هەرێمی کوردستان لە نێوان ململانێ و ئیفلاسی سیاسیدا؟

26/07/2020

جەمال پیرە


لە کاتێکدا بارودۆخی سیاسی و ئابووری ناوچەکە بە گشتی بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت و هەموو لایەك چاوەڕوانی ئەوەیە گۆڕانکارییەکی ریشەیی رووبدات، بە تاسەوە چاودێری هەواڵەکان دەکرێت، کە تا ئێستایش هیچ سەرەداوێك لەو بارەیەوە نەدۆزراوەتەوە، ئاماژەیەکمان پێبدات و دڵنیابینەوە لە ئایندە و بەرچاومان روون بکات.
لە کاتێکدا بارودۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر روو لە خراپیی دەکات، گرفتی دارایی بەرۆکی حکومەتی گرتووە و ناتوانێت کێشەی مووچە چارەسەر بکات، هەروەها کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا  کەڵەکە دەبن و بە هەڵپەسێردراویی ماونەتەوە، بگرە ماوە ماوە ئاڵۆزی دەکەوێتە نێوانیانەوە. لەلایەکی تریش وەک دەبینین لەشکری تورك هاتووەتە ناو بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستان، تا دێت ململانێ و کێشەکانی ناوچەکە قووڵتر دەبنەوە و ئەگەرەکانی هەڵگیرساندنی شەڕ و ماڵوێرانکاریی و ناکۆکی چەکداریی زیاد دەبن، ململانێی نێوان لایەنە کوردییە جێبەجێکار و کاربەدەستەکان توندتر دەبێت.

ئەو ململانێیەی کە بەمدواییانە ئاراستە و ئامرازەکانی خۆی گۆڕی و توندتر دەردەکەوێت، بە جۆرێك ترس و دڵەڕاوکێ دەخاتە دڵی خەڵکەوە! لایەنە بەرپرسەکان گۆڕەپانی سەکۆی راگەیاندنەکان و دیوار و لاپەڕەکانی سۆشیاڵ مێدیایان گۆڕی و کردیان بەرووبەری دووبەرەکی و یەکترشکاندن، و یەکلاکردنەوەی حساباتی سیاسی و ئامرازی جنێودان و سوکایەتیکردن و هەڕەشەکردن لە نێوان لایەنگرانی پارتە ململانێکارەکانەوە!


ئەوەتا ئەوەی ئێستا لە سۆشیال مێدیا لە نێوان هەندێك لە کادیر و هەوادارانی حزبەکان (بەتایبەتی پارتی و یەکێتیی) روودەدات پێی ناوترێت ململانێی سیاسی، بە جۆرێك لە جۆرەکان ئاماژەیەکی روون و ئاشکرایە بۆ ئیفلاسی سیاسی، بێجگە لەوەی هەوڵێکی دیکەیە بۆ خۆدزینەوە لە چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵك، بەتایبەت کە ئێستا لەوپەڕی خراپیدایە و لەسەر لێواری تەقینەوەیە!


ئەو شەڕە جنێوەی ماوەیەکە لە نێوان ئەندامانی زۆربەی لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، بەتایبەتیش ئەوەی ئێستا لە نێوان کادیرانی پارتی و یەکێتیدا هەڵگیرساوە، هیچ نییە، بێجگە لە سوکایەتیکردن بە خەڵكی کوردستان و بێئومێدکردنیان! 


پێدەچێت ئامانجی خوڵقاندن و هێنانەکایەی ئەم ململانێیانە بەتەنها بریتی نەبن لە دۆزینەوەی ئیش بۆ ئەو کادیرانەیان کە ساڵەهای ساڵە مووچەی بەلاشیان بۆ بڕاوەتەوە و ئیمتیازی جۆراوجۆریان هەیە! بگرە لەوانەیە ئامانجەکە توندکردنی گرژیی بێت تا دەگاتە ڕوبوونەوەی کراوە لە نێوانیاندا، بە جۆرێك هەر لایەك  پێیوایە تێیدا سەرکەوتوو دەبێت و مەرجەکانی خۆی دەسەپێنێت!
سەیر لەوەدایە کە دەبینین گەرموگوڕییەکی زۆر لەو هەوادار و کادیرانە بەدیدەکرێت کە بڕیاریانداوە ئەو شەڕە بکەن، ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر ترسناکە و پێمان دەڵێت، ئەوان هیچ سوودێکیان لە رابردوو وەرنەگرتووە و ئامادەن هەر کاتێك بەرپرسەکانیان داوایان لێبکەن شەڕە گەورەکەی براکوژی هەڵگیرسێننەوە! لە راستیدا ئەوان نازانن، مێژوو رەحم بەوانە ناکات کە سوود لە رابردوو وەرناگرن!.


زۆربەی ئاماژەکان پێمان دەڵێن کادیرەکانی هەردوو حزب دەیانەوێت ململانێکان بگەڕێننەوە بۆ دۆخی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ئەمەش سەرەتا لە شەڕی راگەیاندنی نێوان هەردوولاوە دەستیپێکردووە، کە ترس و دڵەڕاوکیی لە شەقامدا هێناوەتە ئاراوە، ترسی ئەوەی ناکۆکییەکان گەورە بن و بگەنە ئاستی روبەڕوبوونەوە و شەڕ و پێکدادانی ناوخۆ.
پێدەچێت، گەرموگوڕیی ئەو شەڕەی سۆشیال مێدیا بۆ دوو هۆکاری سەرەکی بگەڕێتەوە، یەکەمیان تێکدانی ئەو کۆبوونەوەیە کە بڕیاری لەسەردراوە لەو چەند رۆژەدا لە هەولێر ئەنجامبدرێت، دووهەمیشیان لەوانەیە فشارەکانی بەغدا و پرسی وەرگرتنەوەی سەرچاوە داراییەکان و گومرگ و دۆسییەی نەوت، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پاڵنەرێك بێت بۆ ئەوەی ئەو شەڕە ناشرین و بێ مانایە هەڵگیرسێت!
بەڕاستی شەرمە دەیان هەزار خێزان بەهۆی خراپی دۆخەکەوە بەدەست هەژارییەوە بناڵێنن، لایەنە سیاسییەکانیش خەریکی سوکایەتیکردن و جنێودان بن، هەموو لایەکیش دەزانێت پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن جنێو بە یەکتر بدەن!


بە هەموو توانایەکیانەوە هەوڵدەدەن خەڵك ئاگای لە کەموکورییە ئیدارییەکان و شکستە ئابوورییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان نەمێنێت، بگرە دەیانەوێت تا دەتوانن زۆرترین کەس بخزێننە ناو ئەو ململانێیانەی کە دەبنە هۆی ئەوەی خەڵك بیر لە داواکاری و پێداویستییە سەرەکییەکانی نەکاتەوە!


لێرەدا دەبێ بوترێت هاوکات راستییەکی روون و ئاشکرا هەیە هەردوو حزبی ناوبراو لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا شەریکی یەکترن و چەندین ساڵە بوونیان وابەستەیە بە بەرژەوەندییە حزبییەکان و ئەو شەراکەتەی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان خۆیاندا بونیادنراوە، هەردوو حزبەکە ئەگەر مەبەستیانە ململانێی سیاسی بکەن، - هەڵبەتە ئەگەر کاتی پێویست بەدەستەوەمابێت و هیچ گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو روونەدات- دەبێت بە چەکی نوێ و سەردەمییانە ئەو ململانێیە بکەن، نەك پەناببەنە بەر هەمان دروشم و گوتار و دەموچاوە کۆنەکانیان، دۆخەکە ئەوەندە ناخۆش بکەن تا لێواری دۆزەخی ببەن! 

کاتەکە زۆری نەماوە و خەریکە بەسەردەچێت، دەبێ لێرەوە هەردوو حزبی شەریك بە هەڵوێستەکانیاندا بچنەوە و بیر لە ژیانی گەلی کوردستان بکەنەوە و واز لە ململانێ حزبییەکان و شەڕی راگەیاندن بهێنن کە خەریکە گەرمی دەکەن، ئەگەرنا دەکەونە بەردەم چارەنووسێکی نادیار و کۆتاییهاتنێکی حەتمی، دوای کەڵەکەبوونی زنجیرە شکستەکان لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی