سیستەمی تەندروستی‌و دەرچوانی پزیشكی ۲٠۲٠

09/07/2020

توانا قادر برایم

نازانم بڵێم پیرۆزە یان بەخۆتان خۆش؟ 
دوای دەرچوونی پۆلێكی تر لە هاوپیشە بەڕێزەكان بە سەركەوتوویی دەبینم پیرۆزباییان لێ دەكرێ، بەس تێناگەم پیرۆزبایی لە چی؟ دوای بەلانی كەم ۱۸ ساڵ لە خوێندن و ماندووبون و شەونخونی بگرە لە سیستەمێكی وا كۆنی كلاسیكیش شوێنیان نابێتەوەو دەبێ یان لە ماڵەوە دانیشن، یان لە شوێنێك بە تكاو ڕجای زۆر وەك بەردەست بتوانن كار بكەن، یانیش دەبێ پەنا بۆ كارێك لە دەرەوەی پیشەكەی خۆیان ببەن بۆ بژێوی ژیانیان. هەموو ئەمانە ناكا مومارەسەی پیشەكەی خۆیان و زۆر جاریش ئەمە دەبێتە هۆی دابڕان لە پیشەكەی خۆیان لەلایەن زۆر لە دكتۆرە تازە پێگەیشتووەكان.

لێرە دەمەوێ تەنها ڕەخنە لە سیستەمەكەو حكومەت و یاسا كلاسیكیەكانی پەرلەمان نەگرم كە ئەوان هۆكاری یەكەمی بەرهەمهێنانی ئەو سیستەمە خراپەن. من پێم وایە ئێمەی دكتۆرو سەندیكاو زانكۆكانیش بەشێكین لە دروستبوونی سیستەمێكی ئاوا خراپ. 

دكتۆری ددان هەیە لەیەك كاتدا ٥ تا ٦ بەرپرسیارێتی هەیە و زۆریش لای ئەسایەو هەموو حەقێكیش بەخۆی دەدا لەكاتێكدا بە سەدان هاوپیشەی خۆی بێ كارن. سەندیكا تا ئێستا نەیتوانیە تواناكانی چڕكاتەوەو تەنها ئەو یاسایە كۆنەی پەرلەمانیش بگۆڕێ و ڕێنمایی دروست دەربكا كە ئەوانەی ئێستا بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو سەردەمەی ئێستا ناگونجێ. خۆپیشاندانێك لەبەر دەرگای سەندیكا بۆ دامەزراندن قووڵكردنەوەو بەردەوامی كێشەكانە چونكە ئەی دوای دامەزراندنی ئەو وەجبە پزیشكە چی دەكەی؟ زانكۆكانیشمان لەو پەڕی بێ پلانی ساڵانە دكتۆر دروست دەكەن بێ ئەوەی ئاگایان لەهیچ ڕێژەی پێویستی دكتۆر بێ لەناو كۆمەڵگا.

لەلایەكی دیكەوە ئەوەی دەیبینین لەكەرتی گشتی بەفیڕۆدانی بودجەیەكی زۆر بۆ كوالیتیێكی خراپ كەزۆری خەڵك ناتوانن سوودمەندبن لێی. ئەوەی لە كەرتی تایبەتیش هەیە بەجۆرێك بێ سەروبەرە بگرە خۆشمان سەری لێدەرناكەین. 

ڕێكخستنەوەو دروستكردنی سیستەمێكی نوێی پزیشكی ئاسان نیە بەڵام مەحاڵیش نیە. دەبێ پڕۆژەیەكی تۆكمە لەلایەن هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادە بكرێ و جێ بەجێ بكرێ. 

تاكە هیواو تاكە چارەسەر گۆڕین و چاككردنی ڕیشەیی سیستەمی تەندروستیە بە تێكڕا، نەك بەس تەنها سیستەمی تەندروستی پزیشكی ددان. 

لەكۆتایش بەناچاری هەر دەبێ بڵێین پیرۆزە و بەهیوای دوواڕۆژێكی پڕشنگدارو خزمەتی زۆرو باشی كۆمەڵگا.

توانا قادر برایم

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی