ئەم پەرلەمانە بۆچی باشە؟

29/07/2020

لوقمان غەفوور

چونكە هیچ تی ڤی-یەكی كوردیم نییە، ئەوەی ئەیبینم چەند گرتەیەكە لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. ئەوەی لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر قسەكردنی نێو پەرلەمانتاراتی كوردستان ئەیبینم و بەراوردی ئەكەم بە دانیشتنەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران لە ئەمەریكا، تێمئەگەیەنێت كە كورد هێشتا فێری دیالۆگ نەبووە و لەوە دەچێت چەند سەدەیەكی تری بوێت. ئەم دەزگایە جێگەی گفتووگۆ نییە. رێگە نادرێت كەس رای خۆی بڵێت. شتی لاوەكی دەخزێنرێتە ناو بابەتەكانەوە. چونكە ئەم پەرلەمانە توانای چارەسەری هیچی نییە. پڕە لە هاتوو هاوار و غەڵبە غەڵب و دەنگ ناساز. كەواتە ئەم پەرلەمانە چییە و بۆچی باشە؟

یەكەم: ساڵی 2014، حزبێكی كوردی قسەی لەگەڵ كردم كە لەسەر لیستی حزبەكەیان خۆم بپاڵێوم. بەڵێنیشیدا كە ئەوپەڕی پشتگیریم بكەن بۆ سەركەوتن. وەڵامی من ئەوە بوو: ئێوە بۆ پشتگیری من ئەكەن؟ بۆئەوەی من لەو كاتەی كە ئەچمە پەرلەمان پشتگیری لەسیاسەتی حزبەكەی تۆ بكەم. كەواتە من ئەبم بەبەشێك لە ئەجێندای كارەكانی تۆ، ئیتر بوونی من لەوێ چییە؟ دواتر من چ شتێكی زیادەم پێدەكرێت لەوانەی پێش من كردویانە. بێگومان هیچ. پاشان ئێوە پێویستە بەشوێن خەڵكی تەشریعی و قانوونی-دا، بگەڕێن. منێكی رۆژنامەنووس بەس قسە ئەزانم، كە زۆرجار قسە لە پەرلەمان، زیانی زیاترە وەك لەسوود. كەواتە ئەم پەرلەمانە بۆچی باشە؟.

دووەم: ئەوانەی لەم پەرلەمانەن خۆیان ئەزانن هیچیان بۆ چارەسەر ناكرێت، زۆرجار بەناوی بایكۆت و ئەم دەستەواژە ستۆكانەوە خۆیان ئەكەن بە پاڵەوانی بەردەم میللەت. 

پرسیارێك: سەرۆكی پەرلەمان لە كوێیە و ئیشی چییە؟ بۆچی بووە بە سەرۆكی پەرلەمان، بۆ ئەوە نەبووە پەلەمان بكاتە رمبازێن و جۆشدانی كێشەی خەڵك! بەڵام خۆ ونكردن و خۆ دزینەوە نیشانەیە بۆئەوەی توانای چارەسەری یەك كێشەی خەڵكیان نییە. سەرۆكی پەرلەمان ئەبێت لەوە بگات بەبێ ئەویش پەرلەمان ئەڕوات بەرێوە. چونكە لەبنەڕەتدا دانیشتنەكان بۆ چارەسەی خەڵك نییە، بەڵكو بۆ هوتافدان و هاوار و خۆدەرخستنی حزبین. كەواتە ئەم پەرلەمانە بۆچی باشە؟

سێیەم: فەزای قسەكردن لەپەرلەمان و ئازادی قسەكردن. پەرلەمان بۆ ئەوەیە یاسای تێدا دەركرێت و كێشەی خەڵكی تێدا چارەسەركرێت. بەڵام چونكە نیەتەكە ئەوە نییە. لەهەموو دانیشتنێكدا دێڕێك و وتەیەكی پەرلەمانتارێك بابەتە سەرەكییەكە ئاوەژوو دەكاتەوە. ئەوەندەی پەرلەمانتاران خۆیان سەرقاڵدەكەن بەبابەتە لاوەكییەكەوە، ئەوەندە خۆیان سەرقاڵ ناكەن بەبابەتی سەرەكییەوە. 

بۆ نمونە: لە نوێترین دانیشتندا، پەرلەمانتارێك باسی لەوەكرد لە سەردەمی خەلیفەی موسڵمانانەوە گەندەڵی دەستی پێكردووە. گواستنەوەی ئەم قسەیە لە نوسەرێكی عەرەبەوە وای لەزۆر پەرلەمانتار كرد كە هات و هاواریان لێبەرزبێتەوە، لەكاتێكدا ئەوەی دیقەت بدەیت ئەوەندەی فۆكس خرایە سەر ئەو قسەیە لە ناو پەرلەمان و میدیادا، ئەوەندە فۆكس نەخرایە سەر كێشە سەرەكییەكە كە بژێوی ژیانی مووچەخۆرە، چونكە پەرلەمانتاران ئەزانن كە هیچیان پێ چارەسەر ناكرێت، بۆیە بابەتە سەرەكییەكە ئەكەن بەناو تونێلێكی تاریكدا و وتی ئەكەن. كەواتە ئەم پەرلەمانتارە بۆچی باشە؟

كۆتا: پێوستە حزبە سیاسییەكانی كوردستان، سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان بگۆڕن. دوای 28 ساڵ دەركەوتووە ئەم پەرلەمانە ناتوانێت دەورێكی تەشریعی باشی هەبێت. تەنانەت زۆرجار رۆڵەكەشی خراپە، لەكاتێكدا ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لەسەر گوزەرانی خەڵك دەكەوێت.

بۆ پڕكردنەوەی ئەم دەزگا زەبەلاحە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە دەستەیەكی تەشریعییە تا كاروبارە تەشریعییەكانی بۆ بەڕیوەبەرێت، كە راستەوخۆ سەر بە یەكێك لە دەزگا دادوەرییەكان یان تەنفیزییەكان بێت و دەستەكەش لە20 كەس تێپەڕ نەكات و نوێنەری نەتەوەو پێكهاتە ئاینییەكانی تری تێدا بێت. 

هەموو ئەو پارەیەی بۆ ئەو دەزگا تەشریعییە سەرفدەكرێت بخرێتەوە سەر بودجەی دەوڵەت. بەلای منەوە ئەمە گەورەترین گۆرانكارییە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا روودەدات.

لوقمان غەفوور

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی