باشە گریمان پەكەكە نییە

09/07/2020

لەتیف فاتیح فەرەج

بۆ خوێنەوارێكی كورد كێماسی و كەم و كورتیە ، بڵێت خەتای پەكەكەیە ، توركیا لە باشوری كوردستانی گیر كردووە ، چەند ناشرینە كاتێك قسەی مرۆڤ دەبێتە جۆرێك لە بیانوو هێنانەوە بۆ دوژمنەكەی ، توركیا لە سەردەمی عوسمانیەوە كوشت و بڕی كورد دەكات ، رۆژێك هەمەوەندەكان دور دەخاتەوە بۆ بەنغازی ، رۆژێك پەلاماری سلێمانی ئەدات و داری لە سەر بەردی ناهێڵێت ، تەنانەت لە كاتی شكست و راكردنیشا دەستی لە كورد نەپارستوە ، چەند نەنگیە خوێنەوارو مامۆستای زانكۆو لەو بابەتە بڵێن پەكەكە هۆیەكە بۆ ئەو كەڵەگابوونەی توركیا ، لە كاتێكا پێچەوانەكەی ئەو قسەیە راستەو پەكەكە لە كەڵەگایەتی و دڕندەیی توركیای كەمكردوەتەوەو بووە بە لەمپەر لە بەردەم قەپاڵ و گازەكانیدا ، هەر چامەكەی نالی و سالم بەسن بۆ تێگەیشتن لە عوسمانیەكان و توركیا ، ئەرك بكێشن سەیری دیوانەكەی فەقێ قادری هەمەوەند بكەن بزانن ئەم توركانە چین ، كە پەكەكەش نەبوو سوڵتانە خوێن رێژو دڕندەكانی عوسمانی هەر وەسا بوون ، كە پەكەكەش نەبوو ئەتاتورك هەر دەیگوت " بەختەوەر ئەو كەسەیە بڵێ توركم " ، توركیا دەسەڵاتدارانی توركیا ئیسلامی بن ، یان عەلمانی  هەمان دڕندەو بڕندەی گیانی خەڵكی سڤیلی كوردستانن .

هەموو بیانوو هێنانەوەیەك بۆ توركیا خیانەتە ، ئەوەتا دیموكرات و كۆمەڵە زیاتر لە 25 ساڵە نایانەوێت هیچ جۆرە بشێویەك لە دژی ئێران دروست بكەن بۆ پاراستنی ئەمەی هەیە ، بەڵام ئێران یەكجار ئەوەی لە بەر چاو نەگرت و دوو سێ جاریش زۆر دڕندانە پەلاماری بارەگاكانی دیموكراتی دا لە كۆیەو شەهیدو برینداریش هەبوون ، یانی ئەگەر بەیانی پەكەكە چەك دابنات، قەندیل و هەفتانین و شیلادزێ و بادینان و زۆر شوێنە دیكە چۆڵ بكات توركیا دا ئەساكێ ، ئەگەر جاران ئەتاتورك وتویەتی بەختەوەر ئەو كەسەیە بڵێت توركم بۆ ئەردۆغان بەختەوەر ئەو كوردیە خۆ فرۆش بێت ، خۆ سەرۆك شارەوانیەكان بە هەڵبژاردن دەیبەنەوە ، خۆ هەدەپ بە هەڵبژاردن دەچێتە پارلەمانی توركیاوە ، دەبینن حكومەت و ئاكەپە چی بەوان دەكەن ، باشە گریمان پەكەكە هەر نەما ئەو دەم چی دەبێت ،  كەس ئەو پرسیارەی كردووە ، ئاكەپە و توركیا سەرەتا كوردی دژ دەكوژن و دواتر كوردی لەگەڵ ، بڕۆن مێژوو بخوێننەوە ، ناكرێت مرۆڤ خۆی باوێتە باوشی ئاكەپەوەو خۆیشی بە خوێنەوارو ئاگاداری دیرۆك بزانێت ، لە راستیدا جاش بوون بۆ دوژمن هەر ئەوەنیە قورو چی بیت و بەچەكەوە پەلاماری ئازادیخوازان بدەیت ، جاشێتی جۆری زۆرە ، جاش دەم ، جاش رەوشت ، جاش رەفتارو تا دوای ، چەند نەنگیە مرۆڤ یەكێك بێت لەمانە .

فەقێ قادری هەمەوەند سەت ساڵ زیاتر لەمەوبەر دەڵێت :
وەسیەتم ئێدەن جەلای خاس و عام 
بە توركان هەرگیز مەواچوون ئیسلام 
نەسەرف ئینساف نەمەیل مروەت 
نەهەن جەلاشان زەڕێ مەرحەمەت

لەتیف فاتیح فەرەج 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی