خۆکوشتن و خۆسوتاندن

27/07/2020

دانا ھەڵەبجەیی

خۆکۆتایی پێھێنان لە دیاردەیەکی کەسیەتی و کۆمەڵایەتییەوە ئەکرێتە ھەنگاو و پەرچەکرداری سیاسیی و پەیامی داخوازییەکی تاکیی و گشتی.
جاران لە کۆمەڵگە داخراوەکانی خێڵ و گوندەواردا، کچان و ژنان بە ناچاری پەنایان بۆ خۆسوتاندن  و خۆکوشتن  ئەبرد، لە ناچاری و نادادی  کۆمەڵگە و نەبوونی دەزگا و بنکەیەکی بەھاناچوون و ھاوکاریی کۆمەڵایەتی و یاساییدا.

بۆ توێژینەوەی ئەم بابەتە دەیان کتێبی دەرونناسی و دەرونشیکاری و کۆمەڵناسی بەر دیدم کەوتووە، لە ئەنجامدا بەم ئامانجانە گەیشتووم کە کەسی خۆسوتێنەر و خۆکوژ لەم خاڵ و ھۆکارانەدا چڕ ئەبنەوە:

* گەیشتن بە خاڵی كۆتایی و بنبەستی ڕێگا چارەکان.
* گەڕان بە دوای زیان گەیاندن بە بێھێزترین و بەردەستترین کەس کە خودی خۆ کوژەکە خۆیەتی.
* تۆڵە و جەرگبڕینی  نزیکان و ئازیزانی سەبەبکارانی کەسی خۆکوژ.
* پەرچەکردار و پەیامی خۆ کوژ بۆ کەسی ھۆکارمەند و ئەوی تری تایبەت.
* نەبوونی جۆش و خرۆشی بەگژاچوونەوەی ھۆکارمەند(المسبب) و نەخوێندنەوەی لۆژێکانەی دەوروبەر.
*ترسان لە دۆڕاندن و زیان گەیاندن لە ململانێ و جەنگی ھۆکارمەنددا.
* نەبوونی ھاوڕێ و ھاودەمی متمانەپێکراو و دەزگای تایبەتمەند.
* بچووک و کورتبینیی ھۆشیاری و شیکارکاری دۆخەکە.
* وا تێگەیشتن کە کۆتایی خۆی کۆتایی و چارەی کێشەکەیە.
* خۆ ڕگارکردن و خۆتەواوکردن لە فشاری دەروونیی و ھزریی و نائومێدی و دڵەخورپێییەکانی کە توشی خۆکوژ بوون.

ئەمانە  کورتکراوەی  ھۆکارەکانن، بەڵام لە کۆمەڵگەیەک کە بەھا و شکۆی مرۆڤی تیا سفرە، مرۆڤی تێدا ئامانج نییە، تەنیا وەک کارەساتێک و خورپەیەک خۆکوشتن کار ئەکات، نەک وەک وروژاندن و شۆڕشاندنی کەسەکان و ھێنانەدی ئامانج و ئومێدەکانی خۆکوژ.

ھەر بۆیە کاریگەری و ھۆکاری خۆکوشتن و خۆخنکاندن و خۆسوتاندن، لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان جیاوازی ھەیە.
ھەر بۆیە من پێم وایە ھەر کەسێک گەیشتە دۆخی خۆکوشتن، باشترە تەڕ و وشکی ھۆکارەکەی بسووتێنێت، نەک خودی خۆی؛ چونکە ھیچ خۆکوشتنێک ئازایەتی نییە و سەبەبکاریش ئەوەندەی تر لە سەر عەقڵییەتی خۆی و  ملھوڕی خۆی بەردەوام ئەبێت.

بە خۆکوشتن قەد نادادپەروەری نابێتە دادپەروەری...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی