سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەرامبەر هەرێمی كوردستان

26/07/2020

پ.ی.د.رەعد رەفعەت

یەكەم: مێژوی پەیوەندیەكانی كورد وئەمریكا:
پێش هەر شتێك، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە پلەی یەكەم بەرژوەندیی نیشتمانیی ئەمریكا دیاری دەكات ولەرۆژهەڵاتی ناوەراستیش پاراستنی ئیسرائیلە‌، ئەمەش لە ستراتیژییەت ‌و ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەیدا ڕەنگی داوەتەوە. لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت پەیوەندیی كوردی-ئەمریكی، پەیوەستە بە هەمان سیاسەتی دەرەكیی ئەمریكاوە. 
بەپێی هەڵوێست وبەڵگەنامە ئاشكراكراوەكان، ئەمریكا لە قۆناغی جەنگی سارد، نەیویستوە خۆی لەكێشەی كورد بگلێنی وزیاتر پشتیوانی ئەو دەوڵەتانە بوە كەكوردیان بەسەر دابەشكراوە. سیاسەتی ئەمریكا لە ماوەی ساڵانی شەست‌ ‌و حەفتاكانی سەدەی ڕابردو، شاڵاوەكانی ئەنفال، ‌وكیمیابارانی هەڵەبجە لە كۆتاییی هەشتاكان، بێلایەنی‌ ‌و بێدەنگیی هەڵبژاردووە ولە باشترین حاڵەتیشدا پێیان وابووە ئەمانە كێشەی ناوخۆیین‌ ‌ودەبێت لە ناوخۆ ‌و لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بكرێن. 

زۆربەی گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان بەرهەمی هەڵوێست ‌و دژكردەوەی نێوان زلهێزەكانە وهەر ئەوانیش رێوشوێن ‌و چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتی دادەڕێژن. هاوبەوشی ‌و هاوتەریببوونی بەرژەوەندیی كورد لەگەڵ ئەمریكا، پرسی كوردانی عێراقی لە ئاستی ناوچە‌كە و سیستەمی نێودەوڵەتیدا، بۆ یەكەمجار بە شێوەیەكی جیدی، هێنایە گۆڕێ‌.
زۆرتربونی بەرژوەندیی نیشتمانیی ئەمریكا، لە دوای ڕووخانی یەكێتیی سۆڤیەت‌ ‌و دەستێوەردانی سیاسیی ڕاستەخۆی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە ڕێگه‌ی جەنگی كەنداو ‌و بەكارهێنانی هێز لە لایەن ئەمریكاوە، نیشانەی سەردەمێكی نوێ بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا. لەم نێوەندەیشدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵەكانی پشتگیریی خۆی بۆ گەلی كورد دەرخست. (الكرد والسیاسە الخارجیە اڵامریكیە: العلاقات الدولیە فی الشرق اڵاوسگ منژ العام 1945، ماریانا خاروداكی) (ئەم كتێبە نامەی دكتۆرای خاتوو "ماریانا خارونتاكی"یە، كە لە پەیمانگه‌ی لێكۆڵینەوەی عەرەبی و ئیسلامیی زانكۆی ئێكستەر لە وڵاتی شانشینی یەكگرتووی بریتانیا لە ساڵی 2006دا بەدەستی هێناوە).

ئەمریكا پشتگیریی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991ی كرد، لە هەمان كاتدا كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی كەوتە جووڵە و بە هاوكاریی ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا ناوچەی دژەفڕین ‌و پەناگەی ئارام بۆ كورد فەراهەم كرا و بڕیاری ژمارە 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی كورد و هەرێمی كوردستان دەرچوو.
پەیوەندییەكانی كورد و ئەمریكا، گه‌یشته‌ ئاستێكی زۆر باڵا؛ كاتێك هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق لە لایەن هێزی هاوپەیمانانەوە كە ئەمریكا ڕێبەرایەتیی دەكرد، ڕاگەیاند. ئەم هەڵوێستەی هەرێمی كوردستان لە جەنگی دژی عێراق، ئەو بڕوایەی لە لای ئیدارەی ئەوكاتی ئەمریكا دروست كرد، كە دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆزێكی زیندو وكاریگەرە وپێویستە لەبەرچاو بگیرێت.
هاتنی داعش لە ساڵی 2014 بووە هۆی كرانەوەی زیاتری ئەمریكا بەرامبەر بە كوردی عێراق بۆ ئەوەی وەك هاوپەیمانێكی نا دەوڵەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بناسرێت.

دوەم: پشتیوانی قەوارەی هەرێم لەلایەن ئەمریكا:
ئێستا ئەمریكا زیاتر لە هەر كاتێكی تر، پشتیوانی قەوارەی هەرێمی كوردستانە لەناو عێراقێكی یەكگرتوی فیدڕاڵ؛ هەر ئەم سیاسەتەشی وای كرد دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم بوەستێتەوە بەتوندی وبەڵێنی داهاتویەكی بەهێز وسەربەخۆیی بەهەرێم بدات ئەگەر هاتوو پاشگەزبنەوە لە پرۆسەی ریفراندۆم. (بڕوانە نامەكەی ریكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە 23/9/2017).
هۆكارەكانی ئەم پشتیوانەیە لە ناو عێراقدا، دەگەڕێتەوە بۆ:
1- لەسایەی دەستێوەردانی روسیا وتوركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا ئەمریكا دۆستی راستەقینەی لە ناوچەكە نەماوە (توركیا، میسر، تونس، لیبیا، یەمەن)، بەڵكو دوژمنەكانی زیاتر ودڕتربونە بەرامبەری (ئێران، سوریا، باڵی شیعەی عێراق)؛ هەربۆیە پێویستی بە بەدیلی ئەوانە هەیە ئەگەر هاتو شوێنگرەكانیشیان بچوكتر ولاوازتریش بێت!
2- پێویستە هەرێمی كوردستان رۆڵی هەبێت لە راستكردنەوەی باری لاری ئەمریكا لە عێراق بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی لە ناوچەكە وكۆنترۆڵكردنی جڵەوی عێراق لەرێگای كوردەوە. یان لەكاتی لەدەستچونی تەواوی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە، هەرێمی كوردستان پلانی B ئەمریكایە ودەبێتە شوێنێكی ئارام بۆی لە ناوچەكەدا. (پەیمانگای واشنتن، مایكل نایتس)
3- ئەمریكا پێویستی بە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ بەرپاكردنی ناسەقامگیری لە وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، سوریا، توركیا، عێراق) ئەگەر هاتوو بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆلی دەرچون. (بڕوانە: ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟، بریان ڕۆبەرت گیبسن، وەرگێران: شەفیقی حاجی خدر)

سێیەم: پێویستە بگوترێ: سایكس بیكۆ ویاسا وسیاسەتی نێودەوڵەتی وئەجێندای ئیقلیمی دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردین، بەڵام ئەمریكا وهاوپەیمانانی پشتگیریەكی توندی مانەوە وگەشەی هەرێمی كوردستانن لەناو عێراقدا. ئەمە جگە لە دەستوری عێراق، كە قەوارەی هەرێمی پاراستوە لەهەر گۆڕانكاریەك، یان كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی. بەڵام سەرچاوەی مەترسی راستەقینە بۆسەر هەرێم لە دو لاوە دێت:
1- ناوخۆ: بەهۆی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ وسەركێشەی حوكمی كوردستان دەكات.
2- دەرەكی: بەهۆی تەماعەكانی وڵاتی توركیایە لەسەر هەرێم و ویلایەتی موسڵ.
بێگومان ئەو پشتگیریكردنەی هەرێمی كوردستان، قەت یەكسان نیە بە پشتگیریكردنی خودی دەسەڵاتدارانی هەرێم. بەڵكو دو بۆچونی دژ بەیەك هەیە لەسەر ئەم بابەتە، كە هەردوكیان هەڵەن:
بۆچونی یەكەم: گوایە ئەمریكا وهاوپەیمانان پشتیوانی تەواوی دەسەڵاتدارانی هەرێمن وحزبەكانی دەسەڵات راستەوخۆ سەر بە ئەمریكان ورێنمایی لە ئەوان وەردەگرن وكار بۆ بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا دەكەن. ئەم بۆچونە زۆر سودی هەبوە بۆ حزبەكانی دەسەڵاتی هەرێم وهەردەم رەواجیان پێداوە.
بەدرێژایی مێژوی هاوچەرخ، سیستەمە گەندەڵ ودیكتاتۆرەكارەكان سودیان لەو بۆچونە وەرگرتوە بەتایبەت ئەگەر گەلەكەیان رۆشنبیری سیاسیان لاوازبێت. بۆنمونە لە میسر، حوسنی موبارەك بە پیاوی ئەمریكا لە ناوچەكە لەقەڵەم دەدرا، كەچی ئۆباما لە 5/2/2011 بەراشكاوانە بە حوستی موبارەكی گوت: "پێویستە گوێڕایەڵی داواكاری گەلەكەت بیت لە وازهێنان لە دەسەڵات وشێوازە كۆنەكانی حوكمڕانی پێشوترت بەكەڵكی ئەم قۆناغە نایەت".
بەڵام لە خۆپیشاندانەكانی میسر دژی مورسی، ئۆباما تەنها دو رۆژ پێش كودەتا سەربازیەكەی پشتیوانی خۆی بەپەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مورسی ئیخوانی ئیسلامی راگەیاند بە وتنی: ئەمریكا پابەندە بە پرۆسەی سیاسی میسر وئێمە پاڵپشتی هیچ حزب وگروپێكی دیاریكراو ناكەین". لەوەش زیاتر، هەفتەیەك پێش كودەتاكەی سیسی، ئۆباما، تشاك هیگلی وەزیری بەرگری ئەمریكای راسپارد كە هۆشداری بدات بە سیسی لەهەر كودەتایەكی سەربازی.
لە كوردستانیش نمونەی زیندوی بەڵگەی هەڵەی ئەم بۆچونە هەیە، ئەویش كاتێك ئەمریكا كاك مەسعود بارزانی بەبڕیارێك لەسەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێم لادا –دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم-  ودواتر پرۆسەكە بەیاسایی كرا لەلایەن پەرلەمانی كوردستان. لەوەش زیاتر، هیزەر نویت وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریكا لە 31/10/2017 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "ئەمریكا چاوی لەوەیە هەموو لایەنە كوردیەكان، پشتگیری حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی وقوباد تاڵەبانی بكەن تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018". بەڵام بەداخەوە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەوكات لەم لێدوانە تێنەگەیشتن، یان نەیانویست تێبگەن كە مانەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم تا هەڵبژاردنی 2018 یە، بۆیە پێویستە خۆیان باش ئامادە بكەن وداوای هەڵبژاردنێكی پاكوبێگەرد بكەن ودانوستان وفشار بكەنە سەر ئەمریكا وحكومەتی عێراقی بۆ ئەم مەبەستە؛ چونكە حزبەكانی دەسەڵات لەو قۆناغەدا لەوپەڕی بێ هێزیاندابون.
بۆچونی دوەم: ئەمریكا ئاگای لە گەندەڵی حزبەكانی دەسەڵاتە وبێزاربوە لە چۆنیەتی ئیدارەدانی هەرێم لەلایەن ئەو سەركردانە ومتمانەی لەدەستداوە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پارەكانی دەرەوەیان بلۆك دەكرێت، ناویان كراوەتە لیستی رەشەوە لەلایەن ئەمریكا وهاوپەیمانانەوە؛ بۆیە لەناوچون وگۆڕینیان زۆر نزیك بۆتەوە. 
ئەم بۆچونە هەرچەندە لەنزیك مەودا ورەی خەڵك بەرزدەكاتە وترسی دەزگا ئەمنیەكان لەدڵی جەماوەر كەم دەكاتەوە، بەڵام لە دور مەودا، خزمەتێكی زۆری دەسەڵات دەكات، بەوەی خەڵك دەستەوەستان دادەنیشن وهیچ هەوڵێكی گۆڕانكاری نادەن وچاویان لەدەستی دەرەكی دەبێت. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر، جەماوەرێكی فراوان بێ هیوادەبن لە گۆڕانكاری؛ چونكە وای بۆچونە كە ئەمریكا ئەم دەسەڵاتەیان بۆ دەگۆڕێت، كەچی پێچەوانەكەی دەبینن لە سەردانی گەورە بەرپرسانی ئەمریكا وهاوپەیمانان بۆ سەركردەكانیان وراگەیاندنی پاڵپشتی سیاسی وهاوكاری مادی بۆیان.
هەربۆیە،پشتگیریكردنی ئەمریكا بۆ قەوارەی هەرێم مانای پشتگیریكردنی دەسەڵاتدارەكانی نیە. هەروەها بەمانای دژایەتكردنی دەسەڵاتیش نایەت، بەڵكو ئەمریكا كێ لەسەر كورسی دەسەڵات بێت لەكوردستان، مامەڵەی لەگەڵ دەكات ئەگەر دژی بەرژەوەندیەكانی نەجوڵایەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی