساڵە ئیش بۆ ئەم پارچەکردنە دەکات، لە دوای ڕاپەڕینیش لەسەر ئاستی ئیدارە و حکومڕانی کاری بۆ دەکات. ئێستاش کە دەسەڵات ھەموی لای پارتیە، کەس ناتوانێت ڕێگری لەم پارچەکردنە بکات.


تەنها چارەسەر بۆ ڕێککردنەوەی ئەم دۆخە پەیڕەوکردنی فیدرالەیتی پارێزگاکانە بەپێی دەستوری عێراق کە بە دەنگ و ڕەزامەندی کورد تێپەڕیوە.
هەرێمی سلێمانی دەسەڵاتەکە دەکات بە دوو بەش، بەڵام ھەنگاوێک دەبێت بۆیەکبون و کۆکردنەوەی میلەتەکەمان لە ئایندەدا. ھەمو ئەزمونەکانی فیدرالیش لە جیھاندا بۆ یەکبونی میللەتان بوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی